هەپەگە کوژرانی ٤٢ سەربازی تورکیای ڕاگەیاند..

 

ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندنی هەپەگە لە سەر ماڵپەڕی فەرمییدا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو، زانیاری و وردەکارییەکانی چەند چالاکییەکی گەریلاکان و ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکی ڕاگەیاند.

 

هەپەگە ڕایگەیاند:

 ئۆپەراسیۆنی سوپای تورک ڕۆژی ١٦ی مانگ بەرەو زاپی هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا دەستپێکرد، گەریلاکانمان لە بەرامبەر ئەو ئۆپەراسیۆنەدا وەستاون و لە دوو ڕۆژی ڕابردوو شەڕی سەخت لە نێوان گەریلاکان و سوپای تورک ڕوویداوە.

 دوێنێ دوو یەکینەی دوژمن هەوڵیاندا خۆیان بگەیەننە ئەو ناوچانەی خەرەگۆل کە لە کۆنتڕۆڵی گەریلاکانماندان، گەریلاکانمان دژیان چالاکییان ئەنجامدا، لەو چالاکییەدا ١١ سەربازی تورک کوژران.

 بەرەبەیانیی ڕۆژی ١٩ی مانگ کاتژمێر ٠٢:٣٠ خولەک، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورک گردی شەهید سیداریان بۆردومان کرد، پاشان کاتژمێر ٠٦:٠٠ی سەرلەبەیانی لە نێوان هێزەکانمان و سەربازەکانی سوپای تورک لەو ناوچەیەدا شەڕێکی سەخت ڕوویدا، لە ئەنجامدا ١٤ سەربازی تورک لەوێ کوژران، هاوکات دەستەیەکی دیکەی سوپای تورک کە هەوڵیاندەدا خۆیان بگەیەننە شەڕەکە، کرانە ئامانجی چالاکیی گەریلاکانمان و لەو چالاکییەشدا شەش سەرباز کوژران.

 چالاکیی گەریلاکان دژی ئۆپەراسیۆنی سوپای تورک لە دەڤەری بارزان بەردەوامە، دوێنێ کاتژمێر ٠٦:٠٠ی سەرلەبەیانی لە سەر گردی بەیرەق چالاکییەک دژی یەکینەیەکی سوپای تورک ئەنجامدرا، لەو چالاکییەدا چوار سەرباز کوژران، کاتژمێر ٠٦:٢٠خولەکی سەرلەبەیانیی دوێنێ گەریلاکانمان لە گردی شەهید مونزور چالاکییەکی دیکەیان ئەنجامدا، لەو چالاکییەشدا دوو سەبازی تورک کوژران.

 

لە دووەمین قۆناغی هەنگاوی شۆڕشگێڕانەی شەهید بەدران گوندیکرامۆ و شەهید نالین مووشدا، گەریلاکانمان لە چەلێ و گەڤەر دژی سوپای تورک چالاکییان ئەنجامدا، دوێنێ کاتژمێر ٠٩:٠٠ی سەرلەبەیانی، لە گەڤەری سەربە جولەمێرگ چالاکییەک دژی ئۆتۆمبێلێکی سوپا ئەنجامدرا، کە دوو فەرماندە و دوو سەربازی تێدابوو، لە ئەنجامی ئەو چالاکییەدا هەموو ئەوانەی لە ئۆتۆمبێلکەکەدا بوون کوژران و ئۆتۆمبێلەکەش تێکشکێندرا، کاتژمێر ٠٦:٤٥ خولەکی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆش گەریلاکانمان بە قەناس لە قەڵا پەریخانی سەربە گەڤەر چالاکییەکی دیکەیان ئەنجمادا، لەو چالاکییەشدا سەربازێک کوژرا.

 

Qadirzada.com © 2017. All rights reserved