پەیامێک لە بزوتنەوەی گۆڕانەوە

 

سەبارەت بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان، بزوتنەوەی گۆڕان پەیامێکی بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:

 

  پەیامی بزوتنەوەی گۆڕان سەبارەت بە خۆپیشاندانی شارو شارۆچکەکانی کوردستان :

 

دوای گشت هەوڵەکانمان بۆ پارێزگاریی و چاکسازی و گۆڕانکاری لە حوکمڕانێتی هەرێمی کوردستان بۆ باشکردنی بژێوی ژیانی خەڵک و یەکسانی و دادی کۆمەڵایەتی، لە بەرامبەردا گوێ پێنەدان و رەتکردنەوەو کەمتەرخەمی حیزبە دەسەڵاتدارەکان و بەردەوامیان بە پاوانخوازی و برەودان بە گەندەڵی و پێشێلکردنی هەمو مافە نەتەوەیی و نیشتمانی و دیموکراسیەکانی گەلەکەمان.

 

ئێستا هەمو پیرۆزیەکان و سەروەری و دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان بە ژیانی خەڵک و چارەنوسی نەوەکانی ئایندەشەوە، لەبەردەم مەترسی و هەڕەشەی جدی نەیارو دوژمناندایە، هەر خۆشیان بە کارو کردارو بیرکردنەوەیان بون بە بەشێک لە پرۆژەی شكستپێهێنانی ئەو دەستکەوتانەی کە سەدان ساڵە میلەتەکەمان خەباتی بۆ دەکات.

 

خۆپیشاندانی هاوڵاتیان بە سەرجەم چین و توێژەکانەوە بۆ گۆڕینی سیستمی حوکمڕانی، بژێوی ژیان، عەدالەتی کۆمەڵایەتی، ئاشتی کۆمەڵایەتی و بەدەستهێنانی مافەکانیان جوڵەیەکی رەوای بێ چەندو چونی خۆیانەو بزوتنەوەی گۆڕان پشتیوانی دەکات.

 

داواشمان ئەوەیە کە بەشێوازی رێکخراوەیی و شارستانی داوا رەواکانی خۆیان بە دەسەڵاتدارانی هەرێم و دونیای دەرەوە بگەیەنن و دامودەزگاکانی حکومەت و کەرتی تایبەت و بارەگا حیزبیەکان و موڵک و ماڵی هاوڵاتیان پارێزراو بێت، سیمایەکی جوان بە رەوتی خۆپیشاندانەکان ببەخشن.

 

پەیامی ئێمەش بۆ هێزەکانی پێشمەرگەو ئاسایش و پۆلیسی ناوخۆ ئەوەیە کە پارێزگاری کردن و پشتیوانی کردنی خوشک و براکانیان ئەرکی ئەوانەو لە ئەستۆی ئەواندایە. هەر ئەوەش لەو تێکۆشەرانە چاوەڕوان دەکرێت.

 

هەر سەرکەوتو بن..

بزوتنەوەی گۆڕان

١٨/١٢/٢٠١٧

 

Qadirzada.com © 2017. All rights reserved