هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری راگەیەندراوێكی لەبارەی عەفرینەوە بڵاوكردەوە

 

هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری راگەیەندراوێكی لەبارەی دۆخی كانتۆنی عەفرینی رۆژئاوای كوردستان بڵاوكردەوەو رایگەیاند،

 

 دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

 

راگەیەندراوێك لە وتەبێژی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری لەسەردۆخی عەفرین

 

 هاوڵاتیانی سەربەرز

 

ئێمە لە هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری، بەتوندی نارەزایی خۆمان دەردەبڕین بەرامبەر بە هێرشی ناڕەوا بۆ سەر عەفرین، ئەم پەلاماردان و هێرشە كە بووەتە هۆی شەهیدكردنی دەیان كەسی مەدەنی لە خەڵكی ناوچەكەو لەهەمانكاتیشدا بووەتە هۆی وێرانكردنی ناوچەكەو قوڵكردنەوەی پشێووی و ئاڵۆزی و ئاوارەبوونی دانیشتوانی ناوچەكە. 

 

ئێمە لە هاوپەیمانی پێشتریش رامانگەیاندووە، چارەسەری پرسەكان ناكرێت لە رێگەی هێزو توندوتیژییەوە بێت، بۆیە داوادەكەین هەرچی زووە هێرش و پەلاماردانی سەر عەفرین راگیرێت، هەروەها داواكارین كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێكخراوە جیهانییەكان و خەمخۆرانی مافەكانی مرۆڤ، رێگری بكەن لە تاوانكاری زیاتر و بەخێرایی بەدەم خەڵكی ناوچەكەوە بچن تا كارەساتی مرۆیی زیاتر روونەدات، هەروەها داواكارین لە حكومەتی هەرێمیش پەلەبكەن لە وەی هاوكاری و پێداویستی دابین بكەن بۆ بەدەمەوە چوونی خەڵكی ئاوارە و دابینكردنی هاوكاری پزیشكی بۆ بریندارەكان.

 

سەربەرزی بۆ خەڵكی كوردستان

ئارامی و سەبوری بۆ كەسوكاری قوربانیان

شادبێت رۆحی شەهیدان

هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری

۲٠۱۸_۳_۱۹

 

Qadirzada.com © 2018. All rights reserved