هه‌تــــــــــــــــــــــــــاو

 

هێشتا ره‌نگێك له‌ روانینما له‌ هه‌موو ره‌نگێ جوانتره‌

هێشتا نیگام

له‌ په‌نجه‌ره‌ی ئێوارانی پاییزێكی شه‌رمنه‌وه‌ لێت ده‌روانێ

 گه‌رچی باخێكی سووتاوی و

خۆم داوه‌ته‌ به‌ر شه‌پۆلی شێت بوونێ ژیر

په‌نجه‌كانم له‌سه‌رمانا هه‌ڵده‌له‌رزن

چه‌ند دڵره‌قه‌ سه‌رما و سۆڵی ئه‌و ئاگره‌

هێشتا هه‌تاو خاكی من نیشتمانییه‌تی و

له‌ مندا نه‌ بێت هه‌ڵنایه‌

هێشتا كه‌سێك له‌ هیچ كه‌سی دنیا ناچێ

پرووشه‌ی وشه‌ی ته‌رمه‌كا و

به‌هێزتره‌ ، له‌چی تووره‌یی زریان و

گوێزانی ده‌م ره‌شه‌بایه‌

هێشتا خۆی په‌لكه‌زێرینه‌ی پاش ماچی نمه‌ی بارانمه‌

هێشتا سه‌دای " عه‌زیز گیان " ێ

شینایی قووڵی ئاسمانمه‌

ئێستا له‌ دوای ره‌تلێكی شه‌و

قومرییه‌كی شاباڵ شین

دێته‌وه‌ هێلانه‌ی وێران

پرم ده‌كا له‌ چریكه‌ ، له‌ ده‌نگی گری غه‌ریبان

ته‌نها له‌ گومه‌زی دڵما تێده‌گا له‌ مانای سووتان

هێشتا په‌نجه‌م بۆنی قــــژی تۆی لێوه‌ دێت

ده‌ستیش نه‌وازشی گه‌ردن

هه‌وریش نه‌بێت تۆ داده‌كه‌ی له‌ كێڵگه‌ی نێرگسه‌جارما

بارانـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــه‌ ژن

 هێشتا و ... هێشتا و،، ه..ێ .. ش.. ت ..ا ..!!.

 

 * ف . سه‌لام *

 

Qadirzada.com © 2009-2022. All rights reserved