پارێزگاری سلێمانی ٢٢ رێنمایی نوێی بۆ رۆژانی جەژن ڕاگەیاند

 

 

 

د.هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی و سەرۆكی لیژنەی ئۆپەراسیۆنی پارێزگای سلێمانی ٢٢ رێنمایی نوێی  بۆ رۆژانی جەژنی رەمەزان بڵاوكردەوە و داوا لەهاوڵاتیان دەكات بۆ خۆپارێزی زیاتر لەڤایرۆسی كۆرۆنا پابەندی رێنماییەكان بن.

 

دەقی راگەیەندراوەكە..

 

بۆ/ هەموو یەكە كارگێڕیی و فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی

بابەت/ گشتاندن

 

ئەمڕۆ، بە سەرپەرشتیی پارێزگاری سلێمانی و بە ئامادەبوونی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆناو لیژنەی باڵای ئارامیی پارێزگای سلێمانی و لیژنەی ئارامیی سلێمانی، لە دیوانی پارێزگادا لەسەر بنەمای بڕیارەكانی كۆبوونەوەی ڕۆژی (١٤/ ٥/ ٢٠٢٠)ی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان، پەیوەست بە هەڵسەنگاندنی قۆناغەكانی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆناو دۆخە نوێكان و ڕێنمایی و ڕێكارە پێویستەكان بۆ خۆپارێزیی و پاراستنی تەندروستیی گشتیی و پێشوازیكردن لە جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، كۆبوونەوە، لە كۆبوونەوەكەدا بە كۆی دەنگ ئەم بڕیارانە پەسەند كران:

 

١-هەموو دەروازەو مەرزو خاڵە سنورییەكان بۆ هاتووچۆی هاووڵاتیان و گەشتیاران بە داخراویی دەمێننەوەو كاتی پێویست دیاریدەكرێت بۆ گەڕانەوەی ئەو هاووڵاتیانەی هەڵگری پاسپۆرتی عێراقین بۆ هەرێمی كوردستان بەپێی بڕیارەكانی وەزارەتی ناوخۆو ڕێنمایی تەندروستییە كارپێكراوەكان ئەمەش تەنها لەڕێی دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخەوە دەبێت.

 

٢-ئاڵوگۆڕی بازرگانیی و جوڵەی بازرگانیی بەهەمان شێوەی ڕێنماییەكانی پێشوو بەردەوام دەبن.

 

٣-بازگەكان لەگەڵ شارەكانی تری عێراقدا بەڕووی هاووڵاتیان و گەشتیاراندا بە داخراویی دەمێننەوەو تەنها ڕێگا بە جوڵەی بازرگانیی و ئەوكەسانە دەدرێت كە لە ڕێنماییەكانی وەزارەتی ناوخۆدا دیاریكراون بەپێی ڕێنماییە تەندروستییەكان.

 

٤-تێرمیناڵەكانی گواستنەوەی هاووڵاتیان بۆ دەرەوەی هەرێمی كوردستان تا كاتێكی نادیار ناكرێنەوەو ڕێگا بە هاتنە ناوەوەی هیچ ئۆتۆمبێلێكی گواستنەوەی گشتی (تاكسی و پاس و مینی پاس)ێك نادرێت لە دەرەوەی هەرێمی كوردستانەوە، بێنە هەرێمی كوردستانەوە، بەتایبەتی سنوری ئیداریی پارێزگای سلێمانی.

 

٥-هەركەسێك لە هەر شوێنێكی دەرەوەی هەرێمی كوردستانەوە دوای ڕەزامەندیی وەزارەتی ناوخۆ بگەڕێتەوە پارێزگای سلێمانی، كۆرەنتینە دەكرێت‌و پێویستە پابەندی تەواوی ڕێكارو ڕێنماییە تەندروستییەكان بێت.

 

٦-قەدەغەی هاتووچۆی نێوان پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەهەمان ڕێكاری پێشوو بەردەوام دەبێت و، هەر فەرمانگەیەكی فەرمیی بە كاری ڕەسمیی پێویستی بە هاتووچۆ هەبێت ڕەزامەندیی لە پارێزگای سلێمانی وەردەگرێت.

 

٧-فڕۆكەخانەكان بە داخراویی دەمێننەوەو هەر گەشتێك بۆ دەرەوەی وڵات یان هاتنەوە بۆ وڵات پێویستی بە ڕەزامەندیی فەرمیی دەسەڵاتی فڕۆكەوانیی مەدەنیی عێراق و وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان هەیە، ئەمەش تەنها بۆ حاڵەتی مرۆیی و ئەو وەفدە نێودەوڵەتیانەی لە بەیانەكانی وەزارەتی ناوخۆدا دیاریكراون.

 

٨-چاودێری زیاتری سنورەكان دەكرێت و ڕێ لە هەر هاتنەوەیەكی یاساغ و قاچاخ دەگیرێت‌و ڕێكاری یاساییان لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.

 

٩-هاتنی گەشتیار بۆ سنوری ئیدارەی پارێزگای سلێمانی قەدەغەیە.

 

١٠-دەسەڵات بە قائمقامیەتەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی دەدرێت بۆ ڕێكخستنەوەی ڕێنماییەكان بەپێی تایبەتمەندیی سنورەكانیان.

 

١١-تیمەكانی تەندروستیی بەردەوام دەبن لە چاودێریی و خۆپاراستنی و چارەسەری تەندروستی‌و هەڵمەتەكانی پشكنین و وەرگرتنی سامپڵ.

 

١٢-پرسەو چوونە سەرقەبران و نۆجەژن و ئاهەنگ و بۆنەكان و هەموو كۆبوونەوەو تێكەڵاوبوون و بەریەككەوتنێك قەدەغەن و پێویستە هەموو لایەك پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەكان بن.

 

١٣-مزگەوت و پەرستگاكان كراوە دەبن بەپێی ئەو ڕێنماییانەی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی و وەزارەتی تەندروستیی دیارییان كردوون و هەر سەرپێچییەك دەبێتە هۆی داخستنی ئەو شوێنەی سەرپێچییەكەی تێدا دەكرێت.

 

١٤-جەژنی ڕەمەزان لە هەموو هاووڵاتیانی پارێزگای سلێمانی و كوردستان و جیهان پیرۆز دەكەین، داوا لە هەموو هاووڵاتیانی بەڕێز دەكەین پابەندی تەواوی ڕێكارو ڕێنماییە تەندروستییەكان بن و خۆیان لە گەڕانی ماڵان و گەڕەكەكان و هەر تێكەڵاوبوون و بەریەككەوتنێك بەدووربگرن و خۆیان لە ڕەفتارو هەڵسوكەوتە نەریتیی و باوەكان بپارێزن.

 

١٥-تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانیی و شارەوانیی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی بەردەوام دەبن لە دەرمانپژێنكردنی مزگەوت و پەرستگاو شوێنە گشتیەكاندا.

 

١٦-تیمە هاوبەشەكانی لیژنەی ئارامیی سلێمانی بەهەماهەنگیی بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی هەڵمەتی هۆشیاركردنەوەی بەردەوام بە شوێنە گشتیەكاندا ئەنجام دەدەن‌و بۆ پێدانی ڕێنماییە خۆپارێزییەكان بە هاووڵاتیان.

 

١٧-داوا لە هەموو دەزگاو كەناڵەكانی ڕاگەیاندن كرا، كە وەك ئەركێكی مرۆڤایەتیی و نیشتمانیی و تەندروستیی ڕۆڵی خۆیان لە ئاگاداركردنەوەی هاووڵاتیان و دوورخستنەوەیان لە مەترسییە بەردەوامەكانی كۆرۆناو پابەندبوونیان بە ڕێنماییە تەندروستیەكانەوە، وەك هەمیشە، ببینن.

 

١٨-باڕو ڕێستۆرانتە شەوانەكان تا دوای جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز ناكرێنەوەو دواتریش پێویستە پابەندی تەواوی ڕێنماییە تەندروستیی و گەشتیاریی و كارگێڕیی و ئارامییەكان بن و بەهیچ شێوەیەك ڕێگە نادرێت كە بۆ مەبەستی تر بەدەر لە ڕێنماییەكان بەكاربهێنرێن.

 

١٩-بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی ڕاسپێردرا، كە بەهیچ شێوەیەك مۆڵەت بۆ ئەو كافتریاو ڕێستۆرانتانە نوێ نەكاتەوە، كە دەكەونە شوێنە نیشتەجێبوونەكان و گەڕەكەكان و هەر شوێنێك كە لیژنەكانی قائمقامیەتی سلێمانی بە پەسەندی نازانن. هەر شوێنێك لەم شوێنانە نێرگەلەی تێدا دابنرێت پێویستە باخچەو شوێنی كراوەی هەبێت‌و پابەندی تەواوی ڕێنماییە تەندروستیی و ئارامییەكان بێت، بەپێچەوانەوە دادەخرێت.

 

٢٠-شوێنە گەشتیارییەكان بەپێی ڕێنماییە تەندروستیی و گەشتیارییەكان تەنها بۆ هاووڵاتیانی ناوخۆ دەكرێنەوە.

 

٢١-بە هەموو شێوەیەك سەردانیكردنی نەخۆش لە نەخۆشخانە گشتیی و تایبەتەكاندا قەدەغەیەو پێویستە هەموو لایەك پابەندی ئەم بڕیارە بن.

 

٢٢-ڕێكاری پێویست بەرامبەر هەر زیادەڕەوییەك بۆ موڵك و ماڵی گشتیی دەگیرێتەبەرو بۆ ئەم مەبەستە دادگایەكی تایبەتمەند بە زیادەڕەوی لە سەرۆكایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی بەهەماهەنگیی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی و لایەنە پەیوەندیدارەكانی تر دەستبەكار دەبێت.

 

د. هەڤاڵ ئەبوبەكر

پارێزگاری سلێمانی

سەرۆكی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا

١٧ / ٥ / ٢٠٢٠

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved