تۆ سێبەرى هەمیشەیى ماندوویەتیم ئەى دار هەنار

نوسینی: فاتیح سەلام

 

  ئاى قەدەرێک لە پەرتبوونى  ئاوێزانى

  چۆن پەلکى ئەم حەزانەمت لێ سەندەوە و

  نەتهێشت تێربن لە ئاونگى روومەتى گوڵ

  چۆن فەنابوون هەنسکى پێ لەبەرکردو..

  تەنیایى لە فرسەتێکى ترپەى  ووندا

  شەکەتى خۆى تیا خاڵى کرد

  تۆش ئەى تارمایی تەریوى شەوانى خەندەبەندان و رەشبەڵەکى

  سنگى کراوەى ئەستێرەى ووردى  رژاو

  وا دەبینى ..

  نەرمە سرووتى نزایەک دووکەڵى بەرز دەبێتەوە

  تەمەنێک ئاهى لێ دەرژێ و ..

  ئامێزى سوێ گرتووى ژانێ

  پرمە گریانە لە زوخاو

  شەکەتیم  خۆى لوول دەدات و..

  بە شەماڵى هەناسەیدا  گوزەر دەکات

  لە گوڵدانى بەر پەنجەرەى بەیانیانێکى شەرمندا

  تێکەڵ تەم و تیشک و پەنجەى شەوى جێماوى خەو دەبێت

  جەنگەڵستانێ گێژاوەى رۆحى کەمەنکێش دەکات و..

  رابردوو دەیپێچێتەوە نێو گەمەکانى مناڵى شەرە بەفرو

  زریکەى خەمى دایکێکى پەرو باڵ لە سۆز دەرکردوو

  بە دووچاوى من تیا وونبووى پر کۆشێ لە تەماشاوە

  لەتەک قومێ لە شەرابى دواى سەفەرێک لە نامۆ بوون

  لە حیلەى خەیاڵێ سرکا

  بەرێگاى دوو لەتبووى وێڵا

  لەنجەى گەڵاکانى خەزان

  کەوشەکانى لە خۆل و تۆزى نیشتمان دەتەکێنى و

  تیلەى روانینێکى گومرا گوڵە حەزەکانى عومرى

  لێ دەسێنێ و ..

  تنۆک تنۆک ئارەقەى جەستەى پیش خواردووى

  ئەو دیو پردى پەرینەوەى خاڵەرەشەکانى گومان

  پەشیمانى هەاَدەگژێنێ بە باڵایدا

  نەفرەت قامکە ناسکەکانى دەکرۆژێ و ..

  گەماڵەکانى بەر دەرگاى کوختى سوڵتان

  هەڵدەمیزن بە جوانییاو ..

  دەمیان دەبێتە مەنهۆڵ و بە مێژوویدا دەرشێنەوە

  زەوى لەحەژمتا  دەگرى

  من گۆماوێکى نیشتمان خورجێ سەرگوزەشتەى تۆى دامێ

  دارهەنارەکەى دوا وێسگەى لە ئازیز ئۆخەى نەکردووم

  رۆحێک سپى تر لەناخى مناڵێکى نێو قومات و

  پر بە حەوت ئاسمان لە پەرى

        - 2 -

  بۆن بە سێبەر و هەنگاوى چیرۆکێکى شێتانەوە دەکەم یاران

  نامۆیى سنگم دەدرێت

  کەللەیى دوا  پیاڵەی ژەهرى تینووێتیمە

  ئۆقیانووسێک بانگم دەکاو

  سەوڵێ شکاو چاوساغى کوێرەوەریمە

  زریانێک بۆ رەنجى بێوەر پەلم دەگرێت

  کە سێک روونتر لە فرمێسک و

  خاوێنتر لە ئاوریشمى خاو

  شەو بەتەنیشت حەسرەتى هەناسەمەوە هەڵدەگورمێ

  لە نەخشەیەکى دراوى بێ چوار چێوە و تۆزگرتوودا

  سەفەرێک دەمنووسێتەوە

  مەرگێک خۆم بەیانى شەرم بۆ خوێندەوە

  هەرچوار پەلمى تیا تەزیووە و ..

  ئاڵاکەم لە تۆزى سمى ئەسپى سەرکێشدا

  وون دەبێ و..

  شمشێرەکەمى  تیا دەشکێت

    - 3 -

  بیرت دەکەم

  لەگەڵ مەلانى کۆچەرى زەردەپەرا

  ئێوارانێ دێمەوە لات

  کە هاتیشم ..

  لێگەرێ با ووشەکانم لێوت تەرکەن

  لە قەترانى کەزییەکانتا خۆر داگرن

  لە باوەشى چەپکێ شیعرى سەرەرۆمدا

  قوڵ قوڵ لە کانیلکەى ماچت رۆژووى تەمەنم بشکێنم

  چاو لە پاڵ دارهەنارێکى کەنارى تەمەنتا بنوێ و .

  شیلەى گوڵى پیتەکانت کۆکەمەوەو

  گوێ رادێرى بێدەنگیم بى و..

  هەر دە پەنجەم بە دیارتەوە

  بۆ ئەبەدى داگیرسێنم

  لە هێلانەى دڵت زیاتر کۆترەشینکەى چاوەکانم

  نەنیشنەوە

  کەس نەبینم ..کەس نەدوێنم ..؟؟!.


Qadirzada.com © 2009. All rights reserved