رێنمایی خۆپارێزی لە روودانی زەمینلەرزە

 

كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم رێنمایی بۆ ساتی روودانی زەمینلەرزە بڵاكردەوەو رایگەیاند:

 تا بكرێت شوێنی دانیشتنی خێزان دووربێت لە دۆڵاب و كتێبخانەو هەر كەل و پەلێكی دیكەی گەورەو هەرچی شتێكی قوڕس لە نزمترین ئاستدا دابنرێت.

 

لەراگەیەندراوێكدا كەشناسی هەرێم ، دۆڵاب و مێزە گەورەكانی تەلەڤزیۆن لە دەرەوەی ژوورەكاندا پێویستە بە شێوەیەكی توند تۆكمە بەدیوارەكاندا ببەسترێنەوە.

بەپێی لێكۆڵینەوەیەك كە لە ساڵی ١٩٩٤ لە كالیفۆرنیا ئەنجامدراوە، دەركەوتووە كەوا بەربوونەوەی دۆڵاب و كتێبخانە قورسەكان بەسەر دانیشتوانی نێو ژوورەكان لەكاتی روودانی زەمینلەرزەدا، بووەتە هۆی ٥٥%ی حاڵەتەكانی گیان لەدەستدان، بەڵام بەرزبوونەوەی كەل و پەلەكانی دیكەی ئاسایی تەنها ١% بووە.

 

بوونی ئاگركوژێنەوەیەكی لەبارو گونجاو لەنێو ماڵەكەتداو راهێنانی ئەندامانی خێران بە گشتی لەسەر چۆنییەتی بەكارهێنانی لە كاتی پێویستدا و هەردەم جووتە پێڵاوێكی زیاد و لایتێكی شەحنكردنەوەو لایتێكی گڵۆپی ئاسایی و ئامێرێكی رادیۆ چەند پاترییەك بخەرە ژێر ئەو قەرەوێڵەیەی كە لەسەری دەخەوی.

 

بەپێی كەشناسی دابینكردنی سندوقی (فریاگوزارییە سەرەتاییەكان) داوو دەرمانی زۆر پیۆیست و پێداویستی خێزان لە ئاوو خۆراكی پێویست بۆ ماوەی لانیكەم (٣) رۆژ، بەپێی سروشتی پێكهاتەیان و بوونی كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت تیایانداو دانانی لەو شوێنەی كە دەستنیشانكراوە وەك لەبارترین شوێنی خۆ حەشاردان.

كەشناسی دەشڵێت، بوونی كۆپییەكی زیاد لە دیكۆمێنتە گرنگەكانی خێزانیی وەك (ناسنامەكان و بۆندە عەقارییەكان و فایلە ژمێریارییەكان) و لیستی ناوی خزم و كەسانی نزیك لەگەڵ ژمارەی تەلەفۆن یان مۆبایلیان و هەڵگرتنیان لە شوێنێكی پارێزراو.

 

چۆنیەتی مامەڵەكردنی دروست لەكاتی روودانی زەمینلەرزەدا

لەكاتی روودانی هەر زەمینلەرزەیەكدا لە بیرتان بێت بە خێرایی و بە ئارامی هەڵس و كەوت بكەن و شوێنی گونجاو بۆ خۆپاراستن بدۆزنەوە.

 

لەماڵدا

سەرو دەم و چاوتان بپارێزن بەهەرشتیك كە لەبەر دەستدا بێت و بەرەو نزیكترین گۆشەی ژوورەكانتان بڕۆن یان بچنە ژێر مێز و پەیژە (قاڵدرمە) ی ماڵەكانتان.

لە پەنجەرەو دیواری دەرەوە و ئاوێنەو كەلوپەلی هەڵواسراو و مەكتەبەی ناو ماڵ دووركەونەوە و لەكاتی تەواوبوونی كاریگەری بوومەلەرزەكەدا كارەباو سۆبەو غازی ناو ماڵ بكوژێنەوە.

 

لەدەرەوە

بەپێی توانا لە باڵەخانەكان دووركەونەوەو بڕۆنە نزیكترین شوێنی كراوەو خۆتان بپارێزن لە پارچە بەردو دیوارو هەرشتێكی ناجێگیر، هەروەها لە پردو ئەندەرپاس و كێبڵی كارەباكان و ستوونەكان و درەخت و ریكلامی هەڵواسراوی بەردەم دوكان و شوێنە بازرگانییەكان دووركەونەوە.

 

لەناو ئۆتۆمبێلدا

راستەوخۆ لەشوێنی خۆتان بوەستن و لە ناو ئۆتۆمبێلەكانتاندا بمێننەوە، ئەگەر لە ژێر پردو ئەندەرپاس و تەنیشت درەخت و نزیك باڵەخانەو تاوێرەكانی كارەباو پەیوەندییەكاندا بوون هەوڵبدەن دووركەونەوە بە ئۆتۆمبێلەكانتان یان بەپێ.

 

لە قوتابخانەو فەرمانگەو كارگەكاندا

لەكاتی روودانی بوومەلەرزەكەدا بچنە ژێر مێزە توندو تۆڵەكان یان بچنە گۆشەی ژوورەكان و دووركەونەوە لە شووشەو پەنجەرەو ژێر گلۆپ و (سورەیا) هەڵواسراوەكان، هەوڵبدەن بە كەرەستەیەك سەرتان بپارێزن.

بەهیچ جۆریك بەرزكەرەوە (مصعد) بەكارنەهێنن، دووركەونەوە لە هەر سەرچاوەیەكی گازیی سوتێنەرو كیمیاوی و تیشكدەر، هەروەها  دووركەونەوە لە محەویلەی كارەباو بۆردی كۆنتڕۆڵ و كێبڵی كارەبای پاڵەپەستۆ بەرز.

 

دوای كۆتایی بوومەلەرزەكە

دەبێت ئامادەبین بۆ روودانی بوومەلەرزەی دواتر كە دەبێتە هۆی رووخاندنی باڵەخانەكان كە بە بوومەلەرزەی پێشتر (سەرەكی) زیانیان پێگەیشتووە، دەرگای ماڵەكانتان دابخەن و روو بكەنە شوێنە كراوەكان و گوێ لە رێنماییەكانی بەرگری شارستانی بگرن و جێبەجێیان بكەن.

ئەوكەسانەی بە سەختی زیانیان پێگەیشتوە مەیانجوڵێنن تا تیمەكانی فریاكەوتن بە هانایانەوە دەچن، نزیك مەكەونەوە لە شوێنە رووخاوەكان و ئاوێك مەخۆنەوە كە لە سەرچاوەكەی دڵنیا نەبن.

 

 

Qadirzada.com © 2017. All rights reserved