لە ژێر چەترێکا

 

فاتیح سەلام

 

 لێزمەى بە خوڕى باران نەبووایە

 بەم درەنگ وەختە لە ژێر چەترێکا

 دەستم بەردەستى ساردت نەدەکەوت

 ووشە و هەڵاوى ناو دەمى یەکتر

 نەدەرژانە یەک

 وەک دوو جۆگەلەى بنارى ژووان

 لەبەر چەخماخەى عەشقى توورەدا

 چ رێکەوتێکە ..

 چۆن بەرێى کردین

 کۆچ و غەریبى و لە یەکترازان

 ئەفسوونى لێڵى ئەم ئێوارەیە

 لە خەونى ئاڵى ئەو دیوو خەیاڵا

 ساتێک لە تەمى تونێلى گەشتیا

 گوێم رادێرا بوو

 کەف و کوڵى زام

 وەک دڵۆپەکان هەڵدەقوڵین و

 خوێن دابوویە بەر

 سەراپاى باڵام

 بەسەر گوێزانى سەرگوزەشتەیدا

 هەنگاو بە هەنگاو منیش وەکو خۆى

 جەستەم داخ دەبوو لە ئاگردانا

 شەقام ئەژدیها

 شۆردەبووینەوە

 رازو پەنهانى هەڵدەترۆقین

 ئەفسووناوى بوو دیدارى رێکەوت

 دوو مەلى تەریوو

 چەترێکى بچوک

 بیرگێراننەوەى سەرەتاى عەشق

 لە ژێر خوڕەم و جوانى بارانا

 

 ******

 زستان لوولى داین

 چوون پێچانەوەى دوو دڵى سپى

 لە تابلۆیەکى ناسکى شەوا

 بە جووت رێدەکەین

 یەکتر دەبڕین

 وەک دوو چیرۆکى ترۆپکى مەست بوون

 سەرخەو لە نیگاى یەکتر رادەخەین

 کات بە بێدەنگى خۆى قورمیش دەکا

 لە چاوى بەنج بووى کراوەى ئەوا

 

 ********

هەور ، بە نیازى شوێنێکى تربووم

 باران شپرزەى ژێر چەترى عەشقى

 دابرانێکى زۆر سەیرى کردم

 نەمزانى ئەوەى لێم نادیار بوو

 تاقە داڵدەیە بۆ تەڕنەبوونم

 ئەو تریفەیە

 چاوى پر لە تیشک

 دەمى پر گوڵاو

 لە تێروانینا گوناە هەڵدەخاو

 لە ئاگردانى جەستەیا پشکۆم

 چەقۆ لە زاما

 زمانی پژا

  کە دەستم لە نێو دەستی ترازاند..

 ئیزنم خواست ئیتر من دەبێت برۆم

 

 ********

 پێى ووتم هێشتا

 کەنارى پیاسە

 تینووى زیاترى  بەجووت تەڕبوونە

 لە وەنەوشەیى شارێک سۆزگرتوو

 کرێوە و نمەى

 شەقامێک چۆڵا ..

 پێ تاشەبەردبوو ..ناخ دوو ئاگردان

 نەک سەهۆڵەکە ..سلەیمانیمان

 لە خورجێ نابوو

 دابوو بەکۆڵا ..؟!.

 

 ********

 ئەسکڵى دەمى دووکەڵى ووشەن

 درەنگ وەختێکە و  دەسووتێ وەک مۆم

 زریان رۆژەکان هەڵدەداتەوە

 بێ ئاگا لە خۆى

 بێ ئاگا لە خۆم

 شانمان بەر شانى یەکتر دەکەوێ

 تاریکى دادێ و..

 لە گەڵیا دەرۆم

 *********

 هەندێ جار لرفە و تەوژمى ( با ) کە

 لە ئیرەیدا خۆى توورەدەکرد

 پێڵاوى مسى لەپێ دەکردین

 چەترى دەفران

 چەند جوان بوو قژ و ملپێچ و باران

 رووى دادەپۆشین لە یەک دەپژان

 

 ***********

 خۆشناکەنەوە  رەهێڵە و فرمیسک

 گوێم هەڵخستووە

 بەکپى دەرۆین

 دوو بومەلەرزە

 دووگرکانى خوێن

 دوو زامى بە سوێن

 

Qadirzada.com © 2009-2022. All rights reserved