حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە

 

 

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لەبارەی بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و پێشوازی لە ناوەڕۆکی بەیاننامەکە کرد.

 

ئەمەش دەقی ڕاگەیاندراوەکەیە:

راگه‌یه‌ندراوێک لە حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانەوە

ڕۆژی هەینی ٢٠ی١٠ی ٢٠١٧ وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بەیاننامەیەكی بە ناوی حكوومەتی ئەمەریكا لەبارەی بارودۆخی ناوچە كێشەلەسەرەكان و گرژی و پێكدادانەكانی نێوان پێشمەرگە و هێزەكانی عێراقی لە پردێ بڵاو كردووەتەوە و تێیدا بە مەبەستی ڕاگرتنی گرژییەكان، كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لەنێوان هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزەكانی عێراقی ڕووی داوە، هانی هەردوولا دەدات كە بكەونە گفتوگۆ.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ناوەڕۆكی بەیاننامەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا دەكات.

هەروەها پێشوازی لە دەستبەجێ ڕاگرتنی گرژی و پێكدادانەكانی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراقی لە ناوچە كێشە لەسەرەكان دەكات و ڕەزامەندیشە كە ڕاگرتنی شەڕ و گرژی بە هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراق و هێزی هاوپەیمانان ئەنجام بدرێت.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی چارەسەر كردنی كێشەكان پێشوازی لە دەستپێكردنی دانوساندن لەگەڵ بەغدا دەكات بە زووترین كات و لە چوارچێوەی دەستووری عێراقی و بە بێ هیچ پێش مەرجێك.

 

حكوومەتی هەرێمی كوردستان

٢١ی١٠ی٢٠١٧

 

Qadirzada.com © 2017. All rights reserved