له‌ یادی١٢٢ هه‌مین ساڵوه‌گه‌ری رۆژنامه‌گه‌ری كوردیدا ..

 

 

 

# پێویستمان به‌ بوونی میدیایه‌كی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌ ، به‌ هه‌موو بۆچوون و ئایدیا و ئایدۆلۆژیا وده‌ڕبرینه‌ جیاوازه‌كانه‌وه‌ .

..........................

 

٢٢ ی نیسان رۆژێكی مێژوویه‌ له‌ بزاڤی رۆژنامه‌گه‌ری كوردیدا ، بۆیه‌كه‌م جار كورد له‌ میانه‌ی رۆژنامه‌ی له‌ ئاواره‌یی ده‌رچووی ( كوردستان ) ه‌وه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی میقداد مه‌دحه‌ت به‌درخان تێكه‌ڵ كاروانی شارستانیه‌ت بوو ، ئه‌وه‌ش له‌ رۆژگارێكی دژوار و سه‌ختتدا چاوی هه‌ڵهێنا ، ساڵی ١٨٩٨ كه‌ تازه‌ شۆرشه‌كه‌ی شێخ ( عوبیدوڵڵای نه‌هری ) سه‌ركو‌ت كرابوو ، ئه‌و وه‌رچارخانه‌ راچڵه‌كینێكی به‌گوڕ بوو له‌نێو گه‌مه‌ سیاسیه‌كانی ئه‌و ده‌مه‌ی كورد هیچ پێناسه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی نه‌بوو . له‌م یاده‌ پرشنگدار و پرشكۆیه‌دا سه‌ره‌رای به‌رز و بڵند راگرتنی ئه‌و ئه‌رك و ماندووبوون و هه‌سته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ی خانه‌واده‌ی به‌درخانییەكان شانیان دایه‌به‌ر ، سه‌ری رێز و حورمه‌ت بۆ ئه‌و كه‌ڵه‌ پیاوه‌ داده‌نوێنین به‌ دروود بۆ گیانی پاكی پێویسته‌ بڵێن :

 

دوای ٢٩ ساڵ له‌ حوكمی خۆجێیه‌تی و ده‌سه‌ڵاتی ره‌ها و فراوانی كورد نه‌مانتوانیووه‌ به‌رپرسیارانه‌ كار له‌سه‌ر بوونی میدیایه‌كی یه‌ك وتاری ستانداری نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی بكه‌ین ، نه‌توانراوه‌ میدیا له‌ قۆناغی ته‌سكی حیزبایه‌تی و روماڵی لۆكاڵییه‌وه‌ بكه‌ینه‌ میدیایه‌كی گڵوباڵ و به‌ دنیای ده‌ره‌وه‌ی بناسێنین و له‌وێوه‌ گه‌لانی دنیای سێیه‌م خوێندنەوه‌ی وردی زانستی و ئه‌كادیمی دروست له‌سه‌ر كۆی كێشه‌ و له‌مپه‌ره‌كانی به‌رده‌م پێشكه‌وتن و خواست و خه‌ونی‌ ئاواته‌ گه‌وره‌كانماندا بكه‌ن .

 

هێشتا میدیای كوردی نه‌یتوانیوه‌ به‌رپرسیارانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ روودا و پێشهات و مه‌ترسییه‌ گه‌وره‌كاندا بكات و ئیتیكی رۆژنامه‌وانی و یاسای كاری رۆژنامه‌وانی به‌جوانی به‌رجه‌سته‌ بكات كه‌ هه‌ره‌شه‌ن له‌سه‌ر سیستمی سیاسی و و فه‌زای ئازادی و ئازادی تاك .

 

هێشتا زمانێكی یه‌كگرتووی ستاندار بوونی نیه‌ و حیزب چۆنی بوێ به‌و ئاراسته‌یه‌ ده‌یجوڵێنێ بێ له‌به‌رچاوگرتنی ره‌هه‌نده‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كان .

 

هێشتا حیزب له‌م وڵاته‌ باڵاده‌ستتره‌ تا حكومه‌ت ، ئه‌وه‌تا حكومه‌ت تا ئێستا نه‌ رۆژنامه‌ و كه‌ناڵ و میدیایه‌كی هه‌یه‌ نه‌ش زمانحاڵێك ، به‌پێچه‌وانه‌ی حیزبه‌كانه‌وه‌ كه‌ هه‌ریه‌كه‌ و چه‌ند كه‌ناڵ و رۆژنامه‌ ورادیۆیه‌كیان هه‌یه‌ و ساڵانه‌ به‌ ملیۆنه‌ها دۆلاریان بۆ خه‌رج ده‌كرێ و سوودی سه‌ره‌ تورێكی قوڕاوییان نیه‌ جگه‌ له‌ زیاتر له‌تكردن و ناشتنی تۆوی رق و قین له‌ دڵ و ده‌روونی تاكه‌كانی كورددا .

 

پێویسته‌ میدیای كوردی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی له‌به‌رچاوبگرێت ، ئاگای له‌ مه‌ترسیی ئاشكراكردنی هه‌ندێ زانیاری و ده‌ست بۆنه‌بردنی بكات و ژیرانه‌ خۆی له‌قه‌ره‌ی بدات ، نابێت هه‌ندێ هێڵی سوور هه‌یه‌ بیبه‌زێنێ له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی و ئافه‌رینێكی خۆیدا كه‌ به‌داخه‌وه‌ تا ئیستا میدیای كوردی ئه‌م هه‌ڵانه‌ سه‌دباره‌ ده‌كاته‌وه‌ ..

 

نه‌مری بۆ سه‌رقافڵه‌ و رچه‌شكێنی ئه‌م كاروانه‌ میقداد به‌دخان و روحی رۆژنامه‌ نووسه‌ شه‌هیده‌كانی و تێكرای شه‌هیدانی كورد و كوردستانیش شاد و ئارام ، به‌رز و پیرۆزبێت ئه‌م یاده‌ پرشكۆیه‌ ، سڵاو له‌ میدیاكاره‌ بوێر و نه‌ترسه‌كان و ئه‌وانه‌ی به‌ گیان و دڵ له‌م پێناوه‌دا ماندوون .

 

* فاتیح سه‌لام *

٢٢-٤

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved