گۆڕان:یادی کارەسات و راپەڕینی ٢٤ی٤ی قەڵادزێ بەرز رادەگرین

 

 

”رۆژی ئەوەیە، حکومەتی ھەرێم شەڕی ناوخۆ حەرام بکات، و راستگۆیانە روبەروی گەندەڵی ببێتەوە”

 

 

بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت: یادی کارەسات و راپەڕینی قەڵادزێ لە دڵی خەڵک و ئێمەش بە زیندویی ماوەتەوە و بە تێپەڕبونی کات زامەكەی سارێژ نابێت.

 

 

دەقی راگەیەنراوەكە:

 

یادی کارەسات و راپەڕینی ٢٤ی٤ی قەڵادزێ بەرز رادەگرین

هاوڵاتیانی خۆڕاگری پشدەر..

خەڵکی بە ئەمەکی هەرێمی کوردستان..

 

ئەمڕۆ یادی بۆردومانی قەڵادزێ لە ٢٤ی٤ی١٩٧٤ و راپەڕینی ١٩٨٢ی دانیشتوانی خۆڕاگری ئەم ناوچەیە. لەیەککاتدا ساڵڕۆژی کارەسات و راپەڕین و هەستانەوەی خەڵکە بەرامبەر جەور و ستەمی رژێمی بەعسی لەناوچو.

 

لەم بۆنەیەدا، یادەوەری شەهید و بریندار و قوربانیانی زانکۆی سلێمانی و هاوڵاتیان لەساڵی ١٩٧٤ بەرز و پیرۆز رادەگرین، بەتایبەتیش سیمبول و شەهیدانی راپەڕینی ٢٤ی٤ی ١٩٨٢ دایکە ئامینە و خوشکە سنەوبەر.

 

ئەگەرچی ساڵانە، خەڵکی کوردستان وەک رێزگرتن لە قوربانیدان و زیندوهێشتنەوەی ئەو تاوانانەی دژی گەلەکەمان ئەنجام دراون، یادی بۆنە نیشتمانی و نەتەوەییەکانیان بەرز راگرتوە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و پابەندبون بە رێنماییە تەندروستیەکان مەراسیم و یادەکان راگیراون، لەم سۆنگەیەوە ئەگەرچی یادی کارەسات و راپەڕینی قەڵادزێ ناکرێتەوە، بەڵام ئەم یادە لە دڵی خەڵک و ئێمەش بە زیندویی ماوەتەوە و، بە تێپەڕبونی کات و زەمەن زام و سوێ قوربانیەکان سارێژ نابێت و بیرناچێتەوە.

 

ئەوەی گرنگە لەم یادەدا بوترێ، خەڵکی کوردستان رابردویەکی تاڵیان چێشتوە، بە ھۆی بۆردومان و راگواستن، و شەڕی ناوخۆ و بڵاوبونەوەی و ھەڵکشانی گەندەڵی. ئەمڕۆ رۆژی ئەوەیە، حکومەتی ھەرێم شەڕی ناوخۆ حەرام بکات، و راستگۆیانە رووبەروی گەندڵی ببێتەوە. دەوڵەتی عێراق و حکومەتی هەرێمیش بە هەماهەنگی نێوانیان قەرەبوی خەڵک و خزمەتی زیاتری ئەو ناوچانە بکەن کە پڕشکی زیاتری قوربانیدانیان بەرکەتوە. لەو چوارچێوەیەدا خەڵکی پشدەر شایەنی خزمەت و دەستی ئاوەدانکردنەوەی زیاترن.

 

بزوتنەوەی گۆڕان

٢٤ی ٤ی ٢٠٢٠

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved