زنجیرە پیلانگێڕییەکان لەسەر سەرکردە و ڕێبەرەکانی کورد

 

 

 

 بەرهەم لەتیف

مێژوویی جیهان دژی گەلی کورد پڕە لە داگیرکاریی و هێرش و گەلەکۆمەکردن، کوردیش لە زۆرینەیدا ئەگەرچی نابەرامبەریی هێز شکستی پێهێنابێت، بەڵام بەرخۆدانی بەواتای کردووە، نەیارانی کورد بە بەئامانجکردنی سەرکردەو ڕێبەرەکان توانیویانە کۆتایی بە شۆڕشەکان بهێنن، بەڵام ئۆجالان وێڕای ئەوەی ٢١ ساڵە لە زیندانەکاندایە و لە ژێر گۆشەگیرییەکی تونددایە، بەڵام ئەو بۆچوون و هەوڵانەی دوژمنانی کوردی پوچەڵکردەوە، بەوەی شۆڕش بەردەوامە و ئەویش لە زینداندا درێژە بە بەرخۆدان دەدات.

 

زیاتر لە ١٠٠ ساڵە پیلان دژی شۆڕشەکانی کورد بەڕێوەدەچێت، دوایین پیلان دژی عەبدوڵا ئۆجالان بوو، کە ساڵی ١٩٩٨ دەستیپێکرد و ١٥ی شوبات (مانگی دوو)ی ١٩٩٩دا بە گەلەکۆمە و ڕفاندنی ئۆجالان کۆتاییان بەو قۆناغەی پیلانەکە هێنا، کە چەندین وڵاتی جیهان بە شێوازیی سیخوڕیی و جیاواز تێیدا بەشداربوون، بەڵام ئەوەی ڕەوتی مێژووی کوردی گۆڕیی، ئەوەیە ئۆجالان نە خۆی تەسلیمییەتی هەڵبژارد و نە شۆڕشەکەشی بە پێشەنگایەتی پەکەکە کۆتایی هات، لەم بابەتەدا سەرنج دەخینە سەر مێژوویی شۆڕشە کوردییەکان و پیلانگێڕییەکان.

 

شێخ سەعیدی پیران

 

شێخ سەعیدی پیران شۆڕشگێڕێکی کورد بوو لە باکوری کوردستان، ساڵی ١٩٢٥ سەرهەڵدانی دژی دەوڵەتی تورکی ئەوکات بە سەرۆکایەتیی ئەتاتورک ئەنجامدا و بۆ ماوەیەک شاری ئامەدی باکوری کوردستانی گەمارۆدا و هەوڵی ئازادکردنی دا لە دەستی ڕژێمی تورک.

  

بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان، هێزەکەی شێخ سەعید زیاتر لە ٦٠٠ هەزار سوار بوون، لە پاش چەند ڕۆژێک شەڕکردن، هێزەکەی شێخ سەعید دووچاری شپرزەیی بووەتەوە، دواتر بەهۆی خیانەتی قاسم بەگی سەرۆک هۆزی جبرانەوە و دەست تێکەڵکردنی لەگەڵ تورکەکان، شێخ سەعید و ژمارەیەک لە تێکۆشەرانی دیکەی کورد لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە دەستگیر دەکرێن و دواتر لە ئامەد لەسێدارە دەدرێن.

 

قازی محەمەد

 

یەکێک لە ناوە پرشنگدارەکانی ١٠٠ ساڵەی گەلی کوردە، کە توانیی بۆ یەکەمین جار کۆماری کوردستان لە شاری مهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دابمەزرێنێت، ئەگەرچی تەمەنی کۆمارەکە تەنها ١١ مانگ بوو، بەڵام مێژوویەکی لەدوای خۆی جێهێشت، کە دەکرێت ببێتە وانەیەک بۆ خیانەتی ناوخۆیی و پشتبەستن بە دەرەوە.

 

فاکتەری سەرەکیی ڕووخانی کۆمارەکە هەڵگەڕانەوەی ئەو سەرۆک هۆزانە بوو کە سەرەتا پاڵپشتی قازی محەمەد-یان دەکرد و دواتر کەوتنە دژایەتییکردنی، وەک ئیبراهیم ئەحمەد لە کتێبی دادگای مێژوودا باسی دەکات، بەشێک لە سەرۆک هۆزەکان لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە کڕدرابوون.

 

بەوهۆیەشەوە لە ١٧ی ١٢ی ١٩٤٦دا ڕژێمی ئێران چوونە مهابادەوە و هەرەسیان بە کۆماری کوردستان هێنا و قازی محەمەدیان دەستگیرکرد، لە ٣٠ی ئازاری ساڵی ١٩٤٧دا قازی محەمەد لە گۆڕەپانی چوارچرای مهاباد لەسێدارە دراو بەوشێوەیە دوژمنان کۆتاییان بەو شۆڕشەش هێنا.

 

سەید ڕەزای دەرسیم

 

 لە دوای کۆتاییهاتنی شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران، سەید ڕەزای دەرسیم لە ساڵی ١٩٣٧ شۆڕشی لە ناوچەی دەرسیم-ی باکوری کوردستان لەدژی دەوڵەتی تورک دەستپێکردەوە و داوای لە سەرۆک هۆزەکانیش کرد، یەکێتیی خۆیان پێکبهێنن و لەدژی دەوڵەتی تورک بووەستنەوە.

 

دوای بەرخۆدانێکی زۆری سەید ڕەزا و ھاوپێوەندەکانی و بێ ھیوا بوونی ئەتاتورک لە داگیرکردنی دێرسیم، ئەتاتورک بانگھێشتی سەید ڕەزا دەکات بۆ "ئەرزنجان" بەمەبەستی دانووستانکردن، بەڵام لەوێ سەید ڕەزا و یاوەرانی دەستگیردەکرێن و لە ١٥ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٣٧دا و لەتەمەنی ٧٨ ساڵیدا سەید ڕەزا و بەشێک لە ھاوڕێکانی لە سێدارەدران.

 

شێخ عەبدولسەلام بارزانی

 

شێخ عەبدولسەلام بارزانی، کوڕی شێخ محەمەدی کوڕی شێخ عەبدولسەلام بارزانییە، برا گەورەی مەلا مستەفای بارزانییە، لە دەوروبەری ساڵی ١٨٨٧ دا لەگوندی بارزان لە دایکبووە، لەدوای کۆچی دوایی شێخ محەمەدی باوکی لە ساڵی ١٩٠٣ دا بووەتە شێخی ڕابەری نەقشبەندی لە تەکیەی بارزان.

 

شێخ عەبدولسەلام بارزانی، پەیوەندی لەگەڵ سەرۆک خێڵ و کەسایەتییەکانی ناوچەکە پتەودەکات، ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی شۆڕشێک لەدژی دەسەڵاتی عوسمانییەکان دروستبکات، بۆ ئەوەش سەردانی شێخانی قادری کردووە، هەروەها پەیوەندی لەگەڵ ڕێکخراوە کوردییەکان بەهێزکردووە وەک ( کۆمەڵەی تەعالی و تەرەقی کورد، کۆمەڵەی هێڤی، کۆمەڵەی سەربەخۆیی کورد، هەروەها پەیوەندی بە شێخ مەحمودی حەفید و شێخ عوبێدوڵای نەهری و سمکۆ خانی شکاکەوە کردووە.

 

لە بەهاری ١٩٠٧ شێخ عەبدولسەلام سەردانی شێخ نوری محەمەد بریڤکانی کردووە، کە ئەوکاتە بەرپرسی یەکەمی تەریقەتی قادریی بووە لە بادینان و لەوێ لەگەڵ سەرۆک هۆزەکانی کورد و پیاوە ئایینییەکان کۆبووتەوە، چەند داخوازییەکیان بە تەلەگراف ناردووە بۆ سوڵتان عەبدولحەمید-ی سوڵتانی عوسمانی لە ئیستەنبوڵ، کە بریتی بووە لە:

 

١-زمانی کوردیی لە ناوچە کوردییەکان بکرێتە زمانی فەرمیی.

٢-خوێندن لە قوتابخانەکاندا بە زمانی کوردیی بێت.

٣-قائیمقام و بەڕێوبەری شارەدێ و کارمەندان و کاربەدەستان لەوانەبن کە کوردیی دەزان.

٤-باجەکان وەکو خۆیان بمێننەوە بەمەرجێک لە چاککردنەوەی ڕێگاوبان و کردنەوەی قوتابخانە لە ناوچە کوردییەکاندا خەرجبکرێت.

 

کاتێک سوڵتان عەبدوحەمید ئەو داواکارییانەی پێگەشتووە، توڕە بووە و ئەوەی بە دەرچوون لە فەرمان و داواکاریی جیابوونەوە لە قەڵەمداوە، بۆیە فەرمانی جەنگی داوە و لە ساڵی ١٩٠٧ سوپای ناردووتە سەر بارزان، هیچ کەس لەو کەسانەی لەگەڵ شێخ عەبدولسەلام-دا سوێندیان خوارد بەرگرییان نەکرد، تەنها سوپاکەی شێخ عەبدولسەلام شەڕیکرد، بەڵام ئەویش لە کۆتایدا توانای بەرگریی نەماو ماوەی ساڵێک لە بارزان کشایەوە، چووە ناوچەی 'تیارییەکان' و لای مارشەمعوون مایەوە، سوپای عوسمانیش زۆربەی شوێنەکانی دەڤەری بارزانی سوتاند و ژن و منداڵیان بەدیل گرت، هەتا مەلا مستەفای بارزانی کە تەمەنی ٣-٤ ساڵ بووە لەگەڵ دایکیدا دەستگیرکران و لە زیندانی موسڵ زیندانی کران.

 

سوڵتانی عوسمانی خەڵاتێکی گەورەی دیاری کردووە بۆ ئەوکەسەی شێخ عەبدولسەلام بە زیندوویی یان بە مردوویی دەگرێت، شەوێک شێخ عەبدولسەلام و سێ پێشمەرگەی یاوەریی بە گوندی گەنگەچین-ی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا تێپەڕدەبن، ئاغای گوندەکە کە ناوی 'سۆفی عەبدوڵا' بووە تکای لێکردوون شەو میوانی ئەوبن، ئەوانیش قبوڵیان کردووە، بەڵام شەو شێخ عەبدولسەلام و هەرسێ پێشمەرگە یاوەرەکەی دەستبەسەر دەکات و ڕادەستی سوپای عوسمانی دەکات.

 

شێخ عەبدولسەلام دەنێردرێت بۆ زیندانی موسڵ و لە دوای دادگاییکردنی، بە فەرمانی سلێمان نەزیف، هەمان ئەو کوردەی خەڵکی دیاربەکر، کە هێرشی کردە سەر بارزان، خۆیی و هەرسێ یاوەرەکەی لە ڕۆژی ١٤/١٢/١٩١٤دا لە سێدارە دران.

 

شێخ مەحمودی حەفید

 

شێخ مەحمود ساڵی ١٨٨١ لە ناوچەی بەرزنجەی شاری سلێمانی لەدایكبووە، ساڵی ١٩٠٨ بەپیلانی گروپی ئیتیحادو تەرەقی (دەوڵەتی عوسمانی) لە شاری موسڵ شێخ سەعیدی باوكی و شێخ ئەحمەدی برای شەهید كران ‌و ئیتر ئەركی بەڕێوەبردنی كاروباری بنەماڵەكە ئەكەوێتە ئەستۆی شێخ مەحمود، ساڵی ١٩١٨ كاروباری شاری سلێمانی گرتەدەست.

 

لە ڕۆژی ١٦/١١/ ١٩١٨، دا مێجەر نوئێل- مێجەرسۆن، نوێنەری ئینگلیزەکان لەگەڵ پێنج هاوکاریی دێنە سلێمانی و ڕۆژێک دواتر، لەبەردەرکی سەرای شاری سلێمانی لەبەردەم بەشێک لەسەرۆک هۆزەکاندا شێخ مەحمود، وەک حکومداری ناوچەکە دەناسێنێت، چەند ڕۆژێک دوای ئەوە شێخ مەحمود حکومەتەکەی دادەمەزرێنێت.

 

شێخ مەحمود، بەردەوام کێشەکانی لەگەڵ ئینگلیزەکاندا زیادی دەکرد، ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی مێجەرسۆن کە نوێنەری ئینگلیز دەبێت لە سلێمانی، ڕۆژی ٢١ی ئایاری ساڵی ١٩١٩سلێمانی بەجێبهێڵێت، دوای ئەوە شێخ مەحمود هەموو کارمەندانی ئینگلیز دەستبەسەر دەکات و ئاڵای بەریتانیا دادەگرێت و ئاڵای حکومەتەکەی خۆی هەڵدەکات، پاش چەند ڕۆژێک شەڕی دەربەن بازیان ڕوودەدات، لە کایەی یەکەمدا شیخ مەحمود، سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت، بەڵام دواتر بەهۆی ناهاوسەنگی هێز و چەکەوە سوپاکەی شێخ مەحمود دەشکێت و شێخ مەحمود بە برینداریی دەکەوێتە دەست ئینگلیزەکان و لەپاش دادگایی کردنی دووردەخرێتەوە بۆ هندستان.

 

لەدوای تێکچونی یەکەم حکومەتی شێخ مەحمود و دورخستنەوەی بۆ هندستان، لە ٢٨ی مانگی ٥ی ساڵی ١٩٢٢ ئینگلیزەکان شێخ مەحمود دەهێننەوە بۆ وڵاتی کوەیت، پاش چەند ڕۆژێک هێنایانەوە بەغدا و لەڕۆژی ٣٠ی مانگی ٩ شێخ گەڕایەوە سلێمانی.

 

لە ساڵی ١٩٢٦دا هێزی هاوبەشی ئینگلیزەکان و عێراق و ئێران، دژی شێخ مەحمود شەڕیانکرد، لە پشدەر و دەستیان لە هاوڵاتیانی مەدەنی نەدەپاراست، بۆ ئەوەی کۆمەڵکوژیی پێکنەیەت شێخ مەحمود بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئینگلیزەکاندا دەستی لەکاری سیاسی کشاندەوە، بەڵام چەندین جاری دیکە بەشداریی شۆڕشە خۆڕسکییەکانی جەماوەری کرد و هەندێک جاریش لەڕێگای پەوەندییەکانیەوە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی دەدا.

 

لەکۆتایدا شێخ مەحمود، لەساڵی ١٩٣٢ بەیەکجاری وازی لە خەباتی سیاسی هێنا و لە ڕۆژی ٩-١٠ - ١٩٥٦ کۆچی دوایی کرد و لە مزگەوتی گەورەی شاری سلێمانی بەخاک سپێردرا.

 

هەر لە سەدەی ٢٠دا چەندین سەرکردە و شۆڕشگێڕی دیکەش وەک سمکۆی شکاک، شەهید ئارام، دامەزرێنەری کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان، دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملو، دووەم سکرتێری حزبی دیموکراتی کوردستان و سلێمان موعینی، کەسایەتیی سیاسیی کورد لەلایەن دوژمنانەوە دەکرێنە ئامانج و بە دەستی ناوخۆیی شەهید دەکرێن و شۆڕش و سەرهەڵدانەکانیان لەناو دەبرێت.

 

دایین ئەڵقەی ئەم زنجیرەیەش، پیلانگێڕیی ١٥ی شوباتی ساڵی ١٩٩٩ بوو کە تێیدا عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە لە نایرۆبی پایتەختی کینیا ڕفێندرا و دواتر گواسترایەوە بۆ دوورگەی ئیمرالی لە تورکیا، بەڵام ئەو پیلانە نەیتوانی ئۆجالان و پەکەکە و شۆڕشەکە لاواز بکات.

 

عەبدوڵا ئۆجالان- ئاپۆ

 

ئۆجالان ساڵی ١٩٤٩ کە گوندی ئامارای پارێزگای ئورفای باکوری کوردستان لەدایکبووە، ساڵی ١٩٧٦ لەگەڵ کۆمەڵێک خوێندکاری زانکۆدا پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە دادەمەزرێنن، دامەزراندنی پەکەکە لە دوای سەرکووتکردنی شۆڕشەکانی شێخ سەعیدی پیران و سەید ڕەزای دەرسیم، دەبێتە زەنگێک بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەی باکوری کوردستان و تۆقاندنی دەوڵەتی تورک.

 

ساڵی ١٩٨٢ پەکەکە دەست بە خەباتی چەکداریی دەکات لەدژی دەوڵەتی تورک، لەوڕۆژەوە تاوەکو ئێستا پەکەکە هەرچەند هیچکات لوولەی تفەنگەکەی بە ڕووی دوژمندا نەوی نەکردووە، هەمیشەش بژاردەی یەکەمی ئاشتیی بووە و هەمووکات عەبدوڵا ئۆجالان جەختی لە چارەسەرکردنی ئاشتییانەی دۆزی کورد کردووەتەوە.

 

هەواڵی دامەزراندنی پەکەکە هەرزوو بە شار و گوندی باکوری کوردستاندا بڵاودەبێتەوە و دەیان هەزار گەنج تا ساڵانی ٩٠ی سەدەی ڕابردوو دەچنە ڕیزی گەریلاوە، ئەو فراوانبوونە خێرایە و پەرەسەندنی فکری ئاپۆچێتیی، وادەکات نەک تەنها دەوڵەتی تورک، بەڵکو دەوڵەتە زلهێزەکانی دیکەش هەوڵی خامۆشکردنی ئاگری شۆڕشی پەکەکە بدەن.

 

بۆ ئەوەش لە ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨دا بە چاودێریی ئەمریکا و سەرپەرشتیی دەوڵەتی  تورکیا، پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتیی بۆ دەستگیرکردنی ئۆجالان دەستپێدەکات، ئەوکات ئۆجالان لە سوریا دەبێت و بەناچاری ئەو وڵاتە جێدەهێڵێت، بەڵام هیچکام لە وڵاتانی ئەوروپا ئامادە نابن مافی پەنابەریی بدەنە ئۆجالان، سەرەنجام لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩دا ئۆجالان لە شاری نایرۆبی پایتەختی کینیا لە گەلەکۆمەیەکدا دەڕفێندرێت و دواتر لە دوورگەی ئیمرالی تورکیا زیندانیی دەکرێت.

 

بەڵام ئەوەی بووە جێی شکستی ئەو پیلانگێڕییە، پەرەسەندنی زیاتری پەکەکە و فکری ئۆجالان بوو، بەجۆرێک ئێستا فکری ئۆجالان سنوورەکانی کوردستانی تێپەڕاندووە و لە زۆرینەی وڵاتاندا کاری لەسەر دەکرێت، جگە لەوەش دەوڵەتی تورک نەک نەیتوانی بە ڕفاندنی ئۆجالان شۆڕشی پەکەکە لەناوببات، بەڵکو پەکەکە ڕۆژ بەڕۆژ لە بەهێزبووندایە.

 

ئەوەی لە لاپەڕەکانی مێژووی خەباتی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی گەلی کورد-دا دەردەکەوێت، کورد بەدرێژایی مێژوو لەبەردەم هێرش و هەڕەشەی دوژمناندا بووە، بەڵام ئەوەی توانیویەتی زەفەری پێببات خیانەتی ناوخۆیی و دەست تێکەڵکردن بووە لەگەڵ دوژمناندا، زۆرینەی سەرکردە و تێکۆشەرەکانیش هەر بەم هۆیەوە خۆیان و شۆڕش و سەرهەڵدانەکانیان لە ناوچوون، هەموو ئەوانە نەبووەتە هۆکاری ئەوەی کورد یەکدەنگ بێت، بە ئێستاشەوە هاوڵاتیانی کوردستان داوای یەکێتی نەتەوەیی و یەکڕێزیی کورد دەکەن و لایەنە ساسییەکانیش پێکیان نەهێناوە، بەڵام لە ئێستادا هەوڵی چەند لایەنێک هەیە کە کورد لەژێر چەترێکدا کۆبکەنەوە، لەسەرووری هەموویانەوە کەنەکە.

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved