پەناخوازێکی کورد مەترسی دیپۆرتکرانەوە بۆ ئێرانی لە سەرە

 

 ئارەزوو ئەلیاسی

 

 

بەپێی هەواڵێكی ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ: هاووڵاتییەکی خەڵکی کرماشان  بەناوی ئارەزوو ئەلیاسی ،کە وەکوو پەناخواز رووی لە وڵاتی سویس کردووە، دوای ئەوەی کە داوای پەنابەرییەکەی ڕەد کراوەتەوە، مەترسی دیپۆرتکرانەوە بۆ ئێرانی لە سەرە.

 

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کچێکی لاوی خەڵکی کرماشان بە ناوی “ئارەزوو ئەلیاسی” کە لە ساڵی ٢٠١٥ وەکوو پەناخواز رووی لە وڵاتی سویس کردووە، دوای پێنج ساڵ بۆ چەندەمین جار ئیدارەی پەنابەرانی ئەو وڵاتە وڵامی ڕەدی بە ناوبراو داوەتەوە.

 

ئارەزوو ئەلیاسی تەمەن ٢٢ ساڵ، ڤیدیۆیەکی بڵاو کردووەتەوە کە تێیدا دەڵێت: “ئیدارەی پەنابەری سوئیس ڕۆژی ٣١ی جولای (مانگی حەوتی زایینی) وەکوو ڕۆژی دیپۆرتکرانەوەی دیاری کردووە و ئەو بڕیارەیان بە فەرمی بە من ڕاگەیاندووە.”

 

 ئەو هاووڵاتییە کوردە ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان (حدک) بووە و پێشتر چەندین جار بە هۆی چالاکییەکانی باوکیەوە کە کەسێکی سیاسی بووە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کرماشانەوە بانگ و لێپرسینەوەی لێ کراوە و لە ەئگەری دیپۆرتکرانەوەی گیانی بەرەوڕووی مەترسی دەبێتەوە.

 

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین چالاکی سیاسی کورد لەلایەن وڵاتانی ئەورووپایی بۆ ئێران دیپۆرت کراونەتەوە کە یەکێکیان گیانی لە دەست داوە و چەند کەسیان چارەنووسیان نادیارە.

 

هەر بۆیە، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەو هەوڵەی حکوومەتی سویس مەحکووم دەکات و داوا لە هەموو چالاکان و ناوەندەکانی ماف مرۆڤ دەکات کە هەموو هەوڵی خۆیان لەمەڕ ڕێگری کردن لە دیپۆرت کردنەوەی ناوبراو بخەنە گڕ.

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved