ئەویش..

فاتیح سەلام

وەک من لەسەر پەنجەکانیا

خونچەى وشە دێنە سەما و

نوقم دەبن ، لە تەمێکى مەیلە و ئاڵى رەنگا و رەنگا

هەندێ جار لە دەستى راستیا

کۆترێ کێوى شاباڵ کراو دەگمێنێ

کە توورەش بوو

بە دەستەکەى هاوسێى دڵى

چى دەسکەوێ

لە کەنارى ئەو جۆگەلەى ماڵى گوڵن

بەردێک ناوى دەنێ دڵ و ...

یەک ، یەک هەمووى دەقرتێنێ !.

ئەویش !.. لە پێش کازیوەدا

خۆر کۆشى پر دەکا لە تیشک

لە چیرۆکى ئەو ماچانەى

بە قەد گەڵاى جێ ژووانەوە

هەتاو دەرکەوت دەبن بە لێو

وەک من گوێزانێ هەڵدەگرێ

دەست بە برۆى کۆدەکانى جانتاکەیى و

هەندێ پیت و ، ژمارەى قەتیسا دێنێ

لێم تێدەگات ، کە تێناگەم

لێى تێدەگەم و تێدەگەین

وەختێ لە دوورترین خاڵى نزیکیدا

دەبین بە نیوەى یەکتر و

وەک تەرزى سەرەتاى وەرزى دارگەڵامێو

لە رۆحەوە لێک دەئاڵێین !.

ئەویش لە شووشەى شکاوى پەنجەرەکانى شیعرەوە

لە تەربوونى خۆى دەروانێ و

سێبەرى خۆرەمى ئاوێ  لەپى پر دەکات لە سێبەر

خۆى نا ، لەتێ لە ئاوێنەى تارمایى گوزەرێ وتى :

ئەویش دیوێکى پشتە و خۆر لە تۆ دەچێ

کە حارى یاخى بوون دەدا

زۆران لەگەڵ " با " دا دەگرێ

شەر بە بارانێ دەفرۆشێ

بە باران دەڵێ جێم بێڵە

چەخماخە لە پرچى دەدا و

هەورێ ئاوس دەکاتە بەر

                      

Qadirzada.com © 2009. All rights reserved