سەرۆكی هەرێم یان والی توركیا؟

 

 

فایق گوڵپی

 

 

رۆژی ١٧-٧-٢٠٢٠ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و لەگەڵ سەرۆكی هەرێم كۆبووەوە. لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا گرنگی سەردانەكەی وەزیری دەرەوە بۆ هەرێم و بەرنامەی كارەكانی دەوڵەتی فەرەنسا لە هەرێمی كوردستاندا باسكرا.

 

خەلكی كوردستان بەتەمابوون وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و سەرۆكی هەرێم، دژی هێرشەكانی سوپای توركیا بۆ سەر هەرێمی كوردستان هەڵوێست نیشان بدەن، داوا لە دەولەتی توركیا بكەن كۆتایی بە هێرشەكان بێنێت و واز لە سیاسەتی پاوانخوازی و داگیركاری وڵاتان بێنێت.

 

كەچی  نێچیروان بەرزانی لە كۆنفرانسە رۆژنامەوانیەكەدا بە لای هێرشەكانی سوپای توركیادا نەچوو، دیارە رازی نەبووە جان لوردیانی وەزیری دەرەوەی فەڕەنساش باسی هێرشەكانی سوپای توركیا بكات، رازی نەبووە وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لەسەر هێرشەكانی سوپای توركیا بۆ سەر  خاكی هەرێمی كوردستانی عێراق و بنپێخستنی سەروەری عیراق قسە بكات، ئەگینا فەرەنسا لەم كاتەدا لەسەر ئاستی ناوچەكە و ئەوروپا سەركردایەتی بەرەی دژی توركیا دەكات، ئەو بەرەیەی كە وڵاتانی ئەوروپی و عەرەبی گرتۆتەوە.

 

فەرنەسا دژی سیاسەتی شەرخوازی توركیا لە لیبیا و لە سوریا و لە عێراق وەستاوەتەوە، دەرفەت بوو لە هەرێمی كوردستانیش وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و سەرۆكی هەرێم دژی هێڕشەكانی سوپای توركیا هاوهەڵویست بوونایە، بەڵام بە داخەوە، لەبەر ئەوەی نێچیروان بەرزانی زیاتر لەوەی سەرۆكی هەرێم بێت خەڵكی كوردستان وەك والی دەوڵەتی توركیا سەیری دەكەن، هیچ هەڵوێستیكی سیاسی دژی سیاسەتی شۆڤینی و داگیركاری دەوڵەتی توركیا نیشان نەدرا.

 

ئیتر مرۆڤ بەو بروایە دەگات كە هێرشەكانی سوپای توركیا بۆ سەر هەرێمی كوردستان بەڕەزامەندی و رێكەوتنی پدك و حكومەتی هەریمی كوردستانە، وەك چۆن هێڕشەكانی سوپای توكیا بۆ سەر خاكی سوریا بە رەزامەندی و رێكەوتنە لەگەڵ گروپە تیرۆریستیەكانی وەك بەرەی نەسرە و ئەوانی تر، وەك چۆن هێرشی سوپای توركیا لە لیبیا بە رەزامەندی بەرەی وفاقی ئیخوانی لیبیاییە، بە هەمان شێوە مرۆڤ دەتوانێت بڵێت، هێرشەكانی سوپای توركیا بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستانی عێراق، بە رەزامەندی پارتی و ئیخوانەكانی هەرێم و عێراقە،بەرەزامەندی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئەو حزبانەیە كە لە پێكهێنانی حكومەتی هەرێمدا بەشداریان كردووە.

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved