فراكسیۆنی یه‌كێتی: لەسەر سیستەمی پاشەکەوتی مووچە ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

ڕاگەیەندراوی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان

 

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان

 

دۆخی وڵاتەکەمان بەبارێکی سەختی دارایی و سیاسیدا لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی تێپەڕدەبێت، لەسەر ئاستی ناوخۆ  پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەکان لەوپەڕی خراپیدایەو کاریگەری نەرێنی بەتەواوەتی کردۆتە سەر ژیانی سیاسی و ئیداری و دارایی و کۆی ژیانی خەڵکی کوردستان، لە ئاستی ھەرێمی و نێودەوڵەتی فشارەکان و بێباکییەکان بەرامبەر بە ھەرێمەکەمان و قوربانیەکانمان دژ بە تیرۆر بەتەواوی چڕکراوەتەوەو  پێویستمان بە بەخۆداچونەوەو خۆرێکخستنەوەی نێو ماڵی خۆمان و خۆئامادەکردن بۆ دۆخی نوێ و چاوەڕوانکراوی ناوچەیی لەسەر ئاستی  سیاسی و گۆڕینی نەخشەی سیاسی ھەیە.

 

بەئەزمونیش بۆمان دەرکەوت جگە لە خۆمان ھیچ لایەنێکی دەرەکی نابێتە پشتیوانمان بۆیە گرنگە بۆ خۆئامادەکردنی نوێ و بەدەستھێنانی پشتیوانی  پێویستە خۆمان رێکخەینەوە، وە جەماوەرەکەمان ئاشتکەینەوە، ئەمەش بە ئاوڕدانەوە لە ژیانی خەڵکی خۆمان دەبێت، بەتایبەت لە ئێستادا پێویستە حکومەتی ھەرێم لەلایەک بەپەلە بە سیستمی پاشەکەوتی نایاسایی  موچەدا بچێتەوەو  پاشەکەوتی سەرموچەی فەرمانبەران ھەڵبگرێت، لەلایەکی تر گرەنتی یاسایی بدات بە نەفەوتانی ئەو موچە پاشەکەوتکراوەی کەلە رابردوو وەک قەرز لای حکومەتە، وە ئێمە لە فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان رومان لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان و بەتایبەتی تیمی یەکێتی لە حکومەتەوە پابەندیان ئەکەین بە ئاوڕدانەوە لە داخوازی خۆپیشاندەران و  بەپەلە ھەڵوەشاندنەوەی سیستمی بەزۆر سەپێنراوی پاشەکەوتی موچە، باوەڕمان وایە گەڕانەوە بۆخەڵکی ھەژارو کەمدەرامەتی وڵاتەکەمان لەپێناو پاراستنی ئەم ئەزمونە کە بەخوێن و ماندووبونی  سەدان ھەزار تێکۆشەر بنیاتنراوە تاکە زامنی  سەرکەوتنی ئەزمونەکەمانە.

 

ئێمە پاڵپشتی داوای رەوای خەڵکین و حکومەت بەبەرپرس دەزانین لەوەڵامدانەوەی خەڵک و باشترکردنی ژیانیان، داوا لەسەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان دەکەین کۆبونەوەی نائاسایی ئەنجامبدرێت بۆ بانگھێشتکردنی حکومەت لە پێناو رونکردنەوەو تێگەیشتن لەبونی رێکەوتن لەگەڵ حکومەتی مەرکەزو شێوازی مامەڵەی ئێستای ھەرێم لەگەڵ ناوەند و رێکخستنەوەی سیستمی موچە، پشتیوانی خەڵکین لەپێناو مانەوەو بەھێزکردنی حکومەت و ئەزمونەکەمان.

 

Qadirzada.com © 2018. All rights reserved