‌کێ دوژمنی پزیشکانە؟ حزب یان خەڵک

 

 

فایق گوڵپی

 

پزیشک تاکێکی سەرکەوتو و زیندوی کۆمەڵگاکەیەتی، سەرمایەیەکی زانستییە، پیشەکانی تر ناراستەوخۆ خزمەتی خەلک دەکەن، پیشەی پزیشکی راستەوخۆ خزمەتی خەڵک دەکات. بەڵام پزیشک تاکێکی دابراو نییە لە کۆمەڵگا، پزیشک تاکیکی چالاک و بەرپرسیاری کۆمەڵگایە، لە یەک کاتدا دوو بەرپرسیاری گرانی لە ئەستۆیە، بەرپرسیاریەکی تایبەتی خۆی کە دەبێت ژیانێکی خۆش بژیت و گەشە بە توانا زانستی وهونەریەکانی بدات،بەرپرسیاریەکی تری کۆمەلایەتی بەرامبەر خاک و گەلەکەی لە ئەسستۆدایە. ئەگەر پزیشکان خۆیان لە کۆمەڵگا داببرن و دیوارێکی ئەستور لە نێوان پزیشکان و کۆمەڵگادا دروستبکەن، (وەک ئەوەی ئەمرۆ لە هەریمی کوردستاندا دەبینرێت)،هەست بە ئێش و ئازاری ئەوانی تر نەکەن، ئەوانی تریش هەست بە ئێش و ئازاری پزیشکان ناکەن.

 

لە عێراق بە گشتی و لە هەرێمی کوردستان بە تایبەتی، دەمێکە پزیشکان بە دەستی سیستەمی تەندروستی و هزری دواکەوتوی دەسەڵاتدارانەوە دەناڵێنن، سیستەمی حوکمرانی ئەوپەری هەوڵی داوە مافەکانی پزیشکان دابین نەکات و کەم و کوڕی خزمەتگوزاری تەندروستی هاولاتاین بخاتە ئەستۆی پزیشکان.

 

لەو کاتەوە کۆرۆنا بڵاوبۆتەوە، رۆڵ و قوربانی  پزیشکان و هاوکارەکانیان دڵی زۆرێک لە دەسەلاتداران و پێکهاتە کۆمەڵایەتیەکانی جیهانی بەرامبەر بە پزیشکان نەرمکردووە، لە روی مەعنەوەی و مادییەوە هاوکاری ئەو توێژە گرنگەی کۆمەلگایان زیاتر کردووە.

 

بەڵام ئەوەی لە  هەرێمیکوردستاندا، نەک گرنگی بەو تویژە گرنگەی کۆمەڵگا نەدرا، مافە سەرەتاییەکانی پزیشکان و کارمنەدانی (موچەی مانگانە)  فەرامۆش کردووە و  لە کاتی خۆیدا مووچەیان ناداتێ.

 

بەرامبەر بەو بێریزی و پێشێلکاریەی مافی پزیشکان لە لایەن دەسەڵاتەوە، چەندین جارە پزیشکان پەنا بۆ مانگرتن دەبەن، ئەم مانگرتنە بۆ دەسەڵاتیک دەبێت کە گرنگی بە مافی مرۆڤ بدات و بە گوێرەی دەستور و یاسا حوکم بکات، ئەم مانگرتنە بەرامبەر بە دەسەلاتێک راست نییە کە چیژلە ئازاری تاک و پێکهاتە کۆمەڵایەتیەکانی ولاتەکەی وەربگرێت. لە لایەکی ترەوە کاتیک پزیشکان ماندەگرن، کۆمەڵگا وە بە تایبەتی چینی هەژارانی کۆمەڵگا، هێندەی تر زیان دەکات، نەخۆشیەکانیان گەشەدەکەن و مەترسی لەسەر ژیانیان دروستدەبیت، توێژەکانی تری کۆمەڵگا دەڵین پزیشکان هەست بە بەرپرسیاریتی بە گەلەکەیان ناکەن،هێندەی تر پێوەندی نێوان پزیشکان و توێژە کۆمەڵایەتیەکان ناکۆکی تێدەکەوێت، هێندەی تر پزیشکان لە رووی کۆمەلایەتیەوە پەرواێزدەخرێن و لە رووی  دەرونییەوە ئازار دەچێژن.

 

بۆیە من لای خۆمەوە مانگرتنی پزیشکان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان بە شێوە خەباتیکی گونجاو نابینم، لەبەر ئەوەی کارێگەری لەسەر بریاری دەسەلات نییە، لە روی کۆمەڵایەتی و زانستی و دەرونییەوە پزیشکان زیانی لێدەکەن و بەر لۆمەو توانج و بریندارکردنی توێژە کۆمەلایەتیەکانی تر دەکەون.

 

شێوە خەباتی گونجاو بۆ پزیشکان و بۆ هەموو توێژەکانی تری کۆمەڵگا بە لای منەوە بەم شیوەیە دەبێ.

 

١.یەکەم جار دەبێت پزیشکان بزانن هۆکاری سەرەکی دروستبوونی کێشەکانی پزیشکان و توێژەکانی تر چییە و کێیە؟ بە بروای من لە هەرێمی کوردستاندا هۆکاری سەرەکی کێشەکان ئەو حزبانەن کە دەستیان بەسەر دەسەلات و ئابوری ولاتدا گرتووە، بۆیە دەبێت پزیشکان کاریک بکەن سزای حزبە دەسەلاتدارەکان بدەن، نەک بە مانگرتن سزای خەڵک بدەن، بۆیە دەبێت پزیشکان بگەنە ئەو باوەرە کە خەڵک( نەخۆش و مرافق) دوژمنی ئەوان نییە، حزب دوژمنی ئەوان و هەموو چینەکانی تری کۆمەڵگای کوردستانە و دەبێت بەرۆکی حزب بگیرێت.

 

٢.بۆیە لە باتی ئەوەی پزیشکان لە کارەکانیان مانبگرن، دەبێت بە خۆپێشاندان و نارەزایی دەربرین بچنە بەربارەگای حزبە دەسەلاتدارەکان، ئەو حزبانەی دەستیان بەسەر سامانی سەرزەمینی و ژێرزەمینی خەڵکی کورستاندا گرتوە و بەشی کەسی ڵینادەن. لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستدا، پزیشکانی سودان، بە خۆپیشاندان و نارەزایی دەربڕین، پێشەنگایەتی شۆڕشی سودانیان کرد و رژێمی جەعفەر نومێریان روخاند. پزیشکانی تونس راپۆرتی پزیشکیان لەسەر حەبیب بورەقیبەی سەرۆک کۆماری تونس  نوسی کە پیاوێی خەڵەفاوە و بە کەڵکی حوکمرانی نایەت، بەو راپۆرتە پزیشکیە بورەقیبە لەسەر حوکم لادرا.

 

٣.پزیشکان خاوەنی رێکخستنێکی پێشەیی نین، سەندیکای پزیشکانی کوردستان دەمێکە لە لایەن حزبەوە داگیر و دابەشکراوە و نوزەی لێبراوە. ژمارەیەکیش لە پزیشکان لە رێگەی حزبە دەسەلاتدارەکانەوە هزریان داگیرکراوە و بە لارێدابراون، لە باتی ئەوەی ئاگایان لە ئەرکە پیشەییەکەیان بێت و خۆیان  بەرامبەر بە کۆمەڵگا بە بەرپرسیار بزانن، تەنها گوێرایەڵی بریاری حزبەکانیان دەبن. تەنها بیرلەوە دەکەنەوە ئەو چالاکیەی ئەوان دەیکەن سوودی بۆ حزبە هەیە یان زیانی بۆ حزبە هەیە.

 

بۆیە ئەگەر پزیشکان بیانوێت وەک توێژێکی زوڵملێکراوی کۆمەڵگا بە مافەکانیان شادببنەوە، دەبێت خۆیان لە ژەهری حزبایەتی پاکبکەنەوە، دەبێت دەست لە سیاسەتی حزبایەتی دەمارگیر هەڵگرن و سەندیکای سەربەخۆی پیشەیی پێکبێن و لە رێگەی ئەو سەندیکایەوە داوای مافەکانی خۆیان بکەن. دەبێت پزیشکان رازی نەبن  پۆستی وەزیری تەندروستی و بەرێوەبەر گشتی تەندروستی شارەکا ن و بەریوەبەری نەخۆشخانەکان بە کادری حزبەکان پڕبکرێتەوە، دەبێت پزیشکان لە خەڵکی سەربەخۆ ئەو بەپرسانە هەڵبژێرن.

 

٤.نابێت پزیشکان خۆیان بە تەنها بۆ مافەکانی خۆیان چالاکی بکەن، دەبیت شانبەشانی توێژەکانی تری کۆمەلگا، ئەو توێژاننەی کە دەسەلات مافی ژێرپێخستوون، چالاکی بکەن.ئەمەش پێویستی بەوە هەیە، پزیشکان، کارمەندانی تەندروستی، مامۆستایان، کەمئەندامان و ئەوانی تر، پێکەوە لە رێگەی رێکخراویی پێشەیی سەربەخۆوە دەست بەچالاکی بکەن.لە لایەکەوە لەو یەکگرتنە هێز بەرامبەر دەسەڵات دروستدەبێت و دەسەلات ناچار دەکات گوێ لە داواکانیان بگرێت، لە لایەکی تریشەوە یەکریزی کۆمەلایەتی لە ناو خەڵکدا دروستدەبێت و توێژەکان دێنە لای یەکتر و باس لە بەرنامەی کار و چالاکی ئایندە دەکەن.

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved