QADIRZADA.COM
| ||
|
||
عه زیز نه سین
ناوی راستەقینەی محەمەد نهسرەت نەسین ـ ه و لە ساڵی 1915 لە ئهستهنبول لە دایك بووەو خویندنی سەرەتایی هەر لە هەمان شار تەواوكردووە، دواتریش لە قوتابخانەی سەربازیی وەرگیراوهو لە ئەكادیمیایی سەربازی بڕوانامهی دیبلۆمی وەرگرتووە و لە ساڵی 1939 ههروهكو نهسرهتی باوكی پلەی ئەفسەریی وەرگرتووه . پاشان زۆری نەخایاند نهسن له رێزەكانی سوپا خۆی دەرباز كردو و دواتر چووه ناو كۆمەڵەی نووسەران و لە گۆڤاری بە ناوبانگی (یدیگیون)دا دهستی به كاركردن كرد . لە سالی 1946 بههۆی نووسینەكانییهوه خۆی لە گرتووخانەدا بینیەوە و زیاتر لە پێنچ ساڵ لە جیهانی رۆژنامەگەری بێ بەشكرا. دوای رزگاربوونی لە گرتووخانە ماوەیەك خەریكی كتێب فرۆشتن دهبێتو دواتر كاری وێنەگریی دەكرد و دووبارە دەستی بە نووسین كردووە .
عەزیز نەسین هەر لەوكاتەی كە چووه قوتابخانەی سەربازیی دەستی كرد بە نووسین ، سەرەتا چیرۆكەكانی خۆی تەنیا لە گۆڤاری (یدیگیون) بە چاپ دەگەیاند و دواتریش لە گۆڤاری (میللیهت) كە لە ئەنقەرە دەردەچوو، دواتریش له گۆڤاری (یه نی ئادەم) نوسینی بلاودهكردهوه ههر بەو ناز ناوەی كه لە سەربازیدا بۆ خۆی دانابوو.
بێجگه له چیرۆك زۆر وتاری دیكهی دەنووسی چونكە تەنیا چیرۆك نووس نەبوو، ههروهها لەو ناوە ناراستەقینەی خۆی لە وتارەكانیدا سوودی زۆر وەردەگرت. نه سین لە گۆڤاری (تان)دا دەستی بە چیرۆكەكانی گاڵتەجاری كرد، دواتریش بە هاوكاری هاوڕێیهكی كهناوی سەباحەدین عەلی بوو گۆڤاری ماركۆ پاشایان دهركرد كە بوو بە مینبەرێكی تایبەتی رەخنەگرتنی سیاسیانە ، له بهر ئهوه جارێكیتر قۆڵ بەستكرایەوە و دووبارە خۆی لە ناو گرتووخانەدا بینییەوە. عهزیز نهسین دوای ئازاد بوونی له بهندی خانه دەستی بە چیرۆك نووسینی خۆی كردەوەو ئەم جارەیان لە گۆڤاری (ئاق بابا) كە گۆڤارێك بوو بۆ پێكەنیین و نووسینی گاڵتەجاریی ، لەم گۆڤارەشدا كۆمەڵێك لە چیرۆكەكانی خۆی بە چاپ گەیاندن .
عەزیز نەسین لە سەردەمی خۆیدا گەورەترین چیرۆك نووسی بە توانج و گاڵتەجاریی بوو لە توركیادا .له دووساڵ بەدوای یهكدا خەڵاتی دارخورمای زێرینی وەرگرت لە پێشبركێی چیرۆك نووسانی جیهاندا كە لە ئیتالیا بەڕێوە دەچوو، دواتر زۆر بەناو بانگ بوو لە جیهاندا و كتێبەكانی بۆ زۆربەی زمانەكانی دیكه وەرگێڕدران، زیاتر لە 40 بەرهەمی عەزیز نەسین چەندین جار چاپ و بڵاوكراونەوە كە تەواوی ئەو بەرهەمانەی ده گەیشتنە سەدان هەزار نوسراو.
نووسینەكانی عەزیز نەسین كە بە توانج و تانە و گاڵتەجاریی بهناوبانگ بوون چ لە رۆمانەكان و كورتە چیرۆكەكان بههۆی فرهلایهنیی و بهرفراوانیانهوه دەبوونە جێگای سەرسوڕمان، به تایبهتی لایەنی گیروگرفتە كۆمەڵایەتیەكان. بە ناوبانگی و كەسایەتی جۆراوجۆری چیرۆكەكانی نهسین و شێوەی نووسین و باسكردنیان هێندە گشت گیربوون لهبهرئهوه لەناو خەڵكیدا خوینەرێكی زۆری پەیدا كرد . بێجگە لەمەش عەزیز نەسین هیچ كاتێك لە زمانی چیرۆك و شێوەی باسكردنی ژیانی چینەكانی جۆراوجۆر خۆی ناپارێزێت ، بەڵام زۆربەی چیرۆكەكانی باسی جوتیارەكان دەكات كە لە لادێوه بۆ ناو ژیانی شارە گەوركان ڕادەكێشرێن . نهسین بە شێوەیەكی قوڵ ناڕواتە ناو بابەتێكەوە ئەمەشیان لە تایبەتمەندیەكانی خۆیەتی كە لە بەرچاو دیارە و پشتی پێ دەبەستێت، بۆیە ئامانجەكەی لێكدانەوەی ژیانی ئەوان نییە ، بهڵكو مەبەستێك و ئامانجێكی دیكهی لە پشتهوه یەو تەنیا بۆ سەرگەرم كردن و دڵخۆشكردنی خەڵك رێگای قارەمانی چیرۆكهكانی خۆی بەم لایەنەدا دەبات مهبهست و لێیان رەخنەگرتنێكی تەواو تونده لە هەلومەرجی كۆمەڵگا و ژیانی كۆمەڵایەتی . لە تەواوی بەرهەمەكانیشیدا لایهنێكی تایبەتی هەیە كە چیرۆكەكانی لە لایەنێكی دیاردا بەم چیرۆكانه بهدەریان دەخات ، بیَجگە لەم لایەنهش نرخێكی بەرزی ئەدەبییان هەیە . گرنگترین كۆمەڵە چیرۆكەكانی عەزیز نەسین بریتین لهمانەن : دەم سەگ، شێتێك لە پشت خانوو، كورسی، برایم زهبۆك.
ههروهها لە گرنگترین شانۆنامەكانیشی یاغی توروس . عەزیز نەسین له بارهی بهرههمهكانییهوه وتویهتی : ئەوكاتەی كە تەمەنی پەنجاو سێ ساڵ بووه پەنجا و سێ كتێبی نووسیوه . نووسینەكانی انۆگەرییشی لە هەمان تەمەندا 17 شانۆنامە بوون و لە حەوت وڵاتی دنیا وەك شانۆگەری نمایش كراون . عەزیز نەسین زۆر لە و داهاتهی كە لە نووسینەكانی خۆی بە دەستی دەهێنا، بۆ دامەزراوەی (نەسین)ی تەرخان دەكرد ، ئەم دامەزراوەیهش پێداویستیەكانی خویندنی بۆ مندالاَی كهم دهرامهت تهرخان دهكرد. |
||
Qadirzada.com © 2009. All rights reserved
|
||