لەتیف شێخ مستەفا: لە ئێستادا لە کوردستان مافیاکان حوکمڕانی دەکەن

 

 

 

لەتیف شێخ مستەفا

 

لەتیف شێخ مستەفا، پسپۆڕی یاسای دەستوری ڕایگەیاند، ئێستا ئەو ڕۆژەیە کە بۆ کوردستان جێی مەترسیە و دەڵێت، " ئەمە ئەو ڕۆژەیە کە لێی دەترساین، لە ئێستادا لە کوردستان مافیاکان حوکمڕانی دەکەن، دەشڵێت ساڵی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠٠٧ ئەو مەترسییەم گەیاندوەتە مەسعود بارزانی".

 

لەتیف شێخ مستەفا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی،"وابزانم ساڵی ٢٠٠٦ بو یان ٢٠٠٧ لەسەر داوای سەرۆکی ھەرێمی ئەوسا کۆمەڵێک کەسی بێلایەن لە دادوەرو مامۆستای زانکۆ لە ھەرسێک پارێزگاکەی ھەرێم لەگەڵی دانیشتین بۆ قسەو باسی دۆخی کوردستان و ناڕەزایی خەڵک و گەندەڵی و چیبکرێ و چی نەکرێ ، دوای بەخێر ھێنان ، حاکم رزگار منی پێ ناساند و وتی ئەو لە جیاتی ئێمە قسەکان دەکات، پێشتر وا ڕێک کەوتبوین کە من لەجیاتی ھەموان کێشەکان بخەمەڕو.

 

منیش لەماوەی نزیکەی نیو کاتژمێر ھەرچی کێشەو گەندەڵی و نایاساییەکانم خستەڕو، وتیشم بەڕێز سەرۆکی ھەرێم لە ئێستادا گەندەڵی زۆر بە توندی دەستی پێکردوە، بەڵام لەسەرەتایدایەو ئەگەر ئێوەو یەکێتی ئیرادەتان ھەبێ دەتوانرێ ڕێگای لێ بگیرێت، بەڵام ئەگەر وا بڕوات و لێی بێ دەنگ بن دەبێ بەگەندەڵی ڕێکخراو و مافیاکان ھێزیان لە ھێزی دەوڵەت زیاتر دەبێ و ئەو کات ئیتر تا ھەتایە چارەسەر ناکرێ

 

پێشم وت ھەقە لە ئێستادا تۆ و مام جەلال ڕازی بن چەند وەزیرو بەرپرسێکی گەندەڵ بدەنە دادگا، بۆ ئەوەی ببن بە پەند بۆ خەڵکی تری گەندەڵ و دادگاش بەھێز بکەن و پشتگیری بکەن، پێشم وت ئێمە خەڵکی سەربەخۆین حیزبی نین و مەبەستی سیاسیمان نیە، چی ڕاستە ئەوەت پێ دەڵێین، ئەگەر شتی باشیش بکەی پشتگیریت دەکەین، ئەو ھەرچەندە خۆشحاڵی دەربڕی بە دیدارەکەو بەوەی کە بە ڕاشکاوی ھەمو شتێکمان پێ وتوە، وتی پەیمان بێ لیژنە دروستدەکەم بۆ بەدواداچونی ئەو خاڵانەی باستانکردن. بەڵام بۆ ئەوەی ھەندێ بەرپرس و وەزیری پارتی و یەکێتی بدەنە دادگا.

 

خۆی لەوانەیە ئەم نوسینە بخوێنێتەوە یان بۆی بخوێننەوە و ١٥ کەسیش زیاتر ئامادەبون وتی ئێمە پیاوەکانی خۆمان عەیبدار ناکەین ئێستا دوای نزیکەی ١٥ ساڵ لەو دیدارە بەراستی کوردستان لەقۆناغی حوکمڕانی مافیای ڕێکخراو دایە و خەڵکیش بێدەنگە.

 

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved