تابلۆ

 فاتیح سه‌لام

سنه‌وبه‌رێ له‌ په‌لکى خۆى

قه‌ڵه‌مێکى تازه‌ هه‌ڵچووى ته‌رى دامێ

تا بزانێ چۆن ده‌توانم..

له‌ کپى بارینى به‌فر و

لێزمه‌ى به‌ خوڕى باران و

گرمه‌ى هه‌ور و ، چه‌خماخه‌ى نێو تاریکیدا

پانۆراماى زستانێکى ئه‌فسووناوى ده‌نه‌خشێنم

نه‌یزانى بوو..

من و به‌فر

دوو جه‌مسه‌رى سووراننه‌وه‌ین

تین و هه‌ڵمى ده‌روونێکى سه‌رما به‌ستووى

به‌ ئاو بوون و تواننه‌وه‌ین

هه‌ر یه‌کین و نابین به‌ دوو

ره‌نگى یه‌کتر ده‌خۆینه‌وه‌ و

هه‌ناسه‌ى یه‌ک هه‌ڵده‌مژین

له‌گه‌ڵ ریتمى بارانیشا

عه‌یامێکه‌ گوێ رادێرى رازى شیعر و

په‌نهانى خۆشویستنێکى سێبه‌رى سپى یه‌کترین

کاتێ وه‌رزى گوڵکردنى ره‌ز و باخ دێ

به‌ ده‌م هۆره‌ى لاپاڵێکى گازه‌راى پشتى چیاوه‌

ده‌روانین و چاو هه‌ڵده‌خه‌ین

ئه‌و له‌ سه‌رخۆى ده‌بارێت و جه‌سته‌ و ناخم

رێژنه‌ و نمه‌ى ده‌یشواته‌وه‌

نه‌ من نیگام به‌ حه‌واوه‌ دێته‌ خوارێ و داده‌به‌زێ

نه‌ ئه‌ویش خۆش ده‌کاته‌وه‌

بێ ئاگا بوو..

له‌وه‌ى که‌هه‌ور و چه‌خماخه‌

به‌ تارمایى کێڵگه‌ و بنجه‌ گوڵه‌ گه‌نمه‌ کۆرپه‌ى

دێره‌ شیعره‌کانى منا به‌ دووگیانى ده‌شریخێَنن و

تێپه‌رده‌بن..

هه‌موو جارێ

که‌ تاریکیش پڕ ده‌باته‌ تیشکى خۆر و

قووتى ده‌دا و وونى ده‌کات

منیش له‌ گه‌ڵ شه‌پۆلى شه‌وێکى ره‌شدا

په‌نجه‌ره‌ى شیعرم داده‌خه‌م

ده‌رگاى حه‌وشه‌ى گه‌راننه‌وه‌م

به‌ ئه‌سپایى کڵۆم ده‌ده‌م

ته‌نها سێبه‌رى خه‌مناکیم له‌ ته‌نیایدا راده‌کشێ و..

شووشه‌ى دڵم له‌ قولاَیى ئاسمانێکى بێ بنه‌وه‌

درزى تیرێکى ئه‌ڵقاو ئه‌ڵق ده‌یشڵه‌قێنێ و..

تنۆک ، تنۆک خوێنى ده‌تکێته‌ سه‌رزه‌وى و

تابلۆى کۆچى قه‌ڵه‌م و

تووڕه‌بوونى نرکه‌ و ناڵه‌ى نیشتمانم سوورتر ده‌کا و

له‌گه‌ڵ به‌فر و باران و چه‌خماخه‌ى هه‌ورا

بۆ هاتنه‌وه‌ى وه‌رزى تازه‌ى خۆریان ده‌به‌م

 

٢٦/٣/٢٠١٢

 



Qadirzada.com © 2009. All rights reserved