"مه‌هێڵن ده‌سه‌ڵاتی بێ باكی حزبی له‌وه‌ زیاتر یاری به‌ چاره‌نووسی كوردستان بكات"

ئه‌مڕۆ د.یوسف محه‌مه‌د سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان په‌یامێكی‌ ئاراسته‌ی‌ "برینداران و كه‌س و كاری شه‌هیدانی ١٧ شوبات و رۆژانی دوایی" كرد

 

ئه‌مه‌ش ده‌قی‌ په‌یامه‌كه‌‌:

به‌ناوی خوای گه‌وره‌و میهره‌بان

 

 خوشك و برایانی خۆشه‌ویست، برینداران و كه‌س و كاری شه‌هیدانی ١٧ شوبات و رۆژانی دوایی.

ئه‌مڕۆ هه‌مومان پێكه‌وه‌ له‌ كه‌ش و هه‌وایه‌كی سیاسی و ئابوری زۆر سه‌خت و دژواردا یادی ئه‌و رۆژانه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ رۆڵه‌ دڵسۆز و خه‌مخۆره‌كانی ئه‌م خاك و ئاوه‌ هاتنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و بانگی ئازادی و دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و بنبڕكردنی گه‌نده‌ڵیان دابه‌ گوێی ده‌سه‌ڵاتداراندا.

پێنج ساڵ له‌مه‌وبه‌ر خه‌ڵكی كوردستان به‌ هه‌موو چین و توێژه‌كانیانه‌وه‌ رژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و دژ به‌ ده‌سه‌ڵاتی حزبی به‌ شێوه‌یه‌كی مه‌ده‌نیانه‌ له‌ رێگه‌ی خۆپیشاندنان و رێپێوانه‌وه‌ خواسته‌كانی خۆیان خسته‌ڕوو، به‌ڵام له‌بری ئه‌وه‌ی گوێیان لێ بگیرێت له‌ لایه‌ن كاربه‌ده‌سته‌ حزیبییه‌كانه‌وه‌ درانه‌به‌ر رێژنه‌ی گوله‌ و چه‌ندین كه‌سیان شه‌هید و بریندار كرد.

له‌و كاته‌وه‌ تاوه‌كو ئێستا خه‌ڵكی دڵسۆزی كوردستان به‌ شێوه‌ی جیاجیا داوای ریفۆرمی سیاسی و ئابوری و شه‌فافیه‌ت و دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌م ده‌سه‌ڵاته‌ حزبیه‌ ده‌كه‌ن، كه‌چی ئه‌وان نه‌ك هه‌ر گوێگر نین بۆ داخوازیه‌كانی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك، به‌ڵكو رۆژ له‌ دوای رۆژ سورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی درێژه‌ به‌ سیاسه‌ته‌ هه‌ڵه‌كانیان بده‌ن و داهاته‌كان بشارنه‌وه‌و چین و توێژه‌ هه‌ژاره‌كان هه‌ژارتر ده‌كه‌ن.

ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ حزبیه‌ی كه‌ ئێستا له‌ رێگه‌ی ئینقلابه‌وه‌ كۆنترۆڵی شه‌رعیترین ده‌زگای ده‌وڵه‌تی كردوه‌ كه‌ په‌رله‌مانی كوردستانه‌، باكی به‌وه‌ نییه‌ ئه‌م نیشتمانه‌ كه‌ به‌ خوێن و فرمێسكی هه‌زران هه‌زار كه‌س بونیادنراوه‌ چاره‌نوسی چی لێ دێت، ئاگای له‌وه‌ نییه‌ خه‌ڵك له‌ چ دۆخێكی ناله‌باری ئابوریدا ده‌ژی.

گومان له‌وه‌دا نییه‌ ئه‌گه‌ر له‌ كاتی خۆیدا و له‌ ١٧ شوباتدا، داوا ره‌واكانی خه‌ڵك جێبه‌جێ بكرانایه‌، له‌ بری گوله‌بارانكردنی خۆپیشاندره‌ران چاكسازی ریشه‌یی بكرایه‌، ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌ی ئێستا دروست نه‌ده‌بوو، كوردستان له‌ دۆخێكدا ده‌بوو خه‌ڵك له‌ جیاتی مانگرتن و بایكۆد كردن بۆ موچه‌ و خزمه‌تگوزاری داوای سه‌ربه‌خۆیی و جیابونه‌وه‌یان ده‌كرد.

هه‌ڵبه‌ته‌ داخوازییه‌كانی خۆپیشانده‌رانی ٥ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر بوونه‌ هه‌وێنی بڕیاری ژماره‌ (یه‌ك و دوو)ی ساڵی ٢٠١١ ی په‌رله‌مان، كه‌ به‌شێكی یاساكانی ئه‌م خوله‌ی ئێستای په‌رله‌مان وه‌ك (یاسای كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان، یاسای سندوقی داهاته‌ نه‌وتییه‌كان، یاسای ئاماده‌كردنی پڕۆژه‌ی ده‌ستووری هه‌رێم بۆ ڕاپرسی و چه‌ند یاسایه‌كی تریش).

بۆیه‌ جێگه‌ی خۆیه‌تی له‌م بۆنه‌دا سه‌رجه‌م چین و تۆێژه‌كانی كۆمه‌ڵگای كوردستان، وێڕای به‌رزراگرتنی یادی ئه‌و شه‌هیدانه‌ی كه‌ له‌ پێناوی دادپه‌روه‌ریدا گیانی خۆیان كرده‌ قوربانی، درێژه‌ به‌ رێگاكه‌یان بده‌ن و نه‌هێڵن ده‌سه‌ڵاتی بێ باكی حزبی له‌وه‌ زیاتر یاری به‌ چاره‌ نوسی كوردستان بكات.

درود بۆ شه‌هیدانی ١٧ شوبات و رۆژانی دوایی و سه‌رجه‌م شه‌هیدانی كوردستان و سڵاو بۆ برینداره‌كانی ١٧ ی شوبات وڕۆژانی دوایی

 

 به‌رز و پیرۆز بێت خواست و داخوازییه‌كانی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك.

یوسف محه‌مه‌د سادق

 سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان

 ١٧ شوباتی ٢٠١٦

 

Qadirzada.com @ 2016. All rights reserved