عەشقت

* فاتیح سەلام *

 

دەزانم رێی داخزانی تاڵە تیشکی خۆر یانی تۆ

تۆی , بەھەشتێک لە حیکایەتی حەرام و

شۆرەدارێکی قەدەغەی ژێر سێبەری دەست بردنم

پێی دەزانم ..!.

لە رقتا پەرچم دەکەیت و لە دڵرەقیتا دەمچێنی

لە بەربوونەوەی ھەر سێوێ

نووسینەوەی پەرەی ھەر کوفر و گوناھێک

لێت تێدەگەم , دۆزەخ منم

وەختێ لە توێشووی سەفەری موحیبەتدا دەتشارمەوە

لە پریاسکەی تۆزگرتووی حەرفی یاخیتا ھەڵمدەگری

بەردەوام بە لە ھەڵچنینی ئەو عومرە

تا ئارامتر بە پەنایدا گۆزەرکەم و

شوێن پێی کەوتووم بناسییەوە

با غەریبیت وەک پلانی داگیرکاری

یەکەم ھاتن , دواین سەفەری ئاوابوون

بمکات بە ماڵی ئولفەت و جێ نزرگەی دێوانە بوون

تا ھێز لە پاژنەی ئاسنینتا خولیا بە پاڵەوە بگرێ

بۆ داکشانی کەف رەنگیی کەنارەکانی شەقار بوون

تا کردنەوەی دواین قوفڵی سەرابەکانی مەعشوقییەت

تا دەسپێکی ھەناسەی حەزی لەیەکچوون

کە ھەردووکمان لە زاکیرەی شەرمێکی ئۆقرەگرتوودا

دەستمان بۆ ھەور رادەخەین و

پێڵوەکانمان بۆ نیشتنەوەی دوو کۆترە کێویلکەی یاخی

تا ئەوپەری ناسینەوەی گمەی یەکتر

ئیتر دەڵێم , دۆستی ئازیز

عەشق پاڵتۆیەکە بی رەنگ

دەشێ بە جووت شەری زستانی پێ بکەین

بە باران بڵێین ئاوابە

بە چەترەکەی نێو فەرھەنگی گەرووی قەڵەم

بڵێین سەرخەوی بشکینە لەو دیوو مانای تەربوونەوە

کە دەبیتە لەتێ لەجەستەی ئەم دوورییەم

لە پەنجەرەی ئەرخەوانی بەیانیانێکی ئاڵەوە

بانگم دەکەی , تا پێم بڵێی

لە قەترانترین شەویشدا من رستە فسفۆرییەکانت

دەناسمەوە ، با نەمناسیت

وەختێ پەنجەی تاوەسووتت

لەسەر دڵم دادەنێت و

ترپەکانی نوقمی تاڤگەی سۆزت دەبن

پیتەکان سوور ھەڵدەگەرێن

وشەکان لەگۆ دەچنەوە

لە میحرابی روانینێکی ترۆپکی سپی خۆشویستن

ئیتر دەبینە دوو لەتی تارماییەک لە یەکتردا

لە سرینەوەی ئەدرێسی خاڵی گومان

ئەوجا لە پەراوێزی نۆبەرەی پاییزێکی راکشاوما

شانم دەنێم بەشانتەوە

چونکە مەعلومە ئەم ھەورە داناکات و

بە نەزۆکی مل دەنێت بەرەو ماڵباتی

کوانووی پر پشکۆی رۆژھەڵات

تۆش سیمفۆنیای سەمایەکی پەپوولەیم لەبەر دەکەیت

مانگ لە چەقی ئاسمانێدا رادەگریت و

ئاوینەکان لە بەر باڵای سووتانێکی لەسەرخۆدا

پەراش پەراش ھاڕڕڕڕڕڕە دەکەن

مەستانەتر لەم فیراقی کوشندەییە بێ تۆیەدا

دەتدۆزمەوە و .. دەگەمە لات

 

٨/٧/٢٠١٣

 

Qadirzada.com © 2009-2022. All rights reserved