حەشدی شەعبی کێن و چۆن دروست بوون و مەترسییەکانی چین ؟

دانا عومەر

 

حەشدی شەعبی ئەو ناوەیە كە لەدوای داگیر كردنی شاری موسڵ لەلایەن چەتەكانی داعشەوە لەسەر ساحەی سەربازی و سیاسی عێراق و كوردستان زۆر دەبیسترێت و باسی لێوە دەكرێت،  لەلایەن شیعەكانەوە وەك هێزێكی فریادرەس بۆ پاراستنی عێراق تەماشا دەكرێن، كورد و سوننەكانیش بیروڕای جیاوازیان لەبارەی حەشدی شەعبیەوە هەیە.

 

ئەحمەد ئەسەدی وتەبێژی حەشدی شەعبی، لە كۆنفرانسێدا كە لەبەرواری ١٤/١٢/٢٠١٦ لە تارانی پایتەختی كۆماری ئیسلامی ئێران سازكرابوو رایگەیاند، کەحەشدی شەعبی پارێزگاری لە شەرعیەت و سەروەری خاكی عێراق كردووە و لەو رۆژانەدا كە چەتەكانی داعش نزیكی بەغدا ببونەوە ئێمە شەڕمان لە دژیان كرد.

 

بەڵام ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر دەریخست كە حەشدی شەعبی هێزێكی مەزهەبگەرایە و مەترسییە بۆ سەر گەلی كورد و گەلانی عێراق.

محەمەد فایەق، هاوڵاتییەكی كوردی شارۆچكەی خورماتووە لە ئێستادا ئاوارەی شاری سلێمانی بووە، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، كە ئەوان لەبەر مەترسی هەبوونی حەشدی شەعبی لە ناوچەكەیان ناوێرن بگەڕێنەوە بۆ خورماتوو.

محەمەد ئەوەشی وت، كە پێشتر هاوڵاتی كورد گەڕاوەتەوە بۆ خورماتوو لەلایەن چەكدارانی حەشدی شەعبییەوە ئەشكەنجە دراوە و ئوتومبێلەكەی لێسەندراوە.

لەم ڕاپۆرتەدا هەوڵدەدەین وردەكاری دروستبوونی حەشدی شەعبی و پێكهاتەكانی بخەینە ڕوو تاوەكو بتوانین هەڵسەنگاندن بۆ چۆنیەتی كاركردن و سیاسەتی كاركردنی حەشدی شەعبی بكەین.

 

 

حەشدی شەعبی كێیە و چۆن دروست بون

 

حەشدی شەعبی هێزێكی چەكداری شیعەیە، لە ٤٢ فەصیل پێك دێن و  ٧٩ گروپن، ژمارەی چەكدارەكانیان بە ١٢٠ هەزار چەكدار ئەژمار دەكرێن، حەشدی شەعبی لەدوای فەتوایەكی مەرجەعی گەورەی شیعەكان علی سیستانی دروست بوون.

 

علی سیستانی لەدوای كۆنتڕۆڵكردنی شاری موسڵ لە١٣/٦/٢٠١٤ لەلایەن چەتەكانی داعشەوە فەتوای دا كە پێویستە هەموو تاكێكی عێراقی چەك هەڵبگرێت و بەرگری لە خاكی عێراق بكات، لەدوای ئەم فەتوایە لە ١٥/٦/٢٠١٤ دا حەشدی شەعبی دروست بوو، ئەم هێزە لە دوو بەش پێك دێن، بەشێكیان ئەو كەسانەن كە راستەوخۆ چوونەتە ناو حەشدی شەعبیەوە، بەشێكی دیکەش لە گروپی جیاوازی شیعە پێك هاتوون كە هەندێكیان بەدوای فەتواكەی سیستانی دروست بوون و هەندێكی دیکەشیان لەڕابردوودا بونیان هەبووە،  لێرەدا باس لە هەندێكیان دەكەین.

 

رێكخراوی بەدر

 

یەكێكە لە گروپەكانی نێو حەشدی شەعبی، ئەم گروپە لە مەجلیسی باڵای ئیسلامی جیابوەتەوە لە ساڵی ٢٠١٢ دا بە سەركردایەتی هادی عامری كە ئەوكات وەزیر بووە لە حكومەتی عێراقیدا، بەهۆی ئەوەی كە هادی عامری حەزی بەوە كردووە كە رێكەوتن لەگەڵ نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشوی عێراقدا بكات، ئەم هێزە لە وڵاتی ئێران دامەزراوە لە سەرەتای دەیەی هەشتای سەدەی رابردوو، کاتێکی کەم دوای دەستپێکردنی شەری عێراق- ئێران، بەهاوکاری ئێران دامەزرێندرا، لەدوای فەتواكەی سیستانی توانیویەتی چەندین گەنجی شیعە لەخۆی بگرێت، ئەم گروپە خاوەنی چەكی سوك و قورسن. بە یەكەم گروپی گەورەی نێو حەشدی شەعبی دادەنرێن پەیوەندیەكی باشی لەگەڵ ئێراندا هەیە بە تایبەت پەیوەندی تایبەتی هادی عامری بە علی خامەنەیی ڕێبەری ئێران و قاسم سلێمانی سەرۆکی قەرارگای ڕەمەزان و فەرماندەی سوپای قودسی ئێران، واتە بەشی کاروباری دەرەوەی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران ژمارەیان بە دەیان هەزار کەس دەبێ.

  

سەرایا سەلام

ئەم گروپە پێك هاتون لە ئەندامانی جەیشی مەهدی سەر بە موقتەدا سەدر لەساڵی ٢٠١٤ و دوای فەتواكەی سیستانی ناوە تازەكەیان ئاشكرا كرد بەناوی سەرایا سەلام، ژمارەی ئەم گروپە بە هەزاران ئەندام ئەژمار دەكرێت، ئەم گروپە فەرمانی راستەوخۆ لە موقتەدا سەدرەوە وەردەگرن، ئەم گروپە وەك بەرهەڵستكاری حكومەتی بەعسی عێراقی بەناوی سوپای مەهدیەوە شەڕیان كردووە و بەشدار بوون لەشەڕی ئێران عێراقدا و ئەزموونی شەڕی سەربازیان لەو جەنگانەوە وەرگرتووە، لەدوای ئازادكردنی عێراق لەلایەن ئەمریكاوە وەك گروپێكی بەرهەڵستكار شەڕی دژی ئەمریكا و حكومەتی عێراقیان كردووە.

 

 

 

كەتیبەكانی حزبوڵڵای عیراقی

ئەم كەتیبەیە كەتیبەیەكی زۆر نهێنیە و ئەندامەكانیشی دیار نین و نازانرێت لەلایەن كێوە سەركردایەتی دەكرێت، ئەم گروپە لەساڵی ٢٠٠٧ وەك گروپێكی بەرهەڵستكار بۆ سوپای ئەمریكا دامەزراوە، ئەم گروپە ئەندامەكانی زۆرن و خاوەنی چەكی سوك و مامناوەندن، واناسراون كە پەیوەندی باشیان لەگەڵ دەوڵەتی ئیسلامی ئێراندا هەیە.

 

 

 

عەسائب ئەهل حەق

لە ساڵی 2007 دا لەژیر سێبەری جەیشی مەهدیدا دامەزراون بە سەرۆكایەتی شێخ قەیس خەزعەلی و شێخ ئەكرەم كەعبی، شێخ خەزعەلی یەكێك بووە لە قوتابیەكانی محەمەد سەدری باوكی موقتەدا سەدر، بەڵام ئێستا سەرۆكایەتی ئەم گروپە ئەكات و پابەند نییە بە فەتواكانی موقتەدا سەدرەوە، ئەم كەسە ساڵی 2010 زیندانی بووە لای ئەمریكیەكان، ئەم گروپە شەڕی دژی سوپای ئەمریكای كردووە لە عێراق، ئەم گروپە خاوەنی چەكی سوك و مامناوەندن، هاوسۆزیان هەیە بۆ عەلی خامەنەیی ڕێبەری ئێران و پەیوەندیان لەگەڵ سوپای قودسدا بەهێزە، ئەم گروپە تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی چەندین كاری ڕفاندن و تۆقاندنی هاوڵاتیانی سوننە و كورد لە ناوچەكانی ناوەڕاست و خواروی عێراق، لەم دوایەدا هێرشیان كردە سەر خوێندكارانی كورد لە شاری بەغدای پایتەخت و هەڕەشەی ئەوەیان لێدەكردن كە شاری بەغدا بەجێبهێڵن ئەگینا دەیانكوژن، ئەم گروپە بە پێكهاتەیەكی سەرەكی حەشدی شەعبی دادەنرێن.

 

 

 

حەرەكەت حزبوڵڵا نوجەبائـ

 

ئەم گروپە لە ئەصائب ئەهل حەق جیابونەتەوە بەسەرۆكایەتی شێخ ئەكرەم کەعبی بەهۆی ناكۆكییەكانی لەگەڵ شێخ خەزعەلی، بەڵام بەهەمان شێواز كار دەكەن و هاوسۆزیان بۆ دەوڵەتی ئێران و نزیكیان لە ڕێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران وەكو یەكە، ئەم گروپەش بە هەمان شێوەی گروپەكانی تر خاوەنی چەكی سوك و مامناوەندن و ژمارەیان چەند هەزار کەسێک دەبێت.

 

 

 

كەتائیب سەید شوهەداء

ئەم كەتیبەیە لە كەتیبەی حزبوڵڵا جیابونەتەوە و لەلایەن كەسێكەوە بەناوی حاج ولائ-ەوە سەركردایەتی دەكرێن، ئەندامانی ئەم گروپە بەزۆری خەڵكی ناصریە و عەمارەن، ژمارەی ئەم گروپە لەنێو حەشدی شەعبیدا بە ٣ بۆ ٤ هەزار کەس مەزەندە دەكرێت.

 

سەرایا جیهاد و بناءـ

 

ئەم گروپە لەساڵی ٢٠٠١دروست بوون و بە گروپێکی جیهادی ناسراون، پێكهاتوون لە یەكگرتنی سێ‌ لایەنی ئیسلامی حەرەكەت حزبوڵڵای عێراقی و حەرەكەت سەید شوهەدائـ و نەهەزەی عێراقی، لەلایەن كەسێكەوە بەناوی حەسەن ساری ئەندام پەرلەمانی ئێستا و وەزیری پێشوو سەركردایەتی دەكرێن، ژمارەی ئەندامەكانی ئەم گروپە بە زیاتر لە ٣٠٠٠كەس ئەژمار دەكرێت خاوەنی چەكی سوك و مامناوەندن، نزیكن لە دەوڵەتی ئێرانەوە.

 

کتائیب التیار الرسالی

ئەم گروپە لەلایەن كەسێكەوە بەناوی شێخ عەدنان شەحمانی سەركردایەتی دەكرێت، عدنان شەحمانی ماوەی ساڵێک لە زیندانەکانی عێراق بووە و لە ساڵی ٢٠١٢ بە لێبوردنێكی گشتی ئازاد كراوە، وە ئێستا ئەندامی پەڕلەمانی عێراقە و پێشتر و ئێستاش ئەندامی حیزبی دەعوەی عێراقیە، ژمارەی ئەم گروپە بە زیاتر لە ٢٠٠٠ كەس ئەژمار دەكرێت وە نزیكن لە رابەری كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، بەهەمان شێوەی گروپەكانی دیکە خاوەنی چەكی سوك و مامناوەندن.

 

سرایا الخراسانی

 

ئەم گروپە لەساڵی ٢٠١٣دا دروست بوون، بەشی سەربازی حزبی تەلیعەی ئیسلامین، لەلایەن كەسێك بەناوی حامید جەزائیری سەرپەرشتی دەكرێن، ژمارەی ئەم گروپە بە نزیكەی ٣٠٠٠ كەس ئەژمار دەكرێت، ئەم گروپەش خاوەنی چەكی سوك و مامناوەندن و سوپای عێراق هاوكاریان دەكات بە چەكی قورس، ئەم گروپەش خۆیان بە نزیكی عەلی خامەنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران دەزانن.

 

 

 

سەرایا عاشورا

ئەم گروپە لەدوای فەتواكەی سیستانی دروست بون بە باڵی سەربازی مەجلیسی ئەعلای ئیسلامی عێراق دادەنرێن، ژمارەی ئەندامەكانی بە نزیكەی ٥٠٠٠ كەس ئەژمار دەكرێن، ئەم گروپە بە شێوازێكی نوێی سەربازی خۆیان رێك خستووە، بەهۆی ئەوەی ئەندامەكانی پێشتر لە رێكخراوی بەدردا بوون بۆیە ئەزموونی جەنگی رێكخراوی بەدریان گواستوەتەوە بۆ ناو ئەم گروپە، ئەم گروپەش وەك گروپەكانی دیکە خاوەنی چەكی سوك و مامناوەندن.

 

سەرایا عەتەبات

ئەم گروپە دوای فەتواكەی عەلی سیستانی دروست بوون، خزمەتکاری شوێنە پیرۆزەکانی شیعەکانی عێراقن، ژمارەی ئەندامەكانی هەزار كەسێک ئەژمار دەكرێن، ئەم گروپە لە ئەنجامی یەكگرتنی چەند گروپێك پێك هاتون كە دیارترینیان سەرایا عەتەبە عەباسیەن بە سەركردایەتی شێخ مەیسەمە، ئەم گروپەش خاوەنی چەكی سوك و مامناوەندن.

 

چەند گروپێكی دیکەی ناو حەشدی شەعبی

ئەم گروپانە ئەوانەن كە ژمارەی ئەندامەكانیان زۆر نین، ئەوانیش بریتین لە فەیلەقی وەعدی سادق، لیوای ئەسەدوڵای غالب، كەتائیب ئەنسار حوجە، لیوای قاریئە ،سەرایا زوهرائـ، سەرایا ئەنسار عەقیدە، كەتائیب غەزەب، حەرەكەی ئەبدال، لیوای مونتەزەڕ، كەتائیب درعی شیعە، جەیشی موختار، حزبوڵای سائیرون.

 

هۆكاری دوستبونی گروپ لە نێو حەشدی شەعبیدا

هۆكاری دروستبونی ئەم هەموو گروپە لەناو حەشدی شەعبیدا بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە، یەكێك لە هۆكارەكان ئەوەیە كە ئیمتیاز بدرێتە سەرۆك گروپەكان و سەرۆك عەشیرەتەكان بۆ ئەوەی كە ئەندامی زیاتر لە دەوری خۆیان كۆبكەنەوە، دووەم هۆكار ئەوەیە كە دەوڵەتی عێراقی و دەوڵەتی ئێران بە ئاسانی بتوانن راستەوخۆ لەگەڵ گروپە بچوكەكاندا قسە بكەن و بەكاریان بهێنن و جوڵەیان پێبكەن، هۆكاری سەرەكیش ئەوەیە كە ئەم سوپایە نەبێتە سوپایەكی بەهێزی یەكگرتوو بۆ ئەوەی لەژێر یەك فەرماندا نەبێت تا لەداهاتودا نەبێتە مەترسی بۆ دەوڵەتی عێراقی.

 

لە ڕۆژی 5ی ئەم مانگەدا لە دوای ڕوودانی دوو تەقینەوە لە شاری كەركوك، كە یەكێكیان لە نزیك بارەگای سەرایا سەلام بوو كە باڵی سەربازی تەیاری سەدر-ە، و یەكێكە لە گروپەكانی حەشدی شەعبی، موقتەدا سەدر، ڕاستەوخۆ بێ‌ گەڕانەوە بۆ هادی عامری، سەرپەرشتیاری حەشدی شەعبی و حكومەتی عێراق بڕیاری كشانەوەی هەموو چەكدارانی سەرایا سەلام-ی دا لەشاری كەركوك، ئەوەش بەڵگەی ئەوەیە كە حەشدی شەعبی لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی عێراقدا نییە.

 

كەریم نوری، وتەبێژی حەشدی شەعبی، لە لێدوانێكیدا بۆ ڕۆژنیوز، جەخت لەوە دەكاتەوە كە حەشدی شەعبی، ڕاستەوخۆ فەرمان لە هادی عامری وەردەگرێت و هادی عامری-ش فەرمان لە حكومەتی عێراق وەردەگرێت، بەڵام ئامادە نەبوو وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە كەئایا ئەگەر فەرمان لە حكومەتی عێراق وەردەگرن بۆچی بە فەرمانی سەدر هێزێك لە كەركوك دەكشێتەوە.

 

كورد و حەشدی شەعبی

 

ئەگەر بۆچونێك هەبوبێت كە حەشدی شەعبی لەدوای تەواوبوونی شەڕی داعش هەڵدەوەشێنرێتەوە، ئەوا ئێستا ئەوە ڕوون بوەتەوە كە حەشدی شەعبی دوای نەمانی داعشیش هەر دەمێنێتەوە بەهۆی ئەوەی لە ئەنجومەنی نوێنەران عێراق وەك هێزێك ناسێنرا و یاسای بۆ دەركرا، لە بودجەی ساڵی ٢٠١٧ ی عێراقدا موچەی ١٢٠هەزار چەكداری بۆ دیاریكراوە، لەدوای دروستبونی حەشدی شەعبیەوە تاوەكو ئێستا چەند جارێك ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ كورددا هەبووە، لە ناوچەكانی جەلەولا و دوزخورماتوو، ئەو ڕووبەڕووبوونەوەی كە لە دوز خورماتوو لەگەڵ كورددا هەیبووە بە گەورەترین ڕوبەڕوبونەوەی ئەوان و هێزی پێشمەرگە دادەنرێت، ئەمە وای كردووە كە كوردەكان بە گومانەوە لە حەشدی شەعبی بڕوانن، بەهۆی ئەوەی كە جارجار كێشە و شەڕ لەنێوان ئەوان و چەكدارەكانی حەشدی شەعبیدا ڕوو دەدەن، بەهۆی ئەوەی زۆر جار چەكدار و فەرماندەكانی حەشدی شەعبی لێدوانی دژ بەكوردیان بڵاو کردوەتەوە، بەڵام پەلاماردانی شاری كەركوك و هاتنیان بۆ ناوچەكانی سنوری مادەی ١٤٠ گەورەترین جوڵەی ئەو هێزە بوو دژی كورد.

 

لیوا رەسوڵ عمر، كە فەرماندەیەكی پێشمەرگەیە لە بارەی هێز و توانای حەشدی شەعبی و مەترسیەكانی ئەوان بۆ سەر كورد لیوا رەسوڵ عمر وتی:" لە ئێستادا جیاوازی نیە لەنێوان هێزی ئەوان و هێزی سوپای عێراقدا، چونكە چۆن هاوكاری سوپای عێراق دەكرێت بەهەمان شێوە هاوكاری ئەوانیش دەكرێت".

 

نەك تەنها كورد، لە هەبوونی حەشدی شەعبی و گەورەكردنی لە نێو ساحەی سیاسی عێراقدا نیگەرانە، بەڵكو بەرپرسانی ئەمریكاش چەندین جار نیگەرانی خۆیان لە هەبوونی ئەو هێزە دەربڕیوە و ڕایانگەیاندووە كە ئەم هێزە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ئێران كار دەكات، بەڵام كەریم نوری، وتەبێژی حەشدی شەعبی ئەوەی ڕەتكردەوە و ڕایگەیاند كە ئەوان هێزێكی عێراقین و پەیوەندییەكانی خۆیان لەگەڵ هیچ لایەكدا تێك نادەن لەبەر لایەكی دیکە.

 

ئەوەی دەكرێت بوترێت ئەوەیە كە حەشدی شەعبی هێزێكی پارچە پارچەیە، مامەڵەكردن لەگەڵیدا بۆ كورد ئاسان نییە، هێزێكە وەك لە ناساندنی گروپەكانیدا دەردەكەوت نزیكە لە ئێران و بەتایبەت لە ڕێبەری یەکەمی ئێران عەلی خامەنەیی، واتە هەیمەنەی ئێران بەسەر حەشدی شەعبیەوە دەبینرێت.

 

 

Qadirzada.com © 2017. All rights reserved