بەستەڵەکی هەولێرو ئەنقەرە توایەوە

 

 

بەرپرسی پەیوەندییەكانی یەكگرتووی ئیسلامی رایدەگەیەنێت، متمانە لە نێوان هەولێر و ئەنقەرە نەمابوو، بەڵام ئێستا ئەو بەستەڵەكە تواوەتەوە. ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێنیتەوە، کە ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە ئەنقەرە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای توركیا كۆبووەتەوە.

 

رۆژی ٢٤/١١/٢٠١٧ سەلاحەددین بەهائەددین، ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی بە یاوەری د.عومەر محەممەد، ئەندامی مەكتەبی جێبەجێكردنی ئەو حزبە، دوور لە چاوی میدیاكان لە رێگەی دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە پەڕینەوە باكووری كوردستان، لەوێش لە رێگای فڕۆكەخانەی شرناخەوە گەیشتنە ئەنقەرەی پایتەختی توركیا، ئەو پایتەختەی، كە ماوەی دوو مانگە بە هۆی گشتپرسییەكەی ٢٥ی ئەیلولەوە هەموو دەرگایەكی سیاسی بە رووی باشووری كوردستاندا داخستووە.

 

سەردانەكە تەواو نهێنی بووە، بە جۆرێك پاسەوان و تیمی پرۆتۆكۆلی توركی زۆر بە وریاییەوە پێشوازیان لە شاندەكەی یەكگرتوو كردبوو، پێیانگوتبوون “ئێوە یەكەم شاندی كوردین لە دوای گشتپرسی”.

 

نەسرەدین سندی، بەرپرسی پەیوەندییەكانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە (رووداو)ی راگەیاند “سەردانەكەی ئەمنیداری گشتی هەنگاوێكی سەرەتایی باش و گرنگ بوو، ئەو بەستەڵەكەی، كە بەهۆی ریفراندۆمەوە دروستبووە، توانی بیتوێنێتەوە. چوونی شاندی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لە رێگای توركیاوە بۆ فەرەنسا هەر دوای ئەم سەردانە هات”.

 

سەركردەیەكی یەكگرتوو، كە ئاگاداری هەوڵەكانی ئەمیندارەكەیانە بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی هەولێر و ئەنقەرە، بە (رووداو)ی راگەیاند “مامۆستا سەلاحەددین لە ماوەی رابردوودا دوو نامەی بۆ ئەردۆغان ناردووە سەبارەت بە نەگرتنەبەری رێوشوێن دژی هەرێمی كوردستان و دەستنەبردن بۆ بژارەی سەربازی لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل”.

 

ئەو سەركردەیەی یەكگرتوو، كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، هەروەها دەڵێت “جگە لەوە راشد غەنووشی، سەرۆكی پارتی نەهزەی تونسی، كە دۆستی دێرینی هەر یەك لە سەلاحەدین بەهائەدین و ئەردۆغانە، هەوڵی رەخساندنی كۆبوونەوەی لە نێوان باشووری كوردستان و توركیا داوە. هەروەها پەیوەندییە كەسییەكانی خۆی لەگەڵ ئەردۆغان بەكارهێناوە بۆ ئەوەی لەو پلانە هەرێمییەی دژی باشووری كوردستان داڕێژراوە، دەستی سووك بكات”.

 

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا، بە بەڕێوەچوونی گشتپرسی باشووری كوردستان زۆر تووڕە بوو. ئەردۆغان گشتپرسییەكەی بە “خیانەت و خەنجەرلێدان لە پشتەوە” ناو برد، بۆیە لە ماوەی رابردوودا هەموو هەوڵ و دەستپێشخەرییەكی بۆ بینینی بەرپرسانی باڵای حزبی و حكومی باشووری كوردستان رەتكردووەتەوە.

 

بە گوتەی نەسرەدین سندی، سەردانەكەی ئەمیندار بۆ ئەنقەرە بەرهەمی هەبووە و دەڵێت: “ریفراندۆم بۆ توركیا موفاجەئە بوو، ئەم پرۆسەیە بەبێ‌ راوێژ لەگەڵ ئەوان كراوە، بۆیە لە ماوەی رابردوودا جۆرێك لە نەمانی متمانە هەبوو، بەڵام مامۆستا سەلاحەددین، لەم سەردانە توانی بەشێك لەو نیگەرانییانە بڕەوێنێتەوە. پێشتر مامۆستا لە ساڵی ٢٠٠٧ بە سەرۆكایەتی شاندێكی باڵا سەردانی توركیای كرد كە ئەوكات هەڕەشەی بەكارهێنانی هێزی سەربازی دژی هەرێمی كوردستان دەكرا”.سەلاحەدین بەهائەدین، چوار رۆژ لە توركیا مایەوە و رۆژی ٢٨/١١/٢٠١٧ گەیشتەوە شاری دهۆك، لەوێ‌ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە سەردانەكەی رایگەیاند “كەسایەتییە كاربەدەست و كاریگەرەكانمان لە ئاكپارتی و حكومەت بینی، تارادەیەك سەردانێكی دڵخۆشكەر و سەركەوتوو بوو، سوپاس بۆ خوا بەرەوپێشچوون هەبوو”.

 

سەلاحەدین بەهائەدین شانازی بە هەڵوێستی حزبەكەی سەبارەت بە پشتیوانی و بە ئەنجامگەیاندنی گشتپرسی كرد و رەتیكردەوە پەشیمان بن لە هەڵوێستەكانیان و گوتی “ریفراندۆم تەعبیر بوو، تاوان نییە حەقی عقوبە و ئینتیقام نییە، چۆن ئامادەبووین بۆ ریفراندۆم و جێگای شانازییە، ئامادەشین بۆ چارەسەركردنی شوێنەوارەكانی و باجەكانی، یەكگرتوو خۆی لە بەرپرسیارێتی نادزێتەوە”.

 

سەرچاوەیەكی باڵا لە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە (رووداو)ی راگەیاند “رۆژی ٢٤/١١/٢٠١٧ ئەمینداری گشتی یەكگرتوو لەگەڵ هاكان فیدان راوێژكاری دەزگای هەواڵگریی توركیا كۆبووەتەوە، بەڵام لەنێو كۆبوونەوەكە داوای لێبوردنی كردووە و بەخێرایی چووە بۆ كۆشكی كۆماری، چونكە سەرۆكی ئەمریكا پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆكی توركیا هەبوو، بەڵام رۆژێكی دیكە بۆ دووەم جار لەگەڵ ئەمینداری یەكگرتوو بە درێژی كۆبووەوە. هەروەها لەگەڵ مەهدی ئاكار، یاریدەدەری سەرۆكی ئاكپارتی بۆ كاروباری دەرەوەش كۆبووەوە”.

 

ئەو سەرچاوەیەی یەكگرتوو سەبارەت بە كۆنەبوونەوەی سەلاحەدین بەهائەدین و ئەردۆغان گوتی: “ئەردۆغان لەم قۆناغەدا نایەوێ‌ هیچ سەركردەیەكی باشووری كوردستان ببینێ‌، بەڵام بینینی بەرپرسانی باڵای حكومەت و ئاكپارتی بە ئاگاداری و رێپێدانی خودی سەرۆككۆمار بووە، چونكە ئەردۆغان هاوكات سەرۆكی حیزبیشە. ئەوەی بەلای یەكگرتووەوە گرنگ بوو گەیاندنی پەیام و سیاسەتی هەرێمی كوردستان بوو بە توركیا كە لاوازبوون و نەمانی قەوارەی سیاسی و ئیداریی هەرێمی كوردستان بە پلەی یەكەم بە زیانی توركیایە”.

 

نەسرەدین سندی، بەرپرسی پەیوەندییەكانی یەكگرتووی ئیسلامی دەڵێ‌: “بە روونی بە بەرپرسانی باڵای حكومی و حیزبی توركیمان راگەیاندووە كە ئەم دابڕان و دوورییە لە نێوان كوردستان و توركیا لە بەرژەوەندی ئەوان نییە، بەرژەوەندیی هاوبەش لە نێوان هەردوولامان هەیە و پێویستە بپارێزرێن”.

 

ڕووداو

 

Qadirzada.com © 2017. All rights reserved