دەقی بەیاننامەکەی بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی

 

بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی لە راگەیاندراوەکەیاندا کشانەوەى خۆیان لە کابینەى هەشتمەی حکومەتى هەرێمى کوردستان راگەیاند و هەروەها داواش دەکەن ئەم حکومەتە هەڵوەشێتەوە و حکومەتێکی کاتی پێکبهێندرێت.

 

بەیاننامەی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان دەربارەی کشانەوەیان لەحکومەتی هەرێمی کوردستان

 

بەناوى خواى بەخشندەى میهرەبان

جەماوەرى کوردستان

پارتە سیاسیەکان

 

هەڵسوڕاو کادرو ئەندامان و دەنگدەران

 

ئێمە کۆمەڵى ئیسلامیى و بزوتنەوەى گۆڕان پاش چەندین ساڵ لە خەبات لەپێناو بەرپاکردنى حوکمێکى رەشید و نەهێشتنى گەندەڵى و چەسپاندنى شەفافیەت و گۆڕینى سیستەمى حوکمڕانى و نوسینەوەى دەستور و رێکخستن و بەسیستەمکردنی دامەزراوەکانی حوکمڕانى بەگشتی وهێزەکانی پیشمەرگەو ئاسایش بەتایبەتی و دروستکردنى کۆدەنگى نیشتمانى وە خزمەت کردنى هاوڵاتیان، وە بێلایەنکردنى دەسەڵاتى دادوەرى بۆپاراستنی مافوئازادییەکانی هاولاتیانی کوردستان .

 

بەشداريكردنی گۆران و كۆمەڵ لەحكومەتى بنكە فراوانى كابينەى هەشت، پێويستيەكى قۆناغەكە بو، بۆ ئەوەى وێنەى سيستەمى حوكومرانى لەهەرێمى كوردستان و پرۆسەى سياسى راست بكرێتەوەو رۆڵێكى كاريگەرمان لەپرسى چاكسازى و ريشەكێشكردنى گەندەڵى لەهەرێمى كوردستان هەبێت.

 

لێرەدا پێويستە ئەو راستيە بیربخەینەوە کە دەسەڵاتدارانی هەرێم بەشیوازێکی بەرفراوان درێژەیاندا بە گەندەڵی سیاسی، یاسایی، ئابوری و دارایی و هەروەها بەدەر لە یاساکان ماوەى دوساڵى تريان بۆ سەرۆكى هەرێم درێژکردەوە، دواتر پەرلەمانى كوردستانيان پەكخست و كابينەى هەشتى حكومەتى هەرێميان ئيفليج كرد، وەک هەمیشە شەراکەتی راستەقینەیان قبول نەکرد وە ئامادەش نەبون چاکسازی راستەقینە ئەنجام بدریت .

 

دەسەڵاتداران بەهۆی عەقلییەت و شکستی فۆرمیی حكومرانیان هەرێمیان توشی قەیرانیکی گەورەی ئابوری و دارای کرد، دواجاربەهۆی سیاسەتی نا واقیعی و عینادی، هەلەی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم کوردستانیان توشی شکست و هەرەسێکی مێژوی، سیاسی، سەربازی، مەعنەوی، جەماوەری، ئابوری و دارایی کرد .

 

لەدواى روداوەکانى پاش ریفراندۆم  ويستمان دەرفەتێک بدەین تاکو دەسەڵات بەدەم ئەرکی قۆناغەکەوە بێت و حکومەتێکى کاتى دابمەزرێنین بۆئەوەی ئیدارەى گفتوگۆیەکى سەرکەوتو لەگەڵ بەغداد بدات و کار بۆ چاککردنى موچە و بژێوى خەڵکى بکات و ئامادەکاریى بۆ هەڵبژاردنێکى پاک و بێگەرد بکات، دوايى پاککردنەوەى لیستى دەنگدەران لەسەدان هەزار دەنگى ساختە، بەڵام پاش چەند مانگێک لە چاوەڕوانى دەئەرنجام بێ ئومێد بوین لە مانەوه لەم حکومەتەدا و ئەم بڕیارەشمان پیشتر لەلایەن هەردو لاوە وەرگیراوە لەبەر ئەو هۆکارانەى سەرەوە بە پێویستمان زانی دوای بخەین، بۆیە رایدەگەیەنین:

 

١- کشانەوەى بزوتنەوەی گۆران وکۆمەلی ئیسلامی لەکابینەى هه شتەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان .

 

٢- لە ئێستاشدا بەپێویستی دەزانین ئەم حکومەت هەڵبوەشێتەوە و حکومەتێکى کاتى پێکبهێنرێت.

 

٣- پشتیوانى لە هەمو داواو داخوازییە رەواکانی خۆپیشاندەران دەکەین لە چوارچێوەی خەباتی مەدەنی بێ توندوتیژی.

 

٤- هێزەکانى پێشمەرگەو ئاسایشی ناوخۆ بەرپرسیارن لە پاراستنى گیانى خۆپیشاندەران وە هیچ پاساوێک نییە بۆ گرتن و ئازاردان وکوشتنی خۆپیشاندەران، هەر لێرەوە داوا دەکەین هەمو ئەوانەی لەسەر خۆپیشاندان دەستگیر کراون ئازاد بکرین و هاوكات دياردەى سوتاندنى بنكه و بارەگاى حکومی و حيزبى ئيدانه دەكەين وه به كارێكى ناشارستانى دەزانين.

 

٥- هەر هەڵبژاردنێک لە کوردستان بێ پاککردنەوەى لیستى دەنگدەران هیچ ماهیەت و نرخێکى نیە و پێشتر ئەنجامەکەى مسۆگەر کراوە!.

 

بۆ بەدیهێنانى ئامانجى گەلەکەمان وەتێپەراندنی ئەم قۆناغە لە خەباتى مەده نى بەردەوام دەبین بۆ بەدیهێنانى ژیانێکى بەختەوەر و ئازادو دادى کۆمەڵایەتى و پاراستنى قەوارەى هەرێمى کوردستان و چارەسەرى کێشەکانى نێوان هەرێم و بەغداد بەپێى دەستور و لەسەرو هەمویانەوە ماددەى (١٤٠) و هەمو فشارێک دەخەینە گەڕ بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنێکى پاک و بێگەرد، وە حکومەت ناچارە مل بدات بۆ داخوازیە رەواکانى خەڵکى کوردستان، وه ئەمەش ده كەينه سه رەتاى قۆناغێكى نوێى سياسى، وە کۆکردنەوەی هیزو لایەنە سیاسییەکان لە هاوپەیمانی و بەرەیەکدا بەئەرکێکی هەنوکەیی ئەمرۆ دەزانین.

 

بزوتنەوەى گۆڕان  کۆمەڵى ئیسلامیى کوردستان

 

٢٠/١٢/٢٠١٧

 

Qadirzada.com © 2017. All rights reserved