| ||
سۆزی شمشاڵی تەنیایت
*فاتیح سەلام*
پاڵت داوە بە کەژێکی تەم لێنیشتووی بنارەوە کەڵکەڵەی چڕی خەیاڵت دەفرێ بەسەر تەلاری بیرەوەریتا سۆمای چاوت خاڵی گومان رادەماڵێ و.. جوانی وەک دارێکی رزیوو تا بێت ووشکی دەیکرۆژێ و پایز لە ئامێزی وەرزی سڕ بووی دەنێ شنەی یادێکی سەرمەستی گرمۆڵە بوو لەگەڵ خۆیدا دەترفێنێ و .. شمشاڵێکی لە شوان جێماوی شەوەکەژ (کەچە ) و ( کەڵەک ) بە جێدێڵێ و.. خۆی رادەستی پەنجەی سوور و خونچەی لێوی ماندووی ماچی دوای ژووان دەکات چەپکێ ئاوازی پر لە سۆز سینگی مەلوولیت ھەڵدەدرێ و بە دەم سروەی ژەنینی ھاژەی عەشقەوە دەروانیتە بەردەنوێژی چاوەروانی و لە توێی مینا بەندی دڵتا قوڵپی سەدای دوورکەوتنەوەم کانیی ووشەت دەتەقێنێ کەیل تر فووی ناخت دەرژێنی و گەرووی شمشاڵ تەنیایتی ھەڵگرتووە و جەستەت لە کۆشی سەفەرما ئاوێزانی حەزم دەبێ و ھۆشت دەروات وا ھەست دەکەم تۆش ھەست دەکەی گەردوون جووڵەی سروشتی تیا راگیراوە تەنھا خۆشەویستی تۆیە رەگی تێکەڵ عومرم دەبێ و.. رۆژ لە دوای رۆژ باڵا دەکات
کەچە : لە خوری دروست دەکرێت ، تان وپۆی نییە ، شوان لە شەوانی زستانی شەوەکەژا لەبەریدەکات ، چونکە ئاودانادات و زۆریش گەرمە . کەڵەک : ئەو چینە بەردانەن کە شوان لەسەریەکی دادەنێ و لە کاتی زستانا لەسەری دەنوێ تا تەرنەبێت
|
||
Qadirzada.com © 2009-2022. All rights reserved
|
||