بەرچنەیەك لە توڕەبوون

 

* فاتيح سەلام*

 

دەستەکانت لەگەناهی دڵ ڕاگرە

هاکا خۆر بتەقێتەوە و

پارچەیەکی لە کۆشی دیدەی سەفەرتا

ڕۆژێك نوێتر لە پەڕەی لەدایکبوونی

بکاتەوە بەکچی مانگ

هەڵمەکێشە لەشێتی خۆت

لە نەیاریتا مۆمیام کە

ئەمجارەیان لە نێرگسەجاری چوونتدا

لە لێوی کازیوە بدوێ

ڕەنگی تریفە بچێنە

ئەمجارەیان تێکەڵ سۆزی بلوێتم کە

مردن بۆ کێڵگە جێ بێڵە

تالە توانەوەی بەفری بەرپێمانا

ئەستێرە لە تافی ئاسمانەوە بێتە خوارێ

لە شوێن برینی هەر پیتێ

تووڕەبوونی هەر چەقۆیەك

هەڵشاخانی پەلکەدارێ

ئاوەنگی دۆستیت ببارێ

 

٢١/٤/٢٠١٣

 

Qadirzada.com © 2009-2022. All rights reserved