بەر لە مەرگت بمشارەوە ...!

فاتیح سەلام

لە خەمێکتا هەڵمگرە

لە درزێکى ئاوێنەى بەر رەنگى پەریووتا

بانگم کە

با لەزوخاو و هەنسکى بیرەوەرییەکى سپیتدا

خاڵى ببمەوە لە نەبوون

دەست بە کاکۆڵى غەریبى تەنیایى روحمدا بێنم

پەنجەرەکەم بئاخنم لە بێ باوانى روانینم

هەناسەم راخەم بۆ فیرقەت

ژوورەکەم ناو بنێم زیندان

چاوەکانم لە گۆشەیەکى مەییودا بکرێنەوە و

نەرم ، نەرم خرمەى سمى کارمامزى بە جێماوم

دەم بۆ گەڵاى نەوبەهارى عومرم ببا و

بروانمە باڵاى دوورى

یەکەم هەنگاو ، دواین سووتان

٢

لە دوو دەستى ساردەوە بووتا بمنێژە

تا ، کە روام !

ببمە قولانجێ سێبەرى سەر دوو عاشقى یەکنەدیوو

بە دەم شنەى ماچێکەوە

قەدم ببێ بە کەوانە و

گەڵاشم وەرزێکى تەزیوو

٣

لە ئوخژنێکى کراوەى پێش مردنتا

شەپۆلێ لە رەنگى چاوت

هەڵکێشە لە کفنى باڵاى

رۆژێ منى تیا هەڵنایەم

شەوێ تۆ دەگەرێیتەوە

گەرەکێکى شوێن پێ کەوتووى

لاوێتیت و ..

من هەورێک چاوەرێم دەکا و

لە موناجاتى ئەو خوایەم

٤

دەزانم وەک داخزانى چەندین ئەستێرەى کوژراو

رۆژێ لە تابلۆى مەرگتا

قرمەى گوللە فووت لێ دەکات

لە مێزەرى جادوگەرێکى دەجالا

وشەکانت سوورتر ئاوێتەم دەبن و

خوێنت لەبەرنیگام دەروات ..!

 

٦/٦/٢٠١٣ / تاران

Qadirzada.com © 2009. All rights reserved