د.موسەننا ئەمین،: بەغدا دەیەوێت هەرێم و خەونەكانی سنوردار بكات

 

د.موسەننا ئەمین، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵ وتی:

ئەگەر حكومەتی عیراق  جددی بێت و دەیەوێت قەیران دروست نەكات لەگەڵ هەرێمی كوردستان و كۆتایی بهێنێت بەم قەیرانەی كە ئێستا هەیە، ئەوا بەدڵنیاییەوە دەبێت هەنگاو بۆ هێوربونه‌وه‌ بنێت، به‌ڵام حكومەتی ناوەندی تا ئێستاش ئامادەی گفتوگۆ نییە.

 

لەسەر ئەو بنەمایە قسە دەكات كە دەبێت ریفراندۆم هەڵبووەشێتەوە، پرسی هەڵوەشاندنەوەش لە دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمدا نییە و بە پێی یاسا ریفراندۆم بە ریفراندۆمێكی تر هەڵدەوەشێتەوە و ئەو بڕیارەی گەل دای گەل خۆی دەتوانێت هەڵیوەشێنێتەوە، بەستنەوەی گفتوگۆكانیش لە نێوان هەردوولا بەو بابەتەوە خۆ دزینەوەیە لە گفتوگۆ و هەوڵدانە بۆ بەستنەوەی ئەم پرسە بە شتێكی ئەستەمەوە.

پێویستە حكومەتی ناوەند ئەوە بزانێت كە حكومەتی هەموو عیراقە و بەرپرسیاریەتی خۆی لێرەش هەڵبگرێت وەك چۆن لە ناوچەكانی تریش هەڵی دەگرێت، دوای ئەوەش نەوتی كەركوك و ناوچەكانی تر كەوتەوە ژێر دەستی بەغدا و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ رادەستكردنەوەی نەوت بە بەغدا، هیچ بیانویەك نامێنێتەوە بۆ حكومەتی عیراق كە نەچێتە ژێر بەرپرسیاریەتی بودجەی هەرێم.

ئەوەی ئێستا حكومەتی ناوەندی دەیكات هەڵەیەكی گەورەیە و پێویستە وازی لێبهێنێت و دەست بە گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی هەرێم بكات بۆ كۆتاییهێنان بەم قەیرانە.

سەرۆك وەزیرانی عیراق دەیەوێت فشاری زیاتر بخاتە سەر هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی لە دۆخێكی زەبوندا مامەڵە لەگەڵ هەرێم بكات، حكومەتی فیدراڵی لە ناخەوە باوەڕی بە فیدراڵییەت نەبووە هیچ كاتێك و ئەوەی هەیە لە هەرێم وەك ئەمرێكی واقعی ناچاری قبووڵی كردووە، بۆیە ناڕاستەوخۆ هەمیشە هەوڵی داوە كە دەسەڵاتەكانی هەرێم كەم بكاتەوە و ئێستاش ریفراندۆمی كردووەتە پاساوێك بۆ ئەوە.

 

كێشەكە ئەوە نییە حكومەت بیەوێت یاسا جێبەجێ‌ بكات، بەڵكو ئەوەیە دەیەوێت هەرێمی كوردستان و خەونەكانی سنوردار بكات و حكومەتی هەرێم سەركز بكات تا بتوانێت دواتر مامەڵەی گفتوگۆی لەگەڵ بكات.

 

عیراق هەمیشە باجێكی گەورەی داوە لە بابەتی دووجەمسەری ئێران و سعودیە، عیراق نەیتوانیوە ببێتە پردێك لە نێوان هەردوو وڵات، بە پێچەوانەوە بووەتە گۆڕەپانی پێكداكێشانی سعوودیە و ئێران، لەبەر ئەوەش ئێمە بەردەوام داوامان كردووە كە پێویستە عیراق ببێتە پردی دروستكردنی پەیوەندی نێوان سعودیە و ئێران نەوەك ببێتە گۆڕەپانی شەڕ یان ببێتە لایەنگیری لایەنێك دژ بە لایەنەكەی تر.

 

ئێستا سعودیە بۆ خۆی لە گۆڕانكاری گەورەدایە و لە شەڕی یەمەن گلاوە و ناوچەی كەنداویش ئاڵۆزییەكی زۆری تێدایە و بەرەو شەڕ و ئاڵۆزی زیاتر دەڕوات، عیراق لەم كاتەدا پێویستە خۆی بەدوور بگرێت لە هەموو ئەم جۆرە شەڕانە و نەبێتە بەشێك لە هیچ لایەكیان و هەوڵی نێوەندگیری و ئاشتەوایی بدات، بە پێچەوانەوە ئەگەر بچێتە لای ئێران دژ بە سعودیە كە هەوڵی ئێران بۆ ئەوەیە، یان بچێتە لای سعودیە دژ بە ئێران كە هەوڵی ئەمریكاش بۆ ئەوەیە، ئەوكات هەردوولا زیانە بۆ عیراق و وڵاتەكە توانای ئەوەی نییە ببێتە بەشێك لەو ئاڵۆزییە هەرێمایەتییە لە كاتێكدا بۆ خۆی بە هۆی شەڕی داعش و تیرۆرەوە بەشێكی وڵاتەكە داڕوخاوە و ئاڵۆزی ناوخۆیی زۆری هەیە.

 

 

Qadirzada.com © 2017. All rights reserved