خۆڵەمێش

 

فاتیح سەلام

 

زمانێک چەشنى زرکە تاڵ

دەستێکى شێت ، چەپ و راستى خۆى لێ ونبوو

ئاوێنەى بەرماڵى خۆزگەى ورد و خاش کرد

رۆژ ژمێرى ماندوویەتى ، پەرە پەرە لێکردەوە

وەک نەخۆشێکى تا گرتوو

نە .... وەک مناڵ

ئەو !!.. بەرلەوەى پێدەشتێک بێت وشک و برینگ

یان ئەشکەوتێکى تاریکى

پر لە ئارەزووى سەربراو

ترۆپکێ بوو ، رەگى لە نیشتمانى جەستەما و

سەرى لە هەورێکى سپى تەنیایى خۆیدا هەڵدەسوو

ئەو !.. مێرگێ بوو بە بنارى هێشتووە شیعرى پێنج وەرزمەوە

بەرلەوەى چاوى ئاگردان بە پشکۆى کا

لەناو لەپما بوو بە سوتوو

         *      *      *

دەمویست بۆ مردن هاورێم بیت

هاورێت بم تاوەکو مردن

لە جەستەمدا و چرۆى تەنیایت بپشکوێ

لێم دەروانیت وەک ئەسکڵى گەشى وشەم

کراوەیى نامەکانم

وەک بەفرى ناخ

وەکو دوو چاو

پێش ئەوەى لە من ئاوا بیت

جوانترین تابلۆى رەنگ بوو

پێش ئەوەى لە هەورێ رەشا

ئیعلانى مەرگى کا هەتــــــــــــــــــاو

 

 

Qadirzada.com © 2009-2022. All rights reserved