ڕەشتر لە پەرینەوەی بەر لە ھاتن

 

 

بۆ ھاورێی زۆر خۆشەویست و بوێرم گوڵباخی بھرامی

* فاتیح سەلام *

 

 

رۆژەکانم کاڵتر لە فرمێسکی دایکم

تۆختر , دەبوونەوە فیراق

کاتێ وتم , من یانی مەرگێ لەسەرخۆ

لە ئەبجەدییەتی رێباز و

ھەڵکردنی دواین چرای ماڵی خوێن بەستووی ( یەڵدا ) دا

دەستەکانم لە گیرفانی رنوە پشکۆی بەر بارینی

زامی بەفرا دەسووتان و

ئاگرێک لە ھەنییەی ھەوران

جەستەمی بە دانەچۆقە و , لەرزی ھەڵگورمان تەنی بوو

لە زستانی پاڵتۆیەکی بێ قۆپچەدا

تەمتومان بەرچاوی گرتم , لێڵ دەیبینیم !

تولە رێگای خوار و خێچی شەقار شەقار

تەڵخ وەکو نزای ھاتنم

شوێن پێکانم نوشتانەوە

ھەنگاوەکانم لەشەری ئەم رێیەدا

بیرەوەریمیان لەبار برد

بیری کردم , کەبیرم لێ دەکردەوە

ون دەبووم لە خەیاڵێکی ئاوریشمینی ... دواین ھاتن !.

یەکەم کەژاوەی ھاتنی بن ئەم ئاسمانە ئاوسە

چاوم کڵافەی روانینی دەئاڵۆسکا

سەرنجەکانم دەبوونە کۆتەڵێ لە تەنیایی خۆم

خەمۆکی ژنێ وابەستەی , لە دەست چوونی وەرزەکانی

نەژمارد و , ...لە گوزەر پیش دەیباتەوە

لە خۆیدا ماڵ بەسەر بەتاڵی جێدێڵێ و

بۆ ئازاری پەرینەوە و

ھەناسە سەرھەڵگرتووەکانی

ئەم دیو دۆزەخ ، ئەو دیوی بەر باڵانۆمای ئاوێنەیەکی

خەت خەتی گیانەڵای حەسرەتی مردن

ھەرچی ھەبوو, لە بەردەبازی نامۆی و رەوە ترسێکی ئەسمەرا

بۆ تەونی سیحری مناڵی و

ئەندێشەکانی نیشتمان , لەت لەتم کرد

من کەمەرم بەفر دەیبا

ئەو تەقەڵی چاوەروانی تێکەڵ رەنگی فرین دەکاو

گومرانە بەسەر دەڵێ :

دادوورێ بە قاچەکانما , تاکو نەچوون !.

مەنزڵگام بۆ بێنە ئێرە

سەرمام لە بنی رەشماڵی ئۆخژنێکا بۆ داپۆشە

سەبری ئەیوبم بدەرێ , من کاروانسەرایە توورەم

توورەتر لە کزەبایەک , بە ھەڵە دەمخوێنێتەوە

سەربەرەو خوار پیتە سپییەکانی دەستم

دادەژەنێ و ... لێم تێناگات

دێم و لەسەر ئەژنۆی چەقۆ دەستی مناڵی خۆم دەگرم

بە نێو گەرووی کارەسات و , گەمەی گرا باڵا دەکەم

گلێنەی ھەتاو دەدوێنم

پرچم لەبەر تریفەی , شەوی خوێناوی سەنگەرێکا دادەھێنم

نزیکتر لە سەمای مردن

نەمری لە کۆڵ دەبەستم

بۆ دەسپێکی دیرۆکی راچڵەکین و ..

بازنەی لە خەو جێماوی تەلیسمی ژن ..!.

 

 

Qadirzada.com © 2009-2022. All rights reserved