ریتمی ژنێک

 

 

* فاتیح سەلام  *

 

 

چاوت پر دەبێت لە باران

دەستەکانت لە شەری پارانەوەدا

سپی ، سپی دەبن بە تەم

بە نێو ھێڵی دڵۆپەدا

بانگی یاخی بوون ھەڵدەدەی

کێ نھێنی ئەو غەریبییەت دەپارێزێ ..؟.

تۆ کە رێبوارێکی شێت بیت

دوای ھەنسکی ئێوارانێ

لە پەنجەرەی شووشە شکاوی دڵتەوە

بروانیتە خاڵی رەشی ، سەر بەرەو خواری کۆڵانێ

تەنیایی خۆی مەستی رەنگی قەترانییە و..

بەسەرخۆشی خەت دەکێشێ و ..پیاسە دەکات

ئیتر چۆن تێکەڵت دەبێ و

لێت تێدەگات ..؟.

دەستەکانت لە شەری پارانەوەدا

سپی ، سپی .. دەبن بەتەم

کە خەم چەتری بۆ ھەڵنەدای

( دنیا ) لە سێبەری خۆرا بۆ دیلێتی بە جێبێڵە

مەروانە درۆی ئاوێنە

تا سپێدە کە ھەور سینگ دەنێ بە لوتکە و

خەتی باران دەشواتەوە

بیرت نەچێ

نەچیتەوە بەر خانەقای سۆزی  شیعر

نەبا خەم بەپیرتەوەبێ و دەرگای خۆی لێت بکاتەوە

 

١٣/١١/٢٠١٢

 

 

Qadirzada.com © 2009-2022. All rights reserved