| ||
|
||
قەسەدە پشتگیریی بۆ ئاگربەستی مرۆیی دەربڕی
ڕۆژنیوز
هێزەکانی سوریای دیموکراتیک- قەسەدە، پشتگیریی خۆی بۆ بانگەوازییەکەی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربڕی، کە داوای لە لایەنە جیاوازەکانی سوریا کردبوو، ئاگربەستی مرۆیی ڕابگەیێنن.
لە ڕاگەیێندراوەکەی قەسەدەدا هاتووە:
"مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا سەرتاسەری جیهانی گرتووەتەوە، لەسەر بانگەوازیی ئانتۆنیۆ گوتەریس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایدەگەیێنێت، پابەندین بە هەوڵە نێودەوڵەتیەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و هەر هاوکاریی و بانگەوازیەکی نێودەوڵەتی لەم چوارچێوەیەدا.
ئەم بارودۆخەی لە ئێستادا هەیە لە جیهاندا، ئاستی مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بڵاوبوونەوەی دەستنیشان دەکات، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ئەمەی وەکو قەیرانێکی جیهانی ڕاگەیاندووە و هۆشداریی داوەتە هەموو بەڕێوەبەرایەتی و سیستمە تەندروستیەکانی جیهان.
لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکاندا، کەرتی تەندروستی و ڕێکخراوەکانی بواری تەندروستی دارووخاون، ئیدی بەرگەی ئەم بارودۆخە ناگرن.، بەردەوامی شەڕ و پێکدادان، شەپۆلی کۆچبەری زیاتر بە دوای خۆیدا دەهێنێت و لە ئەنجامدا کاریگەریەکی لەسەر هەیکەلی تەندروستی دروست کردووە و ئەمەش دەبێتە هۆکاری زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە.
لەم چوارچێوەیەدا فەرمادەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات، بانگەوازییەک ئاڕاستەی لایەنەکانی سوریا دەکات کە هەر جۆرە دەستپێشخەری و کردەوەیەکی سەربازی بوەستێنن و بە زووترین کات پابەندبن بە ئاگربەستی مرۆیی. هێزەکانمان بە پێی ئاگربەستی مرۆیی دەجوڵێنەوە، بەڵام هاوکات مافی پاراستنی ڕەوای خۆیان بەکاردەهێنن، ئێمە هیوادارین ئەم ئاگربەستی مرۆییە دەرگای دیالۆگ و چارەسەریی سیاسی بکاتەوە و کۆتایی بەو جەنگەی لە سوریا و جیهان بهێنێت.
فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات جەخت دەکاتەوە کە وەڵامێکی جدیان هەبێت بۆ ئەم داواکاریە و هەموو هێزەکان ڕێگا بدەن بە کارمەندانی تەندروستیی هەرێمی و نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی سەردانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەوان بکەن.
|
||
Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved
| ||