داگیرکاری تورکیاو هەڵوەشانەوەی قەوارەی هەرێم !

 

 

ئارێز عه‌بدوڵا

 

قەوارەی هەرێم بۆ گەلی کوردستان هێندە گرنگە دەبێ هەموومان وەک بیلبیلەی چاو بیپارێزین، بەڵام پاراستنی ئەو قەوارەیە هەر تەنیا بەپێی پێویستیی و حەز و نزا ناکرێ، بەڵکو دەبێ حکومەت و لایەنە سیاسیەکان هەموو رێکارەکانی ئەو پێویستییە بگرنەبەر.

ئێمە باش لە سیاسەت و ستراتیژیەتی دەوڵەتی تورک تێدەگەین، پیلان و کردارەکانیشی لەناو خودی تورکیاو لە رۆژئاڤا و باشور هێندە زەقن شرۆڤەکردنی ناوێ. لەبەر ئەوەی تا ئێستاش بۆی چۆتەسەر رۆژ دوای رۆژ پیلان و پلانەکانی لە دژی مافە رەواکانمان گەورەتر و چڕتر دەکاتەوە.

 

چەندین ساڵە لە زەوی و ئاسمانەوە بۆردومانی ناوچە سنورییەکان دەکا و بەو هۆیەشەوە وێڕای شەهید و بریندار بوونی سەدان هاوڵاتی سڤیل، دەیان گوندیشی خاپور و وێران کردون، بەڵام هێرش و پەلامارەکانی ئەمجارەی هەر تەنیا سەربازی نین، بەڵکو مەرامێکی سیاسی گەورەتریشی هەیە. بۆ ئەو مەرامەشی:

 

١- بەهەر شێوەیەک و هەر هۆکارێک بێ ئەمریکای بێ دەنگ کردوە.

٢- لەگەڵ ئێران هەماهەنگی هەیە.

٣- بارودۆخی نالەباری عێراقی قۆستۆتەوە.

٤- ئەگەر بەڕێککەوتن بێ، یان نا حکومەتی هەرێمی بێ دەنگ کردوە.

 

ئەو داگیرکاری و پەلامارانەی تورکیا ئەگەر لەلایەک پێشێلکردنی یاسا نێودەڵەتیەکان و سەروەری خاکی عێراق و هەرێم بێ، لەلایەکی دیکە ئەوەندەی بۆ دوارۆژی خودی ئەو هەرێمە بێدەنگە مەترسیدارە هەرگیز هێندە بۆ پەکەکە نا، چونکە:

 

- مانەوەی هێزەکانی تورکیا دەبێتە دومەڵێکی شێرپەنجەیی سەر جەستەی هەرێم.

 

- بێ دەنگ بوونی حکومەتی هەرێم لە ئاست ئەو داگیرکاری و پێشێلکاریانەی تورکیا هانی حکومەتی عێراق دەدا کە هێزەکانی بەرەو ناو هەرێم و ناوچە سنورییەکان بجولێنێ.

 

- ئێستا لە ناوەندە سیاسی راگەیاندنەکانی عێراق دەنگێکی گەورە دەبیسترێ کە دەڵێن: بۆچی حکومەتی هەرێم رێگە بە سوپای داگیرکەری تورکیادەدا، بەڵام رێگە بە سوپای نیشتیمانی عێراقی نادا؟!

 

کەواتە هەبوونی هێزەکانی تورکیا لەسەر خاکی کوردستان مەترسیدارە و لە دوا رۆژیشدا ئەگەر لە لایەن عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە ناچاریش بە پاشەکشەکردن بکرێ، ئەوا بەبێ گەڕانەوەی هێزەکانی عێراق ناوچەکە چۆلناکا و گەرەترین بیانوشی داوەتە دەست ئەو عێراقەی کە دوای خەبات و قوربانیدانی سەد ساڵەی گەلەکمان ئەم هەرێمەمان لێ وەدەستهێناوە، ئەمڕۆش ئەو بە نوێژی نیوەڕۆ ستراتیژیەتی هەڵوەشاندنەوەی جێبەجێ دەکا.

 

بە دڵنیاییەوە پێشێلکاری و سیاسەتە دوژمنکارانەی تورکیا ئاییندەی قەوارەی هەڕێم بەرەو هەڵوەشاندنەوە دەبا. بۆیە بێ دەنگبوون لێی لە خیانەتی نیشتیمانی بترازێ هیچی تر نییە.

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved