بارزانی: کۆنترۆڵکردنی کەرکوک بە سەرکردایەتی ئێرانییەکان و بە ئاگاداری ئەمریکا و بەریتانیا بووە.

 

 

بارزانی، لە میانی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ گۆڤار و ماڵپەڕی (Newsweek)ی ئەمریکی، ئاماژە بە پرسی ڕیفراندۆم و هیواکان بۆ سەربەخۆیی کوردستان و ئەگەری بەریەککەوتنی سەربازیی نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هێزەکانی عێراق دەکات.

دەقی چاوپێکەوتنەکە بەم شیوەیە:

 

نیوزویک: لە ریفراندۆمدا سەرکەوتنتان بەدەست ھێنا، بەڵام پێدەچێت کاریگەری خراپی لەسەر بنیادنانی وڵاتێکی سەربەخۆ بۆ کوردەکان دانابێت. بۆچی سووربوون لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم؟

بارزانی: بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم بڕیارێکی شەخسی نەبوو، بەڵکو بڕیارێکی ھەمەلایەنە بوو کە پارتە سیاسییەکانی کوردستان دایان و سەرکەوتنی ریفراندۆمیش ئەوە بوو کە ٩٣%ی خەڵکی کوردستان بە (بەڵێ) دەنگی دا. ھەر بۆیە پرۆسەکە سەرکەوتوو بوو. بڕواشم وایە ئەم ڕیفراندۆمە داھاتووی گەلی کوردستانی پاراست. ڕاستە کە ھەندێک بەربەست ھەبوون لە قۆناغی دوای ریفراندۆم، بەڵام بەو مانایە نایەت کە ئیرادەی گەلی کورد لەدەست چووبێت.

 

نیوزویک: بەڵام زۆرێک پێیان وایە کاتەکەی گونجاو نەبوو؟

بارزانی: ئێمە بڕوامان وایە کاتەکەی گونجاو بوو، چونکە ئەو ھێزە عێراقییانەی ئێستا سیاسەتەکانی خۆیان دەچەسپێنن بۆ گۆڕینی بارودۆخ و دیمۆگرافیای ئەو ناوچانەی کۆنتڕۆڵیان کردوون، ئەم پرۆگرام و پلانەیان تەنانەت بەر لە ریفراندۆمیش لە مێشکدا بوو. ئەوان ریفراندۆم وەک بیانوویەک بەکاردێنن بۆ شاردنەوەی پیلانەکەیان لە دژی گەلی کوردستان. ئێمە لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم سوور بووین بۆ ئەوەی ڕێگە لە خوێنڕێژی بگرین، بۆ ئەوەی ڕێگە لە شەڕ و تێکھەڵچوون بگیرێت. ئەو ھێزە عێراقییانەی ئێستا شەڕ لە دژی ئێمە دەکەن، دەیانەوێت واقیعێکی نوێ بەسەر ناوچەکەدا بسەپێنن. ھەڵەی ئێمە ئەوە بوو کە دەبوایە ریفراندۆم زووتر لەو کاتە ئەنجام بدەین نەوەک درەنگتر.

 

نیوزویک: ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لە شەڕی دژ بە داعش ھاوکاری و ھەماھەنگی نزیکی ھەبوو لەگەڵ ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتیی ئەمریکا. پێتان وایە ئەمریکا ئێوەی بە تەنیا جێھێشتووە؟

بارزانی: بەبێ ڕۆڵی پێشمەرگە و ئەو قوربانییەی پێشمەرگە بەخشی، نەدەتوانرا پاشەکشە بە داعش بکرێت و شکست بدرێت، تەنانەت مووسڵیش ئازاد نەدەکراوە، بەڵام چاوەڕێی ئەوەمان نەدەکرد ھێزە عێراقییەکان چەکی ئەمریکی، کە ئەمریکا بە عێراقی دابوو شەڕی داعشی پێ بکات، لە دژی ھاووڵاتی خۆی بەکار بێنێت. ئەوەیان زۆر چاوەڕواننەکراو بوو بۆ ئێمە.

 

نیوزویک: بە ڕای ئێوە ئەمریکا پلانی عێراقی بۆ چوونە ناو کەرکووک و ناوچەکانی دیکە پەسەند کربوو؟

بارزانی: بەڵێ، پێمان وایە ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنی کەرکووک بە سەرپەرشتیی ئێرانییەکان و بە ئاگاداریی بەرپرسانی ئەمریکا و بەریتانیا ئەنجام درا.

 

نیوزویک: جۆن مەککین، سیناتۆری ئەمریکی، ھەرێمی کوردستانی بە دۆستێکی بەنرخ و ھەمیشەیی ئەمریکا وەسف کردووە. پێتان وایە دۆستایەتیتان لەگەڵ کۆشکی سپی لە ژێر سەرۆکایەتیی دۆنالد ترەمپ دا گۆڕانکاری بەسەردا ھاتووە؟

بارزانی: جۆن مەککین پیاوێکی بەڕێز و تێگەیشتووە کە ئاگاداری قوربانیدانی پێشمەرگە و گەلی کوردستانە، بەڵام سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان کوردستان و کۆشکی سپی… ناتوانم بڵێم پەیوەندیمان ھەیە یاخود نا.

 

نیوزویک: ئێران دوژمنێکی باوەکوشتەی عێراق بوو و ئێستاش نزیکترین ھاوپەیمانییەتی. ئەم پەیوەندییە نزیکە چ مانایەک بە ناوچەکە و گەلی کوردستان دەبەخشێت؟

بارزانی: بڕیارەکانی عێراق لەدستی ئێران دان. کورد نیازی ڕووبەڕووبوونەوە یان ڕکابەریکردنی ئێرانی نییە.

 

نیوزویک: کەواتە نیازی کاری ھاوبەشتان ھەیە لەگەڵ ئێران؟

بارزانی: ئەوەیان لە داھاتوو بڕیاری لەسەر دەدرێت.

 

نیوزویک: زۆرێک لە لایەنەکان نیگەرانن لەوەی گرژیی نێوان ھەولێر و بەغدا لە ئەنجامدا بگاتە ھۆکاری سەرھەڵدانی شەڕێکی نوێ. ڕای ئێوە چییە؟

بارزانی: ئێمە ھیواخوازین شەڕ و خوێنڕێژی کۆتایی پێبێت. سیاسەتی ئێمە ئەنجامدانی دیالۆگ و گرتنەبەری ھۆکاری ئاشتیخوازانەیە بۆ چارەسەری و پێشگرتن لە کێشە لەگەڵ بەغدا. ئەگەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ھاوپەیمانان بیانەوێت ڕێگە لە تێکھەڵچوونی چەکداری بگرن، ئەوا دەتوانن. بەڵام ئەگەر شەڕ ڕووبدات، بەو مانایە دێت ئەوان گڵۆپ سەوزیان [بۆ سەرھەڵدانی شەڕ] پێکردووە.

 

نیوزویک: ڕکابەرەکانتان پێیان وایە ئێوە ریفراندۆمتان بۆ دەستکەوتی سیاسیی خۆتان ئەنجام داوە. ئێوە چی دەڵێن؟

بارزانی: بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم لە ساڵی ٢٠١٤ لە لایەن کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان و پەرلەمانەوە درابوو. ئەمە بڕیارێکی شەخسی نەبوو، لەو کاتەشدا بڕیارەکە لە لایەن سەرجەم پارتە سیاسییەکان و دامەزراوەکانی کوردستانەوە پەسەند کرا. بەڵام بەھۆی داعش، ئێمە بەرواری ئەنجامدانی ریفراندۆممان دواخست. دواتریش کە بەروارەکەمان دیاری کرد، ئەو کاتیش ھەر بڕیارێکی ھەمەلایەنە بوو و پارتە سیاسییەکانی کوردستان بڕیاریان لەسەردا.

 

نیوزویک: ئایا ھێشتا هیوا ماوە بۆ سەربەخۆبوونی کوردستان؟

بارزانی: ئەوەی لە ناوچەک کوردستانییەکان دەگوزەرێت کاتییە، چونکە ھیچ کەسێک ناتوانێت ناسنامەی ئەم ناوچانە بگۆڕێت. ئێمە ھیچ گۆڕانکارییەکی زۆرەملێ بەسەر دێموگرافیای ئەو ناوچانە قەبووڵ ناکەین. ناسنامەی ئەو ناوچانە ھێشتا کوردستانییە. تەنھا بۆ رێگەگرتن لە شەڕ و خوێنڕێژیی زیاتر بوو کە ئێمە لە بەشێکی ئەو ناوچانە پاشەکشەمان کرد. ئامانجمان ئەوە بوو ڕێگە لە تێکھەڵچوونی سەربازی بگرین و زەمینەی گفتوگۆ فەراھەم بکەین.

 

نیوزویک: تا چ ڕادەیەک ئێوە ئامادەی دان بەخۆداگرتنن بۆ ڕێگەگرتن لە بەریەککەوتنی سەربازی لەگەڵ بەغدا؟

بارزانی: تا ئەو ئاستەی کە دەکرێت، ئێمە ئامادەین خۆ لە لە شەڕکردن لەگەڵ سوپای عێراق بپارێزین، تا ئەو کاتەی ئەوان نیازی گۆڕینی فیدرالیی کوردستان نەبن.

 

 

Qadirzada.com © 2017. All rights reserved