کۆمەڵی ئیسلامی راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

 

 

فراكسیۆنی كۆمەڵ لەپەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێـت، ئەمەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی داوەتێ، پێشهاتێکی خراپ و مەترسیدارە ،

 

دەقی راگەیەندراوەکەی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی :

 

لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی گیرۆدەی برسێتی و بێکاری و دەیان قەیرانی دیکەی دروستکراو بۆتەوە و باجی سیاسەتی هەڵە و قۆرخکاریی و گەندەڵیی ٢٩ ساڵی حزبە دەسەڵاتدارەکان دەدات، لەبری مشورخواردنی خێرای حکومەت لە دۆزینەوەی چارەسەری خێرا و گونجاو، خۆی خەریککردووە بە هەوڵی سزادان و تۆڵەکردنەوە لە هەرکەسێک ڕەخنەیەک بگرێت و باس لە گەندەڵیی بکات.

 

دوایین هەوڵی سەرۆکی حکومەت لەو پێناوەدا، بەکارهێنانی دادگا و داواکاریی گشتییە بۆ ناچارکردن و بەکارهێنانی پەرلەمان بەمەبەستی هەڵگرتنی پارێزبەندیی لەسەر پەرلەمانتاری فراکسیۆنەکەمان (سۆران عومەر سەعید.

 

ئەمەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی داوەتێ، پێشهاتێکی خراپ و مەترسیدارە و سەرەتایەکی تاریکە بە ئاراستەی دامەزراندنی دەسەڵاتێکی ئەمنی کە لەسایەیدا هیچ مەودایەک بۆ ئازادی دەربڕین و کاری پەرلەمانیی ناهێڵێتەوە .

 

ئەرکی بەڕێزیان و کابینەکەی چارەسەرکردنی قەیرانەکان و بژێوی و گوزەرانی خەڵکە کە بە دوو مانگیش توانای دابەشکردنی موچەیەکی نەماوە !

ئێمە چاوەڕێ بووین ئەم خولەی پەرلەمان لە خولەکانی پێشوو کاراتر بێت لە بینینی ئەرک و مومارەسەی دەسەڵاتەکانی، بەڵام بەداخەوە بەتەواو خراوەتە ژێر هەژموونی هێزێکی سیاسیی دیاریکراو و بۆتە پاشکۆی سیاسەت و ئەجێندای حکومەت و بەوهۆیەشەوە پەرلەمانتاران جگە لەوەی لە ڕۆڵی چاودێریکردن و لێپرسینەوە خراون، خەریکە وایلێدێت نەشتوانێت قسە بکات و ڕەخنە بگرێت !

 

ئێمە وێڕای سوپاس و پێزانینمان بۆ هه‌ڵوێستی فراكسیۆنه‌كان و كه‌سایه‌تی و جه‌ماوه‌ری كوردستان, ڕایگشتییش لەم پێشهاتە خەتەرناکە ئاگاداردەکەینەوە، داواش لە هەموو فراکسیۆنەکانی په‌رله‌مان  دەکەین ڕێگەنەدەن ئەم هه‌وڵه‌ سەربگرێت کە دواجار پەرلەمانی کوردستان لە بەرزترین دەسەڵاتی یاسادانان و چاودێرییەوە دەکاتە دەزگایەکی بندەستی حکومەت و بەرپرسە دەستڕۆیشتووەکانی !

 

فراكسیۆنی كۆمەڵ لەپەرلەمانی كوردستان

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved