لە هۆشیار عه‌بدوڵا وە بۆ قوباد تاڵه‌بانی‌

 

 نامەیەکی کراوە بۆ جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

 

هوشیار عه‌بدوڵا ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق له‌سه‌ر فراكسیۆنی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان نامه‌یه‌كی‌ بۆ قوباد تاڵه‌بانی‌ جێگری‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ناردو داوا ده‌كات ئەم پرسە لەگەڵ بانکی ناوەندی یەکلابکاتەوە و هیچ رێگریەکی بۆ دروست نەکرێ.

 

 

 

ده‌قی‌ نامه‌كه‌ی هۆشیار عەبدوڵا:

 

سەبارەت بە کردنەوەی لقی بانکی ناوەندی عێراقی لە شاری سلێمانی..

 نامەیەکی کراوە بۆ جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

 

بەرێز کاک قوباد تاڵەبانی:

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

دوای سڵاو و رێز

بابەت:هاوکاریتان بۆ کردنەوەی لقی سلێمانی بانکی ناوەندی عێراقی.

 

لە خولی رابردوی پەرلەمانی عیراق و ئەم خولەی ئێستاشدا یەکێک لەو مەلەفانەی وەک نوێنەرانی پارێزگای سلێمانی بەجدی کارمان لەسەرکردوە بریتیە لە کردنەوەی لقێکی بانکی ناوەندی عێراقی لە شاری سلێمانی.

بۆ خۆشبەختی لە دوا کۆبونەوەی فەرمیی نێوان لیژنەی دارایی پەرلەمان و بانکی ناوەندیدا،کە لە رۆژی ۲٦ی نۆڤەمبەری ۲٠۱۹ بەرێوەچو، بەرێز علی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق پێیراگەیاندین کە ئەوان رەزامەندیان لەسەرکردنەوەی ئەو لقە لە سلێمانی دەربریوە بۆ دەستکردن بە هەنگاوەکان پێویستیان بە داوایەکی نوسراو و فەرمی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە و چاوەرێی ئەو نوسراوەن.

بەو پێیەی لە ساڵی ۲٠٠٥ و یەکخستنەوەی ئیدارەوە،جێگری سەرۆک حکومەت لە پشکی یەکێتی وەک بەرپرسی یەکەمی ئیداری سنوری سلێمانی مامەڵە دەکات و کارەکان رادەپەرێنێ،ڕوی ئەو داوایەمان کردۆتە بەرێزتان.

لای هەمو لایەک ڕونە کە بانکی ناوەندی عێراقی کۆڵەکەی سەرەکی سیاسەتی ئابوری و سیاسەتی نەختینەیی عێراقە و بانکی بانکەکانە و بونی لقی ئەو بانکە لە هەر شارێک جەدوا و سودی ئابوری و دارایی بۆ حکومەت و کەرتی تایبەت و خەڵک بە گشتی هەیە.

لە حاڵەتێکدا ئەو داوا فەرمیە نوسراوەی حکومەتی هەرێم بگاتە دەستی بانکی ناوەندی ئەوان خۆیان تەلارێک بۆ ئەو بانکە لەسەر ئەو پارچە زەویە دروست دەکەن کە پارێزگا بۆیان دابین دەکات ئەوەش سودێکی تری عمرانی دەبێت بۆ سلێمانی.

 

بەرێز جێگری سەرۆکی حکومەت:

 

سلێمانی وەک زۆر بواری تر کێشەی نەبونی لق و بەشی زۆرێک لەو بانکانەی هەیە کە لە شارەکانی تری عێراقدا هەن ، ئەوەش لە زۆر روەوە گرفت بۆ سەرمایەداران و فەرمانبەران بەتایبەت فەرمانبەرە ئیتیحادیەکان دروست دەکا بێ بەشیان دەکا لە زۆر خزمەتگوزاری بەتایبەت(پێشینە و قەرز)،ئەو بوارە رەهەندی سیاسیی و ئابوری لە پەیوەست بەناوخۆی هەرێمدا زۆرە!لێرەدا نامەوێ باسیان بکەم بە هیوام لە دەرفەتی تردا ئەو گرفتانە رونبکەینەوە.

ئەگەرچی ئێمە وەک ئەندامانی کورد لە لیژنەی دارایی هەر هەمان رۆژی کۆبونەوەمان لەگەڵ بانکی مەرکەزی راگەیەندراوێکمان لەو بارەیەوە بڵاوکردەوە بەڵام تا ئێستا هیچ کەسێک لە حکومەتی هەرێم خۆی نەکردۆتە بەرپرسی ئەو مەلەفە،لەو چوارچیوەیەشدا ئەو نامەیەمان ئاراستەی بەرێزت کرد بۆ ئەوەی ئەو ئەرکە بگریتە ئەستۆ.

هیوادارام بە هەوڵی جەنابت و هەمو لایەک حکومەتی هەرێم بە زویی ئەم پرسە لەگەڵ بانکی ناوەندی یەکلابکاتەوە و هیچ رێگریەکی بۆ دروست نەکرێ،هەڵبەتە بۆ هەمان بابەت پێشتر قسەمان لەگەڵ بەرێز پارێزگاری سلێمانی کردوە و ئەوان ئامادەی هەمو هاوکاری و پشتیوانیەکن.

کردنەوەی لقی بانکی ناوەندی خزمەتێکی باش دەبێت بە سلێمانی،لەو ڕوەوە هەم چاوەڕێی هیمەت و هەم چاودێری هەنگاوەکانتان دەبین.

 

 

لەگەڵ رێزی زۆری

هۆشیار عەبدوڵا

ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

سلێمانی

۲٠۲٠/۲/٤

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved