وونبوونی ( فاتیح سەلام ) ی شاعیر لە نێو کڵافەی پیتەکاندا

 

ئاری عوسمان خەیات..

یەکێک لەو تایبەتمەندییانەی کە ئەزموونی شیعری ( فاتیح سەلام ) لە شاعیرانی ھاودەمی خۆی جیا دەکاتەوە ، ئەوەیە کە ھێزی شاعیر بوون اە نێو تێکستەکانییەوە بە ئەسپایی ھەڵدەکشێت و خوێنەر لە گەڵ خۆیا بەرەو جیھانێکی ئیستەتیک پەلکێش دەکات ، بەمەش توانای شاعیرییەت لەو چێوەیەدا نامێنێتەوە ، کەبەتەنھا نمایشکردنی ووشە و دەستەواژەکان بێت ، بەڵکو گەمەی زمان چر دەبێتەوە و پرۆسەی شیعرییەت لە ھەردوو ئاستی لانگ و پارۆڵدا لە دایک دەبن ، بۆیە ئەو سەفەرانەی کە خوێنەری شیعری کاک فاتیح لە کردەی خوێندنەوەدا دەیکات ، دوا جار پێویستیان بە زەخیرەی تەواو ھەیە لە رووی تێگەیشتن و چێژوەرگرتنەوە ، بەو پێیەی سەفەرێک دەبێت بە نێو چرترین پرۆسەی زمانی لە بۆتەقەی تێکستێکی شیعریدا .

دەقی ( وونبوون ) دوا دەقی شیعری فاتیح سەلامی شاعیر و نووسەرە ،کە لە بیستی ئەم مانگەدا لە ماڵپەرەکاندا بڵاوکراوەتەوە و خوێندمەوە .( وونبوون ) لەو تێکستە شیعرییە ھەژێنەرانەیە کە کە ھەر لە گەڵ خوێندنەوەیدا خوێنەر رۆدەچێتە نێو دنیایەکی بەرینی شیعرییەتەوە ، لە کاتێکدا دەقێکە لە رووی رۆنانەوە دەقێکی شیعری کورتە، بەڵام زمان بە شێوەیەک تێیدا وەگەرخراوە کە پێکھاتەیەکی قووڵیبە فەزای گشتی شیعرەکە بەخشیووە و ناوەرۆکێکی قورسی پێداوە ،قورس بەمانای ئاڵۆزییەک نا ،کە کۆدەکانی بۆ خوێنەر لە توانای کردنەوەیدا نەبێن ، کرانەوەی ئەم کۆدانەش وای نەکردووە کە ریتمی شیعرەکە بشێوێنێت بەرەو ھەڵوەشانەوەیەکی ئاسانی بەرێت .

دەسپێکی ( وونبوون ) لەوشوێنەوەیە کەتێیدا چیرۆکێکی تەواو نەبوو ، سێبەرێک بۆ شاعیر دروست دەکات ،لەو کاتەشدایە کە خۆر شی دەبێتەوە و پارچەو لەتەکانی دەکەونە کۆشمانەوە ، ھەڵبەت ئەم وێناکردنە ئاماژەیەکە بۆ کۆتایی بوون ،ھاوکات دەسپێکی دەسپێکێکی نوێیشە بۆ ئەو چیرۆکەی کە ھەرگیز کۆتایی نایە ، بەمەشدا وونبوون چەمکێکی بەرفراوان و قووڵ بە خۆوە دەگرێت ، دەبێتە ئەو سەرزەمینەی کە ئیدی مرۆڤ بە ھیچ شێوەیەک ناتوانێت چارەنووسی خۆی لێوە ببینێت ، بەو مانایەی وونبوون و سەرەتای ئەو ھەموو چیرۆکانەی باس لە نەھامەتییەکانی مرۆڤ دەکەن ھاوکاتن بە کۆتایی بوون و دەستپێکردنەوەی وونبوون ،بەمەش موتروبەکردنێکی سەیر لە نێوان بوون و وونبووندا دێتە ئاراوە ، کە دوا جار رەگەزی سێیەمی ئەو تێکەڵ بوونە بریتی  دەبێت لە تەنیایی ،کە ئەمەش لە رێگەی بۆنی سمڵەوە بەدەم چڵێکی شکاوەوە ، کە سیمبۆلی ملدانی سروشتە و سمڵیش بۆ خۆی بۆنی ووشە و رۆحی گوزارە و دەربرینە ،بەوەش تێپەربوونی ( ئەو ) بە نێو چۆڵەوانییەکی چاوەروان نەکراوا دەبێتە ئەو مانیڤێستەی کە لە کۆتایی تێکستەکەدا دێتەوە بەردەم روانینی خوێنەر ، کە ئەویش تِەنیاییە ، نەک ھەر ئەوەندە بەڵکو تەنیایی دەبێتە خودی ئەو پەیامەی کە شاعیر کە دەیەوێ لەپاڵ چەمکی کۆتایی بوون و وونبووندا بە وەرگری بگەیەنێت ، چونکە دیارە چاوگەی تەنیایی و وونبوون ھەریەکە و ئەویش کۆتایە بوونە کە ئەمەش سەرەتای ئەو چیرۆکە تەواو نەبووەیە کە ھەر لە ئەزەلەوە بووەتە قەدەری مرۆڤ و ناشبێ بەو ئاسانییە لە کۆڵ بێتەوە .

دواجار مرۆڤ بۆ ھەرکوێ و بروات و لەگەڵ ھەرکێ بێت ،ھەر دەبێت بە نێو سەرزەمینی چۆڵەوانی و بە نێو ئاقاری تەنیایی ئەماش لەگەڵ وونبوندا بێتەوە یەک گیان و بەوەش ھاوکێشە ئەزەلییەکەی دەستپێکردنەوەیەکی نوێ بۆ خۆی تۆمار دەکاتەوە .

لە راستیدا ئەم تێکستەی کاک فاتیح سەلام ، وەک کۆی تێکستەکانی تری ئەم دواییانەی ، پێویستی بە لەسەر وەستان و خوێندنەوەی وورد و پرتر ھەیە ، بەڵام جوانی ( وونبوون ) ی ئەجارەی شاعیر نەیھێشت ئەم نووسینە بۆ کاتێکی تر دوا بخەم ، بۆیە پێم خۆش بوو لێرەدا ئێستێکی لەسەر بکەم.  

وونبوون ...

له‌ سێبه‌ری چیرۆكێكی ته‌واو نه‌بووی سه‌رابه‌وه‌

كۆشت پر ده‌بێت له‌ تیشك و..

چه‌ند میلێ‌ دوور له‌ قه‌ره‌وڵی پێكانی حه‌سره‌تته‌وه‌

په‌راش ، په‌راش ..له‌ته‌ خۆره‌

ده‌یبینی ، به‌رده‌بێته‌وه‌

له‌ شوێن كورسییه‌كی چۆڵی نێو باخچه‌كه‌م

ڕاده‌مێنم .!

بۆنی سمڵ به‌ چڵێكی شۆره‌وه‌ بووی شكاوه‌وه‌

به‌ ئه‌سپایی ده‌مدوێنێ:‌

*ئه‌و .. لێره‌وه‌ ، كڵافه‌یه‌ك ره‌نگی پیتی

كۆكرده‌وه‌و و بۆ خۆی بردی

تا من چرۆی نوێم لێ‌ ده‌روێ‌

ئه‌ویش له‌به‌ر ئاوێنه‌ی گوناهی شه‌ودا

دوا لاپه‌ره‌ی یاداشتێكی ژن سالاری

له‌ توێی قولابی په‌نجه‌یدا

(ته‌ز ) ده‌یكرۆژێ‌ و ..ته‌نیایی دیخوێنێته‌وه‌

Qadirzada.com © 2009. All rights reserved