لەم دیو ماڵی هی تۆ نییە..!.

* فاتيح سەلام *

تۆ هەرچی بیت

لە دەرەوەی بازنەکانی شکستدا

هەسارەیەکی نامۆیت و

نەیزەك پاش ئاوابوونی

مەدارەکانی سوڕی خۆی

چۆن بیەوێ، توورت دەدات

تۆ لە زاری گەرداوەکانی ئەم چەرخە

قەد تێناگەی

ناشزانی بۆ، لەشینای ئەم کەونە بۆ تۆ نەبوەدا

کێن سیعری چاوت دەفڕێنن

کاتی ڕیسوای جڵەوی خۆی ڕادەستی غرور دەکاو..

دەبێتە تنۆکە ئاوێ ودادەتکێی

لە جەستەی هەویر شێلاوی

خۆزگەی مردت

٢

تەنیا منم

ڕوونتر لەچاوی غوربەت و

کڵپە تێکشکاوەکانی ، خودی هەرەس

فرمێسکەکانت دەبینم

تەنیا منم و..کەسی تر ، نا

گۆشەگیریم لەو دیو پەرژینی باخەوە

بانگت دەکات

تا لە بۆتەی تواننەوە و بەیەكبووندا

ڕەنگی بگرین، لە گەروویەکی زامداردا

تەنیا من .. منم تەنیا

کەناهێڵم تۆ تەنیا بیت

وەك هەمیشەت ، بەس مەڵی(مەرگ)

مەدوێ لە سۆزگیری گریان

هەر لە مندا ببەرەوە

یەکەم هەوار و نیشتمان

٣

دەریا وتی

بیرتان نەچێ !.. سەرەتای لەدایكبوونی

ئێوە هەردوکتان لە مندا

ڕەنگی شەپۆلی کۆجەری لەبەرکردن

تا ون نەبن لە بازنەی یاخی بوون و

نیگای شەرمنی ئێوارەی کاڵەوەبووی

خۆ گوشینا

لەکەنارما ئارامییەکم پێ بەخشین

چۆڵتر لە تەماشای سپی و

سوێرتر لە ئاوێتە بوونی سۆمای دووری

سڵاوێکی گەردن بەرز و

یەکەم چەخماخەی وەرزێکی بێ ئەدرێسی

دەسکەنەی حەز ،  عەشق بارینا

٤

دوێنێ پێش گزنگی هەتاو

پەنجەرەکەم بە ئەسپایی لێ کردەوە

ژوورەکەم پر کردی لەتیشك

لە بوونی عەتری ئەو دیووی

سمڵاو و مێخەکی بۆنی خاو

دەمویست ، ببیە نیشتمانێ

ئاسمان جریوەی ئەستێرە و

خوا !خۆری خۆیت لا دانێ

٥

چەند جەلادێکی بەعیشوەی

مانگم لەلێواری شەودا ڕادەست کردی

قژتم بە نریفە تەنی

بەرباخەڵی شێعرەکانت بەماچی

لیوێکی پژاو

کەچی لەیاخی بوونەدا

من بەندەرێ بەدی ناکەم

بەلەمێ ناگاتە فریام

توند یەکمان لە ئامێز ناوە

من و سەوڵێکی بەجێماو

Qadirzada.com © 2009. All rights reserved