ئەنجومەنی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بەیاننامەیەكی بڵاوكرده‌وه‌

 

له‌باره‌ی ڕووداوەكانی شەوی رابردوو ئەنجومەنی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بەیاننامەیەكی بڵاوكرده‌وه‌ .

 

دەقی بەیاننامەکە:

 

شاراوە نیە كە لەم ڕۆژانەدا باشووری كوردستان و ئەزموونە سیاسیەكەی بە هەل و مەرجێكی نەخوازراودا تێدەپەڕێت و ڕووبەڕووی چەندین مەترسی و هەڕەشەی ناوخۆیی و دەرەكی بۆتەوە..

 

لە دۆخیكی ئاوا هەستیارو ترسناك دا لە هەر كاتێكی تر زیاتر گەلەكەمان پێویستی بە یەكڕیزی و سەقامگیری ناوخۆیی هەیەو دەخوازێت كە هێزو لایەنە سیاسەكان بە گیانی لە خۆبوردوانەو بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ روداو و پێشهاتەكاندا بكەن و رێگا نەدەن بە ئەندام و لایەنگرانیان هەڵسوكەوتی نەشیاو و نادیموكراتیانە دژ بە یەكتر بكەن.

لەو سۆنگەیەوە ئێمە لە یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بە توندی ئیدانەی ئەو هەڵسوكەوتە ناشارستانیەی شەوی رابردووی ژمارەیەك كەسانی نامەسئول دژ بە حەرەمی پەرلەمان و دەزگاكانی راگەیاندن و هەڵكوتانە سەر بارەگای هەندێ‌ لە حیزبە سیاسیەكان لە زاخۆو چەند شوێنێكی تر دەكەین و بە كاری تێكدەرانەو دژ بە ئاسایشی نیشتمانی دادەنێین.

داواكارین هەرچی زووترە دەزگا بەرپرس و پەیوەندیدارەكان بكەران و بەرپرسانی راستەوخۆ لەو كارە نەخوازراوانە دەستگیر بكەن و بیاندەنە دادگاو رێگا لە تەشەنەكردنی زیاتری گرژی و ئاڵۆزیەكان بگرن.

 

 

ئەنجومەنی سیاسی

یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان

٣٠/١٠/٢٠١٧

 

 

Qadirzada.com © 2017. All rights reserved