QADIRZADA.COM
| ||
|
||
نهخۆشییه دهروونییهكان
نهخۆشییه دهروونییهكان و گرنگی بهتهنگهوه چوونی دووچاربوان:
شێوازی پەروەردەییی لە کۆمەڵی کوردەواریدا شێوازێکی ناتەندروستە بەواتا پەروەردەییەکەی، ئەمەش پەیوەندی بەو ناهاوسەنگیەوە هەیە کە لەنێوان پەروەردەی واقیعی و دابو نەریتەکاندا هەیە، دابونەریتەکان کە سیاقێکی دوورو درێژی هەیە و بوەتە خوو، ڕۆژانە سیخناخە بەسەر تێکڕای ڕەنگدانەوەکانی ڕەفتارماندا، لەونێوەندەدا ( ناخ ) پڕە لە شاراوەی سەیر و سەرسوڕهێنەر کە بەدەیان ( ئەکلینیکی ) سەرودەری لێ دەرناکەن، شەرم وەکو دێوەزمەیەک لەبەردەم هەناسە قوڵەکاندا خۆی مەڵاس داوە و ناهێڵێ بەڕاشکاوی منداڵان، کچان و کوڕان، دایکان و باوکان، ئەوانەی کە ناخییان نەخۆشە بدوێن، ( ناخ )یش جەستەکان دەشێوێنێ و ڕەفتارەکان لاسەنگدەکات. مرۆڤ کاتێک تووشی ناساغیی دەبێت، خۆشحاڵە بەزوترین کات بزانێت بە نەخۆشییەکەی بۆ ئەوەی داوای ڕاویژ و چارەسەرکردن بکات.بەهۆی بوونی چەند نیشانەیەکی ئاشکرا لە نەخۆشییە جەستەییەکاندا وەک : ئازار، تا، تێکچوونی کاری ئەندامێکی لەش و چهند نیشانهیهكی دیكه … نەخۆشەکە زوو ئاگادار دەبێتەوە و بەئاشکرا باسی دەکات و هەوڵی چارەسەرینەخۆشییەکەیدەدات.
تەندروستی مرۆڤ تەنها لایەنی جەستەیی نییە، بەڵکو تەندروستی دەروونییش دەگرێتەوە. واتا توشبوونیشی بەنەخۆشی تەنها لەڕوی جەستەییەوە نییە، بەڵکو نەخۆشییە دەروونییەکانیش دەگرێتەوە. چۆن پێویستە لەکاتی خۆیدا داوای ڕاوێژو چارەسەر بکرێت بۆ نەخۆشییە جەستەییەکان، بەهەمان شێوەش پێویستە بۆ گرفت و نەخۆشییە دەروونییەکان.بەڵام بەداخەوە ئاستی ڕۆشنبیری کۆمەڵی کوردەواری بەرامبەر نەخۆشییە دەروونییەکان زۆر کەمە و زیاتر نەخۆشییەکان دەشارنەوە و لێکدانەوەی هەڵەیان بۆ دەکەن، یان بەشێوەی نادروست داوای ڕاوێژ و چارەسەر دەکەن.
لەگەڵ بوونی ژمارەیەکی زۆر خەڵکی تووشبوو بە گرفت و نەخۆشییە دەروونییەکان، وەکو پێویست ئاوڕنەدراوەتەوە لەم لایەنە بە بەراورد بەنەخۆشییە جەستەییەکان لای خودی نەخۆش، کەس وکاری نەخۆش، کۆمەڵگا، حکومەت ، دەزگاکانی ڕاگەیاندن، خولەکانی ڕۆشنبیرکردن سهبارهت به بڵاویی نەخۆشییە دەروونییەکان ، ناوەکانیان، چارەسەرکردنیان، شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵیان جیاوازی هەبووە لە سەدە کۆنەکانەوە تاکو گەیشتۆتە ڕۆژگاری ئێستا لەگشت کۆمەڵگا و کەلتورە جیاوازەکاندا.
شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ نەخۆشییە دەروونییەکان لەگەڵ تێپەڕبوونی کات لەگۆڕاندا بووە وشێوازێک جێگەی شێوازێکی تری گرتۆتەوە، یان لەهەمان کات و هەمان کۆمەڵگا زیاتر لە شێوازێکی مامەڵەکردن هەبووە لەگەڵ نەخۆشییەکان، لەکۆندا زیاتر لە بیروباوەڕە ئاینیەکانەوە سەرچاوەی گرتبوو، بڕوایان وابوو نەخۆشەکە بەهۆی هێزێکی باڵای سروشتەوە توشبووە یان گیانێکی دڕندە چۆتە جەستەیەوە وەکو سۆمەرییەکان، بابلییەکان، ئاشورییەکان، فرعەونەکان، هیندەکان، یۆنانییەکان، ئەوانەش بەگشتی لەڕێگەی کاهن و جادوگەرەکانەوە هەوڵیان دەدا ئەو هێزە بناسن کە توشی کردووە، یان ئەو گیانە دڕندەیە بکەنەدەرەوە لە جەستەی بەمەبەستی چارەسەر کردن.
لە کۆمەڵگا ئیسلامییەکانیشدا خەڵکی لێکدانەوەیان بۆ نەخۆشییە دەروونییەکان ئاماژە کردنە بەوەی جنۆکە چۆتە لەشییەوە یان دەستی لێوەشاندووە. بۆ چا رەسەرکردنی حاڵەتەکەش، کۆمەڵیک ڕێگا بەکاردەهێنن وەکو لێدان، بەستنەوە ، جۆری سزای تر، بڕواشیان وایە ئەم سزایانە ئاڕاستەی نەخۆشەکە ناکرێت، بەڵکو بۆ ئەو جنۆکەیە دەبێت کە چۆتە لەشییەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە چەندین نەخۆش بۆ ماوەیەک دوادەکەون لەچارەسەربەهۆی ئەم بۆچونانەوە.
وەکو ئاشکرایە ئاینی پیرۆزی ئیسلام ئەم جۆرە مامەڵەکردنە لەگەڵ نەخۆشییە دەروونییەکان ڕەتدەکاتەوە و ئەو کارانە زیاتر لە داب و نەریتەوە سەرچاوەی گرتووە نهک ئایین، لەگەڵ ئەوەی پیاوانی ئاینی ئەنجامی دەدەن. بەڵام ئێستا نەخۆشییەکان بڵاوبوونەوەیەکی فراوانیان بەخۆوە بینیوە لەگشت وڵاتانی جیهاندا و هیچ کۆمەڵگایەک نییە گرفتاری ئەو نەخۆشیانە نەبێت. ڕێژەی بوونی نەخۆشییەکان لەشوێنێک بۆ شوێنێکی تر جیاوازە، بەڵام بۆ هەندێک نەخۆشی ئەو جیاوازیەش نییە و ڕێژەکە چونیەکە.
لەژێر ڕۆشنایی ئەو سەرژمێریانەی پەیمانگای نیشتمانی بۆ تەندروستی ژیری ( National Institute of Mental Health ) لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەنجامی داوە ، نەخۆشییە دەروونییەکان بەشێوەیەک فراوان بوون ژمارەیەکی زۆری خەڵک لەجیهاندا گرفتارن لەدەستیان. دەرکەوتووە 27 ملیۆن گەورە و 7.5 ملیۆن منداڵی پێگەیشتوو دەستنیشان کراون بەوەی یەکێک لە نەخۆشییە دەروونی یان ژیرییەکانیان هەیە. ئێستا هەندێک ڕایپۆرت ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن ژمارەی منداڵانی پێگەیشتووی توشبوو بەرزبۆتەوە بۆ ( 11 – 14 ) ملیۆن. لەیەکێک لە دراسە روپێوییەکاندا لە ساڵی 1994 لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەنجامدرا، لەلایەن (National Institute of Mental Health) ) بە دیمانه کردنی ( 8098 ) کەس لە ژن و پیاو لە نێوان تەمەنی ( 15 –54 ) ساڵ ، دەربارەی بوونی هەندێک لە نەخۆشییە دەروونییەکان ئەنجامەکەی بەم جۆره بوو.
جۆری نەخۆشییە دەروونییەکان لەساڵێکدا
خۆشبەختانە لەگەڵ بڵاوی و زۆربوونی گرفت و نەخۆشییە دەروونییەکاندا، لەبەرامبەردا باسکردنی هۆکارەکانیان بەشێوەیەکی زانستیی و تایبەتمەندی نەخۆشییەکان بۆ دەستنیشانکردن وچارەسەرکردنیان ههروهها شێوازی مامەڵەکردنی گونجاو لەگەڵیان و شێوازی خۆپاراستن لێیان ، دەرچوونی چەندین کتێب و بڵاوکراوە لەو بارەیەوە، بەرەوپێشچونێکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە .
بەڵام بەداخەوە لەکۆمەڵی کوردەواریدا تاکو ئێستا کەم و کورتی و بۆشاییەکی فراوان هەست پێدەکرێت لەم لایەنەدا و زۆرێک لەحاڵەتەکان دەستەوسانن لەبەرامبەر نەخۆشێکەیاندا ونازانن چی بکەن بۆ ئەوەی جارێکی دی بگەڕێنەوە سەر دۆخی جارانی خۆیان و هەمان توانای بەئەنجامگەیاندنی ئەرک و کارەکانی ژیانی ڕۆژانەیان بۆبگەڕێتەوە.
زوربەی ئەو كهسانەی توشی یەکێک لەنەخۆشییە دەروونی یان کێشە هەڵچونییەکان بوون وادەزانن تەنهان و کەسی تر حاڵەتی ئەوانی نییە یان بەرامبەرەکانیان لێیان تێناگەن، لەبەرئەوە زۆرێکیان حاڵەتەکەیان ئاشکراناکەن و تەنانەت هەندێک جار نکوڵی حاڵەتەکەش دەکەن لەگەڵ خۆشیانا، بەوەی نەخۆشی یان کێشەیەکیان هەبێت. زۆربهی زۆری ئهو نهخۆشانه بەهۆی جۆری نەخۆشییەکەیان بەرچاوڕون نین بەحاڵی خۆیان و نکوڵی دەکەن نەخۆش بن، تاکو داوای چارەسەر بکەن . بەڵام پێویسته له سهر خێزان بهتهنگ كێشهی دهرونیی ئهندامهكانیانهوه بچن و پشت گوێی نهخهن، دهكرێت كه سێكی توش بوو به نهخۆشییهكی دهرونی بۆ ماوهیهكی درێژ خایهن، به چهند رۆژخه وتن له نهخۆشخانهو بهكارهێنانی دهرمانی تایبهت ئاسایی بێتهوه و درێژه به ژیانی ئاسایی خۆیی بدات له بری ئهوهی له گۆشهی ماڵهكاندا بمبَنێتهوه. پێویسته ئهوه بزانین ناكرێت لە بەرامبەر نەخۆشییە دەروونییەکاندا خەم سارد بین یهتایبهتی له داواکردنی ڕاوێژ و چارەسەر بۆیان بەزوترین کات ، لەکاتێکدا ئهو نهخۆشیانه بەو ڕێژانە هەبن كه باسمان كرد وهاوكات هۆشیاری خێزانەکانی کۆمەڵی کوردەواریشمان له ئاستی پێویستدا نهبێت. ئەو خێزانانەی ئەندامێکی تووشبوو بە نەخۆشی دەروونییان هەیە بەچەند تێڕوانین و شێوازێکی جیاواز داوای ڕاوێژو چارەسەردەکەن:
1- داوای ڕاوێژ و چارەسەر لە پزیشکی پسپۆڕ لەبواری جەستە بەگشت بەشەکانییەوە ( هەناوی، نوژداری، دەکەن). 2- داوای ڕاوێژ و چارەسەر لە پزیشکی پسپۆڕی دەروونی دەکەن. 3- داوای ڕاوێژ و چارەسەر لە پیاوی ئاینی ( شێخ، مەلا، قەشە، دوعا نوس) دەکەن، یان چوونە سەر گۆڕی پیاوانی ئاینی. 4- لەناو خێزانەکەدا وتوێژ لەسەر نەخۆشییەکە دەکەن و هەوڵ دەدەن ئاشکرای نەکەن و بەشاراوەی بمێنێتەوە.
زۆرینەی خێزانەکان هەوڵ دەدەن بەچونەلای پزیشکێکی هەناوی نەخۆشەکەیان چارەسەر بکەن، لەبەرئەوەی بەلایانەوە ئاساییە ئەم سەردانە، بەڵام ئامادەنیین سەردانی پزیشکی دەروونیی بکەن، لەبەرئەوەی شەرم دەکەن بەخێزانەکەیان بوترێت نەخۆشێکی دەرونییان هەیە. هەندێک خێزان پاش چوونەلای چەندین پزیشکی بوارەکانی جەستە ئەگەر نەیتوانی سود وەربگرێت، پاشان پەنادەباتە چوونەلای پیاوانی ئاینی، چونەسەرگۆڕی پیاوچاک و بەکارهێنانی ڕێگاکانی تر، تا لەکۆتایدا بەناچاری دەچێتە لای پزیشکی دەروونیی ،بەڵام زۆرجار بەشێوەیەکی نهێنی سەردانی پزیشک دەکات، تەنانەت لە کەسە نزیکەکانی خۆشی دەشارێتەوە. لەگەڵ بۆچونەکانی پزیشکی دەروونی هاودەنگ نییە و هەوڵدەدات نکوڵی واقیع بکات و بیسەلمێنێت نەخۆشەکەی لەڕوی جەستەوە نەخۆشە نەک دەروونیی . بەتایبەت زۆرینەی خێزانەکان داوادەکەن شیکاری تاقیگەیی بکرێت بۆ نەخۆشەکەیان تا بزانرێت نەخۆشی گرانەتا یان نەخۆشییەکی دیكه ی جەستەیی نییە.
گرنگه بزانین، چۆن ئەگەری ئەوە هەیە مرۆڤ توشی نەخۆشییەکی جەستەیی وەکو نەخۆشییەکانی جگەر، دڵ، گورچیلە ، سپڵ ، قوڕگ، یان گرانەتا و چهند نهخۆشییهكی دیكه ببێت بۆ هەرکام لەم نەخۆشیانەش لە کتێبە پزیشکییەکاندا تایبەتمەندییەکانیان دیاری کراوە، بەمەبەستی دەستنیشان کردن و چارەسەركردنیان. بەهەمان شێوەش ئەگەر هەیە مرۆڤ توشی نەخۆشییە دەروونی و ژیرییەکان وەکو: خەمۆکی، دڵەڕاوکێ، هیستیریا، وەسواسی، فۆبیا، نەخۆشییە دەروونی جەستەییەکان، شیزۆفرینیا، مانیا، چهند نهخۆشییهكی دهرونی تر ببێت كه بۆهەرکام لەم نەخۆشیانەش لە کتێبە پزیشکییەکاندا تایبەتمەندییەکانیان دیاری کراوە بەمەبەستی و چارەسەر بۆیان .
بۆچی دەبێت خێزانەکان لایان ئاسایی بێت ئەندامێکیان نەخۆشییەکی جەستەیی هەبێت و بەزووی چارەسەری بکەن و بەئاشکرا باسبکرێت بۆ ئەوەی خزم و کەس و هاوڕێکانی سەردانی بکەن ، بەڵام شەرم بکەن نەخۆشێکی دەروونییان هەبێت و بیشارنەوە، لەکاتێکدا هەردوکیان نەخۆشیین و پێویستیان بەچارەسەر هەیە، بەڵام لەجۆری دووەمدا مافی کەسێک پێشێل دەکرێت و بێبەشدەکرێت لە چارەسەركردن. پەلەکردن لە داواکردنی راوێژ له حاڵهتی دوچاربوون به نهخۆشییه دهروونییكان: چۆن بزانیت پێویستیت بەیارمەتی و ڕاوێژ هەیە؟
ئەم کارە ڕاوەستاوە لەسەر توندی ئەو گرفت و نەخۆشییەی توشت هاتووە ، ئەگەر بۆتە هۆی گرفت بۆت لەم بوارانەی خوارەوە ئەوا پێویستیت بەیارمەتی و ڕاوێژ هەیە:
1- شوێنی کارکردن : توانا و ئارەزوی کارکردنت وەکو پێشتر نییە و جێگەی لۆمەی خۆت و چواردەورەکەشتی لەوبارەیەوە.
|
||
Qadirzada.com © 2009. All rights reserved
|
||