راگەیەنراوێك لە حكومەتی هەرێمەوە لەسەر رەشنوسی بودجە

ھەرێمی کوردستان داوای ھەموارکردنەوەی ڕەشنووسی بودجەی فیدراڵی عێراق دەکات

 

دەقی راگەیێندراوەكەی حوکمەتی هەرێم:

 

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، ٦/١١/٢٠١٧ بە سەرۆكایەتیی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیران و بە ئامادەبونی بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەبارەی ڕەشنووسی یاسای بودجەی عیراقەوه بۆ ساڵی ٢٠١٨كۆبووەوە.

ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی كردەوە ڕەشنووسی ‌یاساكە كە دوێنێ یەكشەممە لەكۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ تاوتوێ كرا، چەندین ماددە و بڕگەی نادەستووری لەخۆی دەگرێت و بە ڕوونی ئەوەی لێ دەخوێندرێتەوە كەمەبەست لێی فەرامۆشكردنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی كوردستانە كە لە دەستووری عێراقدا وەك هەرێمێكی فیدراڵ دانی پێدا نراوه، نەك پارێزگاكانی باكووری عێراق وەك له ڕەشنووسەكەدا هاتووه، دەستووریش ڕێگەی به سنوورداركردن، یان كەمكردنەوەی دەسەڵاته دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان نەداوە.

 

ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەوه كردەوه كه حكوومەتی هەرێمی كوردستان دیالۆگ لەسەر بنەمای دەستووری عێراق به تاقه ڕیگەی چارەسەركردنی كێشەكان دەزانێت، جارێكی دیكهش ئامادەییی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ چارەسەركردنی هەموو كێشەكان لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی عێراق لەسەر بنەمای دەستوور دووپات كردەوه، چونكه پێی وایه و مێژووش سەلماندوویەتی كه بەكارهێنانی هێز و ڕێكاری سەربازی، ناتوانن هیچ كێشەیەك چارەسەر بكەن.

 

ئەنجومەنی وەزیران داوای كرد بەڕێز حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدراڵ كه ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ تەواوی دەسەڵاتی هەر دەستكاریكردن و هەمواركردنێكی ڕەشنووسی یاساكەی داوەتێ، تێبینییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر ڕەشنووسی یاسای بوودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٨ لەبەرچاو بگرێت، ئەو نادادپەروەرییەش له ڕەشنووسی بودجەدا هەڵبگرێت كه بەشی هەرێمی كوردستانی تەنها به%١٢،٦دەستنیشان كردووە، وێڕای ئەوەی تەرخانكراویش بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان به بەراورد لەگەڵ شایستەی داراییان بەپێی تۆماری بایۆمەتری، زۆر كەمتره و تەنانەت بەشی مووچهی تەنها پارێزگایەكی هەرێمی كوردستانیش ناكات.

 

 

Qadirzada.com © 2017. All rights reserved