باوێشك لە کاتژمێرێ نوستووا

فاتیح سەلام

 

شەو کاتژمیێرێکى نوستووى مەچەکێ باوێشکاوییە

کات لە خۆیدا دەهاڕێت و

تەمەن لە چۆڵەوانیا

بە بەتاڵى بە جێ دێڵێ  ، تا دواین خاڵ

دواین رەتلى بیرچوونەوەى کۆچەریانەى تارمایى بوون

پێى دەڵێ : ئەم پەشۆکاوییە ،، یانى خەونێ هەڵبزکاو

لە شانەى جاڵجاڵۆکەدا .. پێش تێپەربوونى رێبوارێ

پێش ونبوونى شکۆمەندى سێبەرى باڵى فرین و

چاوەروانى نیشتنەوە ، لەسەر چڵێ

باڵاى هەر بەرزە چنارێ

ئەو بەردانەى لە نێو دەستى چەپى دڵتا

شێتانە لە وەهمى دەگرى

بەرلەوەى لە پەنجەرەوە

سڵاوێک ورد و خاش بکات

من پێم لە بەردە بازێکا

مل دەنێ بۆ هەڵکشان و

تۆ ..! لەبەربەرۆچکەى نامۆى

وشەیەکى زەردیا دەمرى

 

Qadirzada.com © 2009-2022. All rights reserved