ڕێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكوومەتی هەرێم وەڵامی راپۆرتێكی یۆنامی دەداتەوە

 

 

رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە وەڵامی راپۆرتێكی یۆنامی سەبارەت بە رەوشی منداڵان لە ململانێی چەكداری لە عێراق، رایگەیاند، بە سەدان تیرۆریست كردەوەی خۆكوژییان ئەنجام داوە كە بەشێكیان لە رێگای بەكارهێنانی مێرمنداڵانەوە بوون.

 

رۆژی ٢٣ی دیسەمبەری ساڵی ٢٠١٩ ئەمینداری گستیی نەتەوە یەكگرتووەكان، سێیەم راپۆرتی خۆی بە ناونیشانی (منداڵ و ململانێی چەكداری لە عێراق) بڵاو

سەبارەت بە راپۆرتی ناوبراو، د. دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێم رایگەیاند:

 

ڕاگەیەندراوەکە بەم شیوەیە:

 

 حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لەو راپۆرتانە دەكات بە شێوەیەكی بابەتیانە و شەفاف كە باس لە هەرێمی كوردستان بكات، ئەوەی لە راپۆرتی ئەمنیداری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان (منداڵ و ململانێی چەكداری لە عێراق)  تێبینیمان كرد ئەوەیە ئاراستەكردنی تۆمەت بۆ هێزەكانی پێشمەرگە بێ بنەمایە و سەرچاوەكانی دیار نین و شوێنی ئەنجامدانی رووداوەكانی بە روونی ئاشكرا نەكردووە، چونكە باس لە رەوشی منداڵان دەكات بە شێوەیەكی گشتی لە ئەنجامی شەڕی تیرۆریستان داعش لە ماوەی ١ی تەمموزی ساڵی ٢٠١٥ تا ٣١ تەمموزی ٢٠١٩.

 

هەروەها پێش بڵاوكردنەوەی راپۆرتەكە نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان هیچ لایەنێكی ئاگادار نەكردۆتەوە بۆ وردبوونەوە و بەدواداچوون لە راستی زانیارییەكانیان. لەلایەكی ترەوە تا ئێستا ژمارە هەرە زۆرەكەی گۆڕەبەكۆمەڵەكانی قوربانیانی دەستی داعش هەڵ نەدراونەتەوە تاكو زانیاری تەواو دەربارەی قوربانیان، ژمارەیان، تەمەنیان، شوێن و كاتی رووداوەكان ئاشكرا بكرێت. دیندار زێباری هەروەها گوتی: ئاراستەكردنی تۆمەت بۆ هێزی پێشمەرگە و تێكەڵ كردنی بە كردەوەی میلیشیا چەكدارەكان و لەبەرچاو نەگرتنی ئەوەی كە گەلی كوردستان خۆی گەورەترین قوربانیی دەستی تیرۆرە ئەوە نیشان دەدات كە ئەم راپۆرتە پەلە كردنی زۆری پێوە دیارە بێ وردبوونەوە لە سەرچاوەكان.

 

پێشمەرگە رووبەڕووی تیرۆریستانی داعش بووەوە لە سنوورێك كە زیاتر لە ١٠٠٠ كیلۆمەتر بووە و تەنیا لە ناوچەكانی دەشتی نەینەوا (زوممار، رەبیعە تا شنگال) زیاتر لە (326كم) خاكمان ئازاد كردووە. لەو ماوەیەدا چەندین شەڕی قورس لە نێوان هێزی پێشمەرگە و تیرۆریستانی داعش روویدا و داعش لەو ماوەیەدا بە سەدان ئۆتۆمبێلی مینڕێژكراوی دژی پێشمەرگە بە كارهێنا، هەروەها بە سەدان تیرۆریست كردەوەی خۆكوژییان ئەنجامدا كە بەشێكیان مێرمنداڵ بوون و لەلایەن داعشەوە چەكدار كرابوون، جگە لەم كردەوە خۆكوژیانە داعش سەدان خانووی هاووڵاتیانیان خاپور كرد و لەدوای خۆیان ناوچەكەیان بۆمبڕێژ كرد بوو، بەداخەوە بەم كارە ژمارەیەك پێشمەرگە بوونە قوربانی لە كاتی پاككردنەوەی ناوچەكە لە مین و تەقەمەنی.

 

سنووری رووبەرووبوونەوەی نێوان هێزی پێشمەرگە و داعش زۆر فراوان بوو و لەو ماوەیەدا بەردەوام تیرۆریستان هەوڵیانداوە كرداری خۆكوژی ئەنجام بدەن و لەم كردەوە تیرۆریستانە جگە لە تیرۆریستان خەڵكی سڤیل و تەنانەت پێشمەرگەش بوونەتە قوربانی، و لەبەر سەختی شەڕەكان و نزیكی سەنگەرەكان لە یەكتری نەتوانراوە زۆر جار وەك پێویست تەرمەكان بنێژرێن، بۆیە بەشێوەی كاتی(ئەمانەت) بەپێی شەریعەتی ئیسلامی نێژراون و دوور نییە ئێستاش گۆڕی بە كۆمەڵ هەبن كە قوربانیانی دەستی داعشن.

 

لە چاكسازییەكانی ژنان و منداڵان چەندین مێرمنداڵ بە تۆمەتی پەیوەندییان بە داعشەوە دەستگیر كراون و بە بەڵگەوە سەلمێنراوە كە پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووە و بەشدارییان لە كردەوە تیرۆریستییەكانیشدا كردووە، تا ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٩ لە بنكەی چاكسازی هەولێر (٩٠) كەس لە نەوجەوانان و ئافرەتان و منداڵ هەبوو لەوانە (١٤) كوڕ كە راگیراوە و (٥٠)ی دیكەش لە كوڕەكان فەرمانی سزایان بۆ دەرچووە ئەمانە تەمەنیان لە (١٨) ساڵ كەمترە لەگەڵ (٢٦) ئافرەت و لە ماوەی رابردووشدا ژمارەیەكی زۆریان كە بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیركرابوون ئازاد كراون و رەوانەی ئەو شوێنانە كراون كە لێوەی هاتبوون، هەروەها سكاڵا دژی دەزگا ئەمنییەكان لەلایەن گیراوانەوە نەبووە، و لە چاكسازییەكان هیچ ئاسەوارێكی ئەشكەنجەدان لەسەر جەستەی دەستگیركراوان بەدی نەكراوە.

 

ئەو كەسانەی كە تەمەنیان لە (١٨) ساڵ كەمترە و روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و گومانیان لێ دەكرێت پێشتر پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووبێت، ئەوا وەك قوربانیی دەستی داعش مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت نەك تاوانبار و گرنگییەكی تایبەتییان پێدەدرێت ئەم پرۆسەیەش بە هەماهەنگی لەنێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و رێكخراوە ناحكوومییە بیانییەكان ئەنجام دەدرێت.

 

لە كاتی دەستگیركردنیشیاندا ئەو مێرمنداڵانە هەمان مافی راگیراوانی دیكەیان هەیە وەك بوونی پارێزەر، بەڵام ئەگەر نەیتوانی ئەوا لەسەر دادگا پێویستە پارێزەری بۆ دابین بكات و لەم رووەوە رێكخراوی یونیسێف بەم دواییە پارێزەرێكی راسپاردووە بۆ بەدواداچوونی كەیسەكانی راگیراوان لە چاكسازیی هەولێر و لایەنە پەیوەندیدارەكان هاوكارییەكی زۆری ئەو پارێزەرە دەكەن و بەم دواییە ژمارەیەك لە گیراوان لە رێگای پارێزەرەكەوە ئازاد كراون، هەروەها دەتوانن تەلەفۆن بەكاربهێنن و پەیوەندیی بە كەسوكاریانەوە بكەن بە شێوەیەكی ئاسایی. لە لایەكی دیكەوە پرۆگرامێكی تایبەت دانراوە بە رەزامەندی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی بۆ ئەوەی ئەم دەستگیر كراوانە سوودمەند بن لە پرۆسەی خوێندن بە زمانی عەرەبی و بڕیار وایە بەم زووانە ئەم پرۆسەیەی دەستپێبكات بۆ ئەوەی گیراوان لە پرۆسەی خوێندن بێبەش نەبن.

 

پێویست بوو یۆنامی لە راپۆرتەكەیدا ئاماژە بە قوربانییەكانی پێشمەرگە بكات لە میانەی شەڕی داعش بۆ سەلماندنی بێلایەنی راپۆرتەكەیان، كە لەو شەڕەدا ژمارەیان گەیشتە (١٨١٤) شەهید و (١٠٧٢٥) بریندار و (٤٤) دیل. لەلایەكی دیكەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونی پێویست لە بوونی هەر حاڵەتێك كە پێشێلكاریی مافی مرۆڤی تێدا بێت، و ئێستاش ئامادەیە بۆ هەر لێكۆڵینەوەیەك سەبارەت بەم بابەتە، ئەمەش بۆ بەردەوامبوون لەسەر ئەو پرەنسیپانەی كە پێوەی پابەندە و پەیڕەوی دەكات.

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved