فراکسیۆنی سەوز: لەبارەی عەفرینەوە ،بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە

 

فراکسیۆنی سەوز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لەسەر داگیرکردنی عەفرین لەلایەن سوپای تورکیاو چەکدارە میلیشیاکانی ھاوپەیمانی ئەو سوپایەوە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.

 

ئەمەش دەقی راگەیەنراوەکەیە:

 

راگەیەنراوێک لە فراکسیۆنی سەوز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەبارەی داگیرکردنی (عەفرین)ەوە

 

دوو مانگی ڕەبەقە، عەفرین و گەلی رۆژئاوا، لەژێر بوردومانو پەلاماری دڕندرانەی سوپای تورکیاو ملیشیا توندڕەوەکانی ھاوپەیمانیدایە، کە جگە لە وێرانکردنی ژێرخان و سەرخانی شارەکە، سەدان ھاووڵاتی سڤیل و بێگوناح، کە لەنێویاندا مناڵی ساواو پیرو پەککەوتە ھەیە، شەھیدبوون و سەدانی تریش برینداربوونەو ھەزاران ھاووڵاتیش ئاوارەبوون.

 

دوێنێ (١٨)ی ئازار دوای شەست رۆژ لە بەرگری قارەمانانەی گەلی ئازادیخوازی رۆژئاوای کوردستان، سوپای تورکیاو توندڕەوەکانی ھاوپەیمانی سەنتەری شاری (عەفرین)یان داگیرکردو ڕەشەکوژی و وێرانکاری زۆریان ئەنجامداوەو ھەزارانی ھاووڵاتی تریش ئاوارەبوون.

 

ئەوەی مایەی نیگەرانیەکی قوڵە، نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و زڵھێزانی دنیا، لە بەرامبەر پێشلکردنی یاسا نێودەوڵەتیەکان و پەیماننامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، دیسانەوە بێدەنگیان ھەڵبژاردووە، لەئاست تاوانی جەنگ و دەستدرێژی و کۆمەڵکوژی ھاووڵاتیانی عەفرین و رۆژئاواو سوریادا بێ ھەڵوێستن.

 

ڕۆژئاوا لە چوار ساڵی رابردوودا، لەجیاتی ھەموو جیھان شەڕی گەورەترین و دڕندەترین رێکخراوی تیرۆرستیان کرد، کە (داعش) بوو، وڵاتانی ناو ھاوپەیمانی شەڕی دژ بە داعش، ستایشی ئازایەتی و قوربانیدانی رۆژئاوایان دەکرد، کەچی ئێستا بە بێدەنگی و بێ ھەڵوێستی پاداشتیان دەدەنەوەو تورکیاشیان زیاتر ھارکردووە.

 

فراکسیۆنی سەوز، بەتوندی ئیدانەی داگیرکردنی عەفرین و پەلامارو تاوانەکانی تورکیاو ملیشیا توندڕەوەکانی ھاوپەیمانی دەکەین بۆ سەر رۆژئاواو سوریا، داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش دەکەین، بێدەنگی بشکێنن و بەھانای رۆژئاواو سوریاوە بچن سنورێک پێشێلکارییەکانی تورکیا دابنێن و ھاوکاری لێقەوماوان و ئاوارەو بریندارەکان بکەن و لێکۆلینەوەی ڕاستەقینەش لە تاوانەکانی جەنگ و کۆمەڵکوژییەکان بکەن، کە روویانداوە.

 

فراکسیۆنی سەوز

لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق

٢٠١٨/٣/١٩

 

Qadirzada.com © 2018. All rights reserved