شێتانە سەری خۆم هەڵگرت ژیرانە سۆزت پێبەخشیم

 

       *   فاتيح سەلام *

        ١

 

نەمدەناسیت

تارمایەك لەغەیبەوە

تۆی پرژانە دڕۆحمەوە و..

پەری عەشقێکی نوورانی هەڵگرتم

لە تەمێکی عەتری پڕ لە ئاڵتونیدا

پەپوولەی نیگام نیشتەوە

جەستەیەك نوقمی سەمفۆنیای

ڕازەکانی پەنهانی بوو

مەیلی سەرەتاتکێکی دەکرد

دەستی سۆزێکی بلووری

هاتە خوارێ و ..

بۆ بەهەشتی گوڵ ونمەی

چڕە دارستانى دوورى

جوانيى هەوارى تٶى بردم

شێتانە بووم  لە سۆراختا  

دێوانەيى عەوداڵت بووم        

نەتمبينى ..

ماندووى كردم

بەدەم خەونى ڕۆشنمەوە

چەپکێ ماچ و خۆشەویستیم

لە باوەشى ووشەكانى بەربارانتا

بۆ بەجێهێشتی

خەم هەناسەسوارى كردم

تەنها تاسەى شەيدا بوونت لەتەكما بوو

كۆستىێ چراى بۆ هەڵكردم

 

                        ٢

 

پەڕەیەکی توڕدراوت

خۆى كرد بەوێرانەى دڵما و

لەدەروازەی بونگەی خوێن و قوربانیتا

گیرسامەوە ..

کۆتەڵی کیم وزوخاوی

سەدەى چەقۆيان پيشاندام

لەگەڵ تيشكا شەكەتى خۆم ئاڵ وگۆڕ كرد

بەفريش بووم و نەتوامەوە

بيرم بوو بە كێڵگەى زام و

لە چاوەڕوانيتا ژیام  

موچركێ سەراپاى تەنيم

وەكو هەور و رەوكردنى بنارەكان

لەگەڵ بەردا سەنگم كوتا و

وەكو كوردستانيش  گريام

سەرابێكى ئەرخەوانى هەنگاوەكانى دەژماردم

تەڵەزگەكانى فيراقت لەخۆيدا كۆى دەكردمەوە

حەزی ئاوس ڕايدەژەنيم

بێهوودە بوو ئەو سەفەرەم

عەشقم لە پاشكۆى پاييز و

حەزم لە نێو گەڵاكانى

خەزانى ديدارتا نووستن

لەو ڕۆژەوە دەريايەكم

شیتى شەپۆلان ڕادەگرم

دەست بۆ كەمەرى خۆر دەبەم

وا دەزانم ئەوە خۆتيت

كولێنى عەشقى ڕووبەستەى

نيَو نيشتمانى دڵى من

ئەى مەزنة ژن

                                                      ١٨/٢/٢٠١٢

 

 

 

Qadirzada.com © 2009. All rights reserved