خەیاڵتان خاوە، ویژدانی خەڵك نەمردووە

 

 

بنەماڵەی ئەحمەد هەردی

ماوەیەكە بە بەرنامە هەڵمەتێكی ناشرینی درۆ و ساختەكاری دژی خانەوادەكەمان لەلایەن پەیجە بێدایك و باوكە حیزبییەكانەوە دەستی پێكردووە. دیارە ئەمە یەكەم جار نیە باجی هەڵوێستەكانمان دەدەین و دەستوپێوەند و مفتخۆرەكانی ئەم حیزب و ئەو حیزب جنێوبارانمان دەكەن و درۆی شاخدارمان بۆ هەڵدەبەستن. بەڵام پێدەچێت ئەم هەڵمەتەی ئەمجارە جیاوازبێت، چونكە حیزب هەرچی توانای چەواشەكاریی هەیە بەكاری دێنێت بۆ ناشرینكردنمان و، بەخەیاڵی خۆیان بۆ چاوترساندن و پەشیمانكردنەوەمان لەو رێگا راستەی لە قوتابخانەی هەردیدا فێری بووین. قوتابخایەك كە فێریكردین بێدەنگ نەبین و داكۆكی لە ماف و ئازادییەكانی خۆمان و خەڵكی كوردستان بكەین و پارەی مفت و ناهەق وەرنەگرین. هەر كەسێكیش گومانی هەیە، با بڕوات بەدواداچوون بكات.

 

 

دوا درۆی ئەوپەیجە ساختانە ئەوەیە گوایە زۆربەی ئەندامانی خێزانەكەمان (چلوورە، ئاسۆس، رێبین، چۆمان) خانەنشینی نایاسایین. ئەمە لەكاتێكدایە كە چلوورە هەردی لە هیچ شوێنێك هیچ مووچەو خانەنشینییەكی نیە. د.چۆمان هەردی مامۆستای زانكۆی ئەمەریكییەو مووچەی ماندووبوونی خۆی وەردەگرێت. ئاسۆس هەردی و ریبین هەردی هەدووكیان پێشمەرگەی دێرین و دانەبڕاوی پێش راپەڕینن و بەپێی یاسایەك كە لەپەرلەمانی كوردستان دەر چووە، مافی شەرعی و یاسایی خۆیانە مووچەی خانەنشینی پێشمەرگە وەرگرن. لەگەڵ ئەوەشدا رێبین هەردی ئەو مووچەیەش وەرناگرێ و تەنها ئاسۆس هەردی لە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی پێشمەرگە مووچە وەردەگریت.

.

سەیرلەوەدایە ئەوانەی سامانی ژێرزەوی و سەرزەوی و تەنانەت ئاسمانی كوردستانیشیان قۆرخ كردووە و بەتاڵانی دەبەن، هێرشدەكەنە سەر ئەوانەی بەدرێژایی تەمەنیان دژی گەندەڵیی و نادادیی وەستاون و باجەكەیشیان بەقورسیی داوە. خۆ هەر دوێنێ بوو خۆیان وتیان "شەهید نەبووە و كردوومانە بە شەهید. زیندانی نەبووە و كردوومانە بە زیندانی سیاسیی"! ئەی ئەوە نیە كوردستانیان مایەپووچ كردووە و خەڵكی بێدەرەتانی كوردستان باجەكەی دەدات؟ ئەوانەی لەشكری داگیركەرانیان هێنایە سەر كوردستان، لەبری ئەوەی شەرم بیانگرێت، هێرشی ناڕەوا و بێ ئابڕووانە دەكەنە سەر ئەوانەی لە خەباتی نهێنی و شاخ و پێشمەرگایەتییەوە تا ئەمڕۆ، داكۆكی لە بەها ئینسانیی و نیشتمانییەكان دەكەن! كێ هەیە نەزانێت كێن ئەوانەی جاش و موستەشاریان كردووە بە پێشمەرگەی سەنگەر؟!

 

ئەوانەی بەبەرچاوی خەڵكی كوردستان و جیهانەوە ئازادیخوازان تیرۆردەكەن، پەلاماری داكۆكیكارانی ئازادی دەدەن! بڕۆن تەماشای لیستی ڕەشی پێشێلی ئازادییەكان و گەندەڵكارییەكان بكەن، ساڵ نیە رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ ناویان لەو لیستەدا تۆمار نەكەن! ئەوانەی لەشەڕی حیزب و بەرژەوەندییەكانیاندا دەستیان بە خوێنی لاوانی نیشتمان سووربووە، لەبری ئەوەی سەری شۆڕیان كزكەن و خۆیان لەچاوی خەڵكی كوردستان و كەسوكاری ئەو شەهیدانەی لە شەڕەكانی خۆیاندا بەكوشتیان دان، بشارنەوە، بێشەرمانە دەنگ بەسەر ئەواندا هەڵدەبڕن كە بەدرێژایی دژی ئەو شەڕە نەگریسانە وەستاون و لە هیچ ساتێكدا بێدەنگ و بێهەڵوێست نەبوون!

 

ئێمە دڵنیاین خەڵكی هۆشیار و وریای كوردستان، ئەم درۆودەلەسە و پڕوپاگەندانەیان بەسەردا تێناپەڕێت، چونكە زۆر باش دەزانن ئەوە خەڵكە دڵسۆز و ئازادیخوازەكەن كە بەر هێرشی حیزبە گەندەڵەكان دەكەون. بۆیە راستیان گوتووە، دەبێ هەمیشە گومان لەوانە بكەی كە حیزب و دەستوپێوەندكانی ستایشیان دەكەن. متمانەش بەوانە بكەی كە گەندەڵەكان هێرشیان دەكەنەسەر. لە كۆتاییشدا بە ئیجازەی پیرەمیردی نەمر بەو ڕووزەرد و دەمزەردانە دەڵێین: "ویژدانی خەڵك نەمردووە، خەیاڵتان خاوە". ئەو جۆرە جنێوفرۆشییەش هەرگیز نامانترسێنێ و لەو ڕاستە رێگایەی گرتوومانە، پەشیمانمان ناكاتەوە. ئێمە منداڵ بووین كە باوكی ڕەحمەتیمان فێری كردین، رێگای ڕاست پڕە لە قۆرت و تەگەرە و كێشە، بەڵام هەر ڕێگای ڕاستە و نابێت لەژێر هیچ گوشارێكدا لێی لابدەین و تەسلیم بین.

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved