‌سلێمانی موشاغە بە چیە!

 

 

ئاری محه‌مه‌د هه‌رسین

 

هەر لە سەردەمی داگیرکاری ئینگلیزەکانەوە، پێش ئەوەش لە سەردەمی حوکمی عوسمانی و سەفەویەوە سلێمانی لای داگیرکەرانی کوردستان خۆشەویست نەبوە.

 

هەر لە مەبدە ئی گواستنەوەی ناوەندی حوکمڕانی لە قەڵاچوالانەوە کە مەوقیعەکەی بۆ پایتەخت نەگونجاوە و گەڕان بە شوێن کەمێک دەشتایی، هەتا دروستبوونی پیرەمێردێک کە سەری گەورەی فرۆ دێنێ بۆ منداڵانی کورد زوبان… هەتا نالی خزماتکار و عاشقی خاک و خۆڵی نیشتیمانی پیرۆزی کوردستان… هەتا کوردی، هەتا بێکەس، زێوەر هەتا هەردی و سەرتۆپی شاعیرانی مۆدێرنی کوردی شێرکۆی تاک و نازدار… نازانم بڵێم هەتا چەن، … هەتا شەهیدانی شار… لە سالە شێتەوە هەتا کەریم دانزێڕ، عومەری ساڵح مەنسور، جەمال دیگۆڵ، عوسەی ئامە، عەریف غەریب، شێخ محەمەدی سەید عەلی حافز، نوری حەمە عەلی، جەمالی عەلی باپیر، ئاسۆی دەلاک، عەبدوڵا ئاغا، مام ئاراس، جەزای عەلی کاتب، ئەنوەری عەلی نەجاڕ، عومەری حەلاو… ئیتر لیستەکە زۆر دورو درێژە و لێم ببورن کە هەمو ناوەکانی تیا نیە.

 

ئەو شارەی کە لەبەر ئەوەی ئامادە نەبوون دژایەتی مەلا مستەفای بارزان بکەن، بە ڕۆژی ڕوناک لە حوزەیرانی ١٩٦٣ خەڵکیان لێ زیندەبەچاڵ کرا.

 

ئێستە ئەڵێن دەمڕوت و نەزان و کاسەلێس و ناڕەسەنی وا پەیدا بوون کە لە ژێر سێبەری پارتی بوندا، و لە خوار جەمەدانەی سورەوە، سوکایەتی بە سلێمانی گەورە ئەکەن (کە لە ئەساسدا هیچ نەبوون جگە لە پەیامنێرێکی دەرەجە هیچ). هەمو عالەم ئەزانێت نوێنەری جامانە سوو کێن.

 

هیوادارم نمایەندەکانی جەمەدانەی سوور و، مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵوێستیان ڕوون بێت. ئەگەر ئێمەی سلێمانی لەدەرەوەی شێخایەتی تەریقەتی کوردایەتین، نە لێمان بترسن و نە موجامەلەشمان بکەن، زۆر بە ڕوونی پێمان بڵێن بڕۆن، خۆمان ئەڕۆین. شەرتیش نیە ئەوەی پارتی نەبێت ئیتر یەکسەر ببێت بە یەکێتی یان شتێکیتر.

 

دونیا و کوردایەتی زۆر لە پارتی و یەکێتی گەورەترە. لە بێدەنگی ئەم لایەنە پەیوەندیدارانەدا، بەندە تەرجومەی پەندە فارسیەکەی بۆ ئەکەم کە ئەڵێت: سکوت نشانە رزاست(ئەمتوانی بۆ نوسینەکە پیتی عەرەبی بەکار بێنم، چونکە ئەزانم ئیملای فارسی چۆنە، بەڵام بە ئارەزوی خۆم نەمنوسی).

 

ئەم پاڵەوانانەی کە لەپاڵ سەنگەری پارتیا زاتی ئەوە ئەکەن پەنجە بۆ نەمامی گوڵە کانی شەهیدانی گردی سەیوان بەرن، با وەک ئێمە چۆن لە هەولێر و دهۆک هەین، بفەرمون پیاسەیەکی بەردەرکی سەرا و توی مەلیک بکەن و لەوێ جورئەتیان هەبێت چاو ببڕنە چاومان و پێمان بڵێن ئێمە موشەغەبەچین… ئەگینا با بۆ هەمیشە ئوسکوت بن.

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved