فراکسیۆنی پارتی ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

 

 

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە لادانی پارێزبەندیی سەر چەند پەرلەمانتارێک بڵاوکردەوە

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

 

لە دانیشتنەکانی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان چەند پەرلەمانتارێک لەئەنجامی تۆمارکردنی سکاڵا لەسەریان لابردنی پارێزبەندی لەسەرییان دەخرێتە دەنگدان.

 

ئەم پرسە هیچ قابیلی هاتوهاوارو شپرزە بوون نییە، بەدیاریکراوی پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی سۆران عومەر لەسەر داوای بەڕێز سەرۆک وەزیران کاک مەسرور بارزانی دەبێت بچێتە بەردەم دادگا، ئەوەی بەڕێز سەرۆکی حکوومەت دەیکات چەسپاندنی یاسایەو ڕێگایەکی شارستانیانەیە، کە ئەگەر بژمێردرێت لەوانەیە سەدهەمینجار بێت ئەو پەرلەمانتارە تەشهیرو ناوزڕاندن پیشەی بووە و زۆربەی جار چاوپۆشی لێکراوەو پێشتر داوایەکی هەر لە دادگا بەرانبەر بەڕێز سەرۆک وەزیران دۆڕاندووەو سەدو دە ملیۆن دینار دەبوو قەرەبوو بدات بەڵام تەنها دووسەدو پەنجا دیناری لێوەرگیرا.

 

ئەوانەی ئاین بەکار دەهێنن بۆ سیاسەت و بوختان و تەشهیر کارو پیشەیانە خۆ دەبێت جارێک کەسێک پێیان بڵێت ئەم ڕیاکارییە ڕابگرە، نیگەرانبوون بە چوونە بەردەم یاسا دوو ڕووییە لە بەرانبەر ئاین و دووفاقییە لە داواکردنی دادگەریی.

 

خەڵک دەبێت بزانن ئەم نموونانە چەندین ساڵە بوختان دەکەن و گوێی خەڵکییان پڕکردووە لە قسەی ناڕاست ئێستاش پەلەقاژێ و ترس لە دادگا نیشانەی پرسیارە، چوونکە مرۆڤ گەر ڕاستگۆ بێت باکی چییە بەوەی بچێتە بەردەم دادگا، بەڕێز سەرۆک وەزیران شارستانیانەترین رێگای گرتۆتە بەر وەک هەر هاوڵاتییەکی ئەم هەرێمە کە مافی خۆیەتی ڕێگری بکات لە بوختان و ناوزڕاندن بەرانبەری.

 

هەموو پەرلەمانتارێک ئەرکی ئەوەیە لەخزمەت خەڵکی کوردستاندا ڕۆڵی خێرو چاکە بگێڕێت و لەو ناڕەحەتییانەی کە دێنە پێش بۆ میللەتەکەمان پاڵپشتی خەڵک بن نەک خەریکی پرتەو بۆڵەی لابەلاو بوختان و ئاژەوەگێڕی.

 

فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی کوردستان

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved