گوڵە.. تۆش لە سەمای ئاو تێناگەی

فاتیح سەلام *

تۆش لە سەمای ئاو تێناگەی

راڤەی ھەورێکی کۆچەری و

ژانی چەخماخەی ئاوسی ( خەت ) ی بارانیش نازانی!..

نیگاکانت کل رێژ مەکە ، بەرەشی شەو

چاوێلکەکەت بێنە خوارێ

تا نیوەی خۆت لە پاییزی ئۆغر خێری و دابرانا

بدۆزییەوە

ھەنگاوەکان بە تەقەڵی سەفەرتەوە دامەدوورە

لە پێش ئاوێنەی شکاوی نۆبەرەی یەکەم تەکانا

چەقۆ مەنێ بە گەردنی دیلیتەوە

بەسوننەتی دارەمەیتا ھەڵمەشاخێ

کاتێ پرچت رەنگی خۆرنشین قووت دەدا و

ئەھریمەن دوو پشکۆ برۆی دۆزەخی خۆیت دەداتێ

شاباڵەکانتم بدەرێ

من بەندەری ئەزەلیەتی جادەیەک چۆڵ چاوەروانمە

تا رەنگی گوڵ ، لە کراسی غەریبیتا دادرم  و..

بیدەمەوە بە چاوی باخ

لە رۆژھەڵاتی دیتنما

گمەی کۆترەکانی دووریت بچنمەوە

لەو دیوو رێژنەی بارینەوە قەدەغەیت بزمار رێژکەم

چەترەکەت تووڕدەم  تا تەربوون

چاوێلکەکەش بێنە خوارێ

ئاسمانێک لە چرای حەرفی  داگیرساوت

بانگی یاخی بوون ھەڵدەدەن

کەوی نابن بە تەلبەندی ھیچ سنوورێ

گوێ نادەنە ترس و نۆقی

ھیچ چەکدارێ

ھیچ پاسدارێ

٢٧/١٢/٢٠١٢

Qadirzada.com © 2009. All rights reserved